کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکدانی گڵکۆی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکان

10:34 - 11 پووشپەڕ 2723

گڵکۆی کاک سەعد ئەیووبی، ئەندامی حیزبی دێموکرات و خەڵکی شاری بۆکان کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دابوو، لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە تێک دراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری بۆکان، گڵکۆی کاک ''سەعد ئەیووبیـ''ـیان لە گۆڕستانی شاری بۆکان شێواندووە و تێکیان داوە، بەڵام گڵکۆکەی لەلایەن خەڵکی نیشتمانپەروەروە چاک کراوەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۶ی پووشپەڕی ۱۴۰۲ی هەتاوی، کاک "سەعد ئەیووبی"، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات و زیندانیی سیاسیی پێشوو، هاوڕێ لەگەڵ هاوژینەکەی، خاتوو "کەژاڵ ئەیووبی"، لە ڕێگای بۆکان ـ مەهاباد تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون و بەداخەوە هەردووکیان گیانیان لەدەست دا.

کاک "سەعد ئەیووبی" وێڕای ئەوەیکە یەکێک لە ئەندامە چالاک و تێکۆشەرەکانی حیزب بووە، هاوکات لەنێو خەڵکی بۆکاندا وەکوو کەسایەتییەکی دڵسۆز و وەفادار ناسراو بوو، هەر بۆیە لەلای خەڵک خۆشەویستییەکی تایبەتی هەبوو و ڕێزیان لێ دەگرت.