د. محەممەد حوسێنزادە
تیۆری کەرەسەیەکە بۆ تێگەیشتن لە جیهان. لە سیاسەت و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بە مەبەستی تێگەیشتنی باشتر و وردتر لە دیاردە و ڕووداوەکان و هەروەها بۆ شرۆڤە و ڕوونکردنەوەیان بەپێی واقع، پێویستیمان بە تیۆرییە. هەر بۆیە بە دەیان تیۆری لەم بوارەدا داهێنراون و لێکۆڵەران و شرۆڤەکاران کەڵکیان لێ وەردەگرن. قوتابخانەی ڕیاڵیزم و بەتایبەت تیۆریی ڕیالیزمی نوێ یان ڕیالیزمی پێکهاتەیی کە لە ساڵی ١٩٧٩ لەلایەن کێنێت واڵتزەوە داڕێژرا و لەلایەن زۆرینەی ڕیالیستەکانەوە پێشوازیی لێ کرا هەتاکو ئێستاش بەناوبانگترین و زاڵترین تیۆری سیاسەتی نیونەتەوەییە. لەپاڵ ئەم تیۆرییەدا دەیان تیۆریی دیکە هەن کە ناسراوترینیان بریتین لە لیبرالیزم (بە لقە جیاجیاکانییەوە)، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، قوتابخانەی ئینگلیزی، تیۆریی کۆنستراکتیڤیزم، تیۆرییە ڕەخنەییەکان، فێمینیزم و پۆست مودێرن.
تیۆریی فێمینیزم کە من دەمەوێت لێرەدا باسی بکەم وەک تیۆرییەکی ڕەخنەگرانە پۆلێنبەندی دەکرێت، بەتایبەت گریمانەکانی تیۆریی فێمینیزم دژ بە گریمانەکانی تیۆریی ڕیالیزمن. بۆیە زەحمەتە باس لە تیۆریی فێمینیستی بکرێت بەڵام باس لە ڕیالیزم نەکرێت کە فێمێنیستەکان بە تیۆرییەکی "پیاوانە" وەسفی دەکەن. هەڵبەت بە دڵنیاییەوە ناتوانم لێرەدا بە وردی باس لە تیۆریی ڕیالیزم بکەم، تەنانەت ئەم کورتە نووسراوە توانای چوونە نێو وردەکاری و ڕەهەند و لایەنە جیاجیاکانی تیۆرییەکی دەوڵەمەندی وەک فێمینیزمی نییە، بۆیە هەوڵ دەدەم بە شێوەیەکی گشتی و وەک سەردێڕ ئاماژە بە سەرەکیترین گریمانەکانی تیۆری فێمینیستی لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا بکەم و لە هەر شوێنێک پێویست بوو ئاماژە بکەم کە ئەو گریمانانە بەرامبەر چ گریمانەیەکی ڕیالیستی داڕێژراون. هەروەها پێویستە ئەوەش بڵێم کە چەندین ڕوانگەی فێمینیستی وەک فێمینیزمی لیبرال، سۆسیال- مارکسیستی، فێمینیزمی دەروونشیکارانە و پۆست مودێڕن هەن کە من ناپرژێمە سەر ئەو جیاوازییانە و وەک گوتم تەنیا هەوڵ دەدەم گریمانە هاوبەشەکانیان باس بکەم. بەم پێشەکییە باسە سەرەکییەکەم دەست پێ دەکەم.
تیۆریی فێمینیزم کە وەک گوتم زیاترین ڕەخنە لە ڕیالیزم دەگرێت، لەم ساڵانەی دواییدا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان داناوە. خاڵی دەستپێکی ئەم تیۆرییە ئەوەیە کە دەڵێت، تا ئێستا تیۆرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و لەوانە تیۆرییەکانی تایبەت بە سیاسەت و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان هەموویان "پیاوانە"ن و پیاوان نووسیویانن و لە چاویلکەی پیاوانەوە دەڕواننە پرسەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و لە ئاراستەی بەرژوەندیی پیاواندان. ژنان نە لە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی سیاسەت و نە لە سیاسەتی نێونەتەوەیی کردەییدا جێگەیەکیان نییە و پەراوێز خراون. ئەوان دەڵین کە سیاسەتی نێونەتەوەیی لێوانلیوە لە توندوتیژیی پیاوانە. هەر بۆیە هەوڵ دەدەن پرسی جیندەر (Gender) بێننە نێو شرۆڤە و ڕوونکردنەوەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و لەو بڕوایەدان بە هێنانی ژنان بۆ نێو سیاسەت تێگەیشتنێکی باشتر و وردترمان لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەبێت، بۆیە پێویستە ڕۆڵی ژنان لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بە هێند وەربگیردرێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا فێمینیستەکان ڕوانگەی خۆیان سەبارەت بە چەمکە سەرەکییەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و لەوانە چەمکی دەوڵەت، حاکمییەت یان سەروەری و سەربەخۆیی، ئانارشی، هاوکاری، بەرژوەندییە نیشتمانییەکان، شەڕ و ئاشتی خستووەتە ڕوو. بۆیە باسکردن لەم چەمکانە لە ڕوانگەیەکی فمێنیستییەوە باشترین شێوازە بۆ تێگەیشتن لە تیۆریی فێمینیستی. چونکە نێوەڕۆکی تیۆرەکەیان وەک باقی تیۆرەکانی دیکە لەسەر ئەو چەمکانە دانراوە.
بۆ نموونە هەم ڕیالیزم و هەم لیبرالیزم وەکوو دوو تیۆریی سەرەکیی سیاسەتی نێونەتەوەیی پێیان وایە پێکهاتەی سیستەمی نێونەتەوەیی پێکهاتەیەکی ئانارشیکە (Anarchic Structural). مانای ئانارشیی نێونەتەوەیی ئەوەیە کە بە پێچەوانەی نێوخۆی وڵاتان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەسەڵاتێک لە سەرەوەی دەوڵەتەکان نییە کە ئاسایش و ئەمنییەتی دەوڵەتەکان بپارێزێت. ئەمە چەندین لێکەوتەی هەیە:
یەکەم ئەوەی کە دەوڵەتەکان هەوڵ دەدەن یان لە ڕێگەی هاوسەنگیی نێوخۆیی و خۆیارمەتی (گەڕانەوە بۆ تواناکانی خۆیان) یان لە ڕێگەی هاوسەنگیی دەرەکی لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە هاوپەیمانێتییەکاندا مانەوەی (Survival) خۆیان مسۆگەر بکەن. دووەم، گرنگترین لایەنی هێز لەم پێکهاتەیەدا هێزی ماددییە (هێزی سەربازی و ئابووری). هەروەها دەوڵەتەکان گرنگییەکی زۆر بە سەروەری و سەربەخۆیی دەدەن و ڕێگە نادەن هیچ ڕێکخراوەیەکی جیهانی و باقی دەوڵەتەکان لە کاروباری نێوخۆییاندا دەستتێوەردان بکەن.
ئەوان دەڵێن دەوڵەتەکان ئەکتەری سەربەخۆن کە دەستتێوەردان لە کاروباری نێوخویی یەکتردا ناکەن و هەر دەوڵەتێک پێش هەموو شتێک هەوڵی دابینکردنی بەرژوەندییەکانی خۆی دەدات. لەم سیستەمەدا دەوڵەتەکان دەتوانن ئازادانە بڕیار بدەن بچنە نێو هاوپەیمانێتییەکان یان لێیان بکشێنەوە. هەروەها ڕیالیستەکان پێیان وایە سیاسەتی نێوخۆیی و سیاسەتی دەرەکی بە تەواوەتی لێک جیاوازن و لیبرالیستەکانیش تا ڕادەیەک ئەو گریمانە قەبووڵ دەکەن. هەروەها شەڕ وەک تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی سیاسەتی نێونەتەوەیی سەیر دەکرێت کە هۆکارە سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندیی ئانارشیبوونی پێکهاتەی نێونەتەوەیی. بەرژوەندییە نیشتمانییەکانیش وەک هێز پێناسە دەکرێن. بۆ نموونە مۆرگێنتا کە وەک داهێنەری تیۆریی زانستیانەی ڕیالیزمیی سیاسی ناسراوە، دەڵێت: بەرژوەندییە نیشتمانییەکان بەپێی هێز و بەتایبەت هێزی سەربازی پێناسە دەکرێن (هێز یانی بەرژوەندی و بەرژوەندی یانی هێز).
فێمینیستەکان تەحەدای هەموو ئەو گریمانانە دەکەن. بە تایبەت فێمینیستە لیبرالەکان لەو بڕوایەدان هەردوو گریمانەی سەرەکی، واتە ئانارشیبوونی پێکهاتەی نێونەتەوەیی و حاکمییەت یان سەروەری/ سەربەخۆیی دەوڵەتان زیاتر دەرخەری ڕوانگەی پیاوانەن بۆ سیاسەتی جیهانی. هەروەها پێیان وایە شەڕ تایبەتمەندی سرووشتی و هەمیشەیی پێکهاتەی نێونەتەوەیی نییە و دەکرێ ڕێگری لە سەرهەڵدانی شەڕەکان بکرێت. ئەوان دەڵێن هەندێ هۆکاری نێوخۆیی وەک پەیوەندییە ئابوورییەکان، سیاسەتی نێوخۆیی و ڕەگەزپەرەستی و هتد دەتوانن هۆکاری شەڕ بن. بۆیە بە سڕینەوەی هۆکارەکانی شەڕ، شەڕیش ڕوو نادات. ئەوان پێیان وایە ئەو ڕێکخراوە و ئەنجومەنانەی کە بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ و جێگیرکردنی ئاشتی لە ئاستی نیونەتوەییدا چالاکی دەکەن لەکۆتاییدا دەتوانن شەڕ ڕیشەکێش بکەن.
فێمینیستەکان دەڵێن ئەو تیۆرانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێزی سەربازی گرنگترین جۆری هێزە و دەوڵەتەکان دەبێ هەوڵ بدەن بەردەوام پەرە بە هێزی سەربازی خۆیان بدەن، تیۆریی پیاوانەن، چونکە کاروباری سەربازی زیاتر پەیوەندی بە پیاوانەوە هەیە. بە بڕوای ئەوان پەلاماردان و توندوتیژیی تایبەتمەندییەکی پیاوانەیە. بەپێچەوانەوە ژنان نەرمونیان و ئاشتیخوازن. ئەوان دەڵێن هێز لە کەرەسە و چەکوچۆڵی سەربازیدا نییە، بەڵکوو هێز لە توانای قایلکردن و قەناعەتپێهێناندایە.
فێمینیستەکان دەڵین ئاسایشی نیشتمانی نە بە گەڕانەوەی هەر وڵاتێک بۆ تواناکانی خۆی و بە شێوەی هاوسەنگیی نێوخۆیی دابین دەبێت و نە لە ڕێگەی بەشداریکردن لە هاوپەیمانێتییە سەربازییەکاندا، بەڵکوو بە هاوکاریی هەموو دەوڵەتەکان ئاسایش بۆ هەمووان دابین دەبێت. لەم ڕوانگەوە، ئاسایشی نیشتمانی دەبێ وەک ئاسایشی هاوبەش بۆ هەموو دەوڵەتەکان پێناسە بکرێت نەک وەک ئاسایشی یەک دەوڵەت و هەوڵدانی ئەو دەوڵەتە بۆ دابینکردنی بەروژەوەندیییەکانی خۆی. ئەوان پێیان وا نییە تەنیا بە نەبوونی هەڕەشەی سەربازی ئاسایشی وڵاتێک دابین ببێت، بەڵکوو دەڵێن ئاسایش یانی سڕینەوە یان کەمکردنەوەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و مەترسییەکان وەک چەوساندنەوەی ڕەگەزی و کەمکردنەوەی هەڕەشەکان لەسەر ژینگە و سڕینەوەی هەژاری کە ئەمەیان کاریگەریی زۆر خراپ لەسەر ژنان دادەنێت. هەر لەم سۆنگەوە، بەرژوەندییە نیشتمانییەکانیش بەپێی هێز پێناسە ناکرێن، بەڵکوو ئەو بەرژوەندییانە سرووشتیكی فرەچەشن و چەند ڕەهەندییان هەیە. سەبارەت بە باشترین شیوازەکانی دابینکردنی بەرژوەندییەکانیش، بەپێچەوانەی ڕیالیستەکان کە پێیان وایە دابینکردنی بەرژوەندییەکان پیویستی بە خۆبەهێزکردن هەیە، فێمینیستەکان پێیان وایە لە جیهانی ئێستادا دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان پێویستیی بە هاوکاریی بەربڵاوی نێونەتەوەیی هەیە و بە هۆی هاوکاریی دەوڵەتەکان تەنانەت نەک هەر بەرژوەندیی هەموو لایەنەکان دابین دەبێت، بەڵکوو زۆرێک لە کێشە جیهانییەکان و لەوانە مەترسی شەڕی ئەتۆمی و لەنێوچوونی ژینگە چارەسەر دەکرێن.
سەبارەت بە سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتانیش فێمێنیستەکان ئیدیعای ئەوە دەکەن ئەو پێناسەیەی لە سەربەخۆیی دەکرێت، پێناسەیەکی پیاوانەیە و دوورە لە ڕاستی. چونکە بە گشتیی پیاوان پێیان باشترە بە شێوەی سەربەخۆ و بە شیوەی تاکەکەسی لەگەڵ پرسەکان مامەڵە بکەن نەک بە شیوەی هاوکاری لەگەڵ یەکتر. بە دەربڕینێکی ڕوونتر، فێمینیستەکان لەو بڕوایەدان کە کاتێک تیۆرییە پێشووەکان سیستەمی نێونەتوەیی بە سیستەمێکی پێکهاتوو لە دەستەیەک ئەکتەری سەربەخۆ (دەوڵەتەکان) پێناسە دەکەن کە نابێ لە کاروباری یەکتردا دەستتێوەردان بکەن و کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی خۆیان بکەن، ئەمە خۆی هەڵگری ڕوانگەیەکی پیاوانەیە.
ئەوان دەڵێن بۆ نموونە پرسی جێبەجێکردنی مافی مرۆڤ زۆر گرینگترە لە سەربەخۆیی دەوڵەتان و ناکرێت دەوڵەتەکان بە بیانووی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی سنوورەکانیاندا پێشێل بکەن، ئەگەر وڵاتێک مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرچاو پێشێل بکات، تەنانەت ڕەوایە کە دەستێوەردان لە کاروباریدا بکرێت و ئەو وڵاتە ناچار بە جێبەجیکردن و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بکرێت.
فێمێنیستەکان دژی جیاکاریی نێوان سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکین و پێیان وایە ئەو جیاوازییەی ڕیالیستەکان لەنێوان سیاسەتی نیونەتوەیی (ئانارشی/هیرارکی) و سیاسەتی نێوخۆیی (پلەوپایەیی) دایدەنێن، وەک ئەو جیاوازییەیە کە پیاوان بۆ جیاکردنەوەی بواری گشتی (پیاوانە) و تایبەتی (ژنانە) لە کۆمەڵگەدا دایدەنێن. بەم کارەش ژنان لە کۆمەڵگە پەراوێز دەخرێن. هەر لەم چوارچێوەیەدا، فێمینیستەکان دەڵێن ئەوەی کە گوایە تەنیا پیاوان دەبێ لە شەڕەکاندا بەشدار بن و دەوڵەتەکان ئیدارە بکەن و ژنان توانای ئەو کارانەیان نییە، ڕوانگەیەکە کە لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیە دانراوە کە بواری گشتیی و سیاسی زیاتر لەگەڵ پێکهاتەی زەینی و جەستەیی پیاوان دێتەوە، ئەمەش وا دەکات ژنان بۆ بواری تایبەتی و بۆ نێو ماڵەکان دوور بخرێنەوە.
هەروەها لە کاتێکدا کە زۆربەی تیۆرییە پێشووەکان و لەسەرەوەی هەموویانەوە تیۆریی ڕیالیزم ئەخلاقی سیاسی لە ئەخلاقی تاکەکەسی جودا دەکاتەوە و بیرمەندانی ڕیالیزم بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەخلاق ڕۆڵێکی ئەوتۆ لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا ناگێڕێت، فێمێنیستەکان بەپێچەوانەوە پێیان وایە ناکرێت بەئاسانی ئەخلاق لە ڕەفتاری سیاسی جیا بکرێتەوە، چونکە زۆربەی ڕەفتارە سیاسییەکان لە ڕووی ئەخلاقییەوە گرینگن. هەروەها دەڵێن ناکرێت چوارچێوەی ئەخلاقیی دەوڵەتێکی تایبەت (بۆ نموونە ئەمریکای لیبراڵ) وەک پڕەنسیپێکی گشتیی جیهانی سەیر بکرێت. بەپێچەوانەوە فێمینیستەکان هەوڵی دۆزینەوەی پڕەنسیپە ئەخلاقییە هاوبەشەکان لە نێوان نەتەوە جیاوازەکاندا دەدەن و پێیان وایە ئەو هەوڵەیان دەتوانێت وێڕای کەمکردنەوەی کێبڕکێ و ململانێ نێونەتەوەییەکان و بەهێزکردنی کۆمەڵگەی نیونەتەوەیی (لە جیاتی سیستەمی نێونەتەوەیی) لە ڕووی تیۆرییشەوە یارمەتیدەری پەرەسەندنی زانستی پەیوەندییە نێونەتوەییەکان بێت.
بەم چەشنە دەبینین کە گرنگترین ڕەخنەی تیۆریی فێمێنیزم لە سیاسەت و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، ڕەخنە لە ڕوانینی پیاوانە و زاڵبوونی ئەو ڕوانینە بەسەر تیۆرەکاندا بووە. فێمینیستەکان وا بیر دەکەنەوە کە پیاوان دەستی باڵایان لە داڕشتنی سیاسەتەکان و بڕیاردان لە سیاسەتی وڵاتاندا هەیە و ژنان زیاتر لە کەناڵە نافەرمییەکان و ناحکومییەکانەوە کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان داناوە، بۆیە ئەو پرسیارە دێننە ئاراوە کە بۆچی ژنان لەم بوارەدا پەراوێز خراون؟ و بۆچی زۆربەی چەمکەکان، مۆدیلەکان و لێکدانەوە و شرۆڤەکان پیاوانەن؟ هەر بۆیە خوازیاری ئەو دەرفەتانەن کە تا ئیستا بە پیاوان دراوە، بۆ ئەوەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بەرەو ئاشتی و ئاسایشی زیاتر بڕوات. ئەوان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئەگەر ژنان دەسەڵات بە دەستەوە بگرن، جیهان بەرەو ئاسایش و هێمنی و کەمتربوونەوەی توندوتیژی دەچێت. چونکە ژنان بە هۆی سروشتی دایکانە و پەروەردە و ڕاهێنان و گەورەکردنی منداڵان و هەروەها لەڕووی مرۆیی و چۆنیەتیی مامەڵەکردنیان لەگەڵ قەیران و پێکدادانەکان زۆر سەرکەوتووتر دەبن لە پیاوان.
هەڵبەت ئەم ڕوانگەیەی فێمێنیستەکان ڕەخنەی توندی لێ گیراوە. بۆ نموونە هەندێک پێیان وایە ژنان و پیاوانی دەسەڵاتدار جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبووە و نابێت و ژنان بەو جۆرەی کە بانگەشەی دەکەن ناتوانن گۆڕانێکی ئەوتۆ لە سیاسەتدا بێننە ئاراوە، چوونکە ئەگەر ئەوانیش دەسەڵات بە دەستەوە بگرن بە هۆی ئەوەی کە دەبێت لە چوارچێوەی بەرژوەندییە نیشتمانییەکان و ئامانجە نەتەوەییەکاندا سیاسەت بکەن، هەر وەک پیاوان هەڵسوکەوت دەکەن. لەم بارەوە بەڵگەی بەهێزیشیان بەدەستەوەیە؛ بۆ نموونە ئاماژە بە سیاسەتەکانی مارگارت تاچێر لە شەڕی ١٩٨٢ی فاڵکلەند، یرا گاندی لە شەڕی ١٩٧١ی هیندستان و پاکستان، گڵدا مایەر لە شەڕی ١٩٧٣ی ئیسرائیل دژی میسر و سووریە، تانسو چیلر لە شەڕی تورکیە دژی کوردەکان و هەروەها کەسانێک وەک بینەزیر بۆتۆ لە پاکستان و کرازان ئاکینۆ لە فیلیپین لە دەیەی ١٩٨٠ دەکەن کە هەوڵیان دا هێزە سەربازییەکان بخەنە ژێر کونتڕۆڵی خۆیان. هەروەها ئانگ سان سوچی، سەرۆکی میانمار کە لە کاتی کۆمەڵکوژیی موسڵمانانی ڕوهینگهای دەسەڵاتی وڵاتەکەی بەدەستەوە بوو، نموونەیەکی بەرجەستەیە کە پێچەوانە ئیدیعای فێمینیستەکانە. تەنانەت خودی فێمینیستە پۆست مودێڕنەکان ڕەخنە لە فێمینیزمی ڕادیکاڵ دەگرن و دەڵێن نابێ زۆر باس لە جیاوازیی تواناکانی ژنان و پیاوان بکرێت. ئەم دەستە لە فێمینیستەکان پێیان وایە توانای ژنان و پیاوان یەکسانە.
هەڵبەت ئەوانیش لە پەراوێزخستنی ژنان و دوورخستنەوەیان لە بڕیاردان سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکانی پەیوەندییە نێونەتوەییەکان ناڕازین، بەڵام باوەڕیان بەوە نییە کە بە دەسەڵاتگرتنی ژنان خێرا گۆرانکاریی بەرچاو و بنەڕەتی لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا ڕوو بدات.
بە هەر حاڵ، تیۆریی فێمینیستی تا ئیستا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان داناوە و جێی خۆی گرتووە. لایەنگرانی ئەو تیۆرە پێشبینی ئەوە دەکەن کە لە داهاتوودا بتوانن ڕێژەی ئەو کاریگەرییە زیاتر بکەن و هەم گۆڕانکاری لە زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا پێک بێنن و هەم بە کردە جیهان بەرەو شوێنێکی ئەمن و ئەمانتر نەک هەر بۆ ژنان بەڵکوو بۆ هەمووان ببەن. بەڵام کێشە ئەوەیە کە هێشتا هەیمەنە و زاڵیتیی ڕیالیزمی سیاسی وەک خۆی ماوەتەوە، بۆیە ناچارین چاوەڕوانی داهاتوو بین بزانین چەندە ئەم پێشبینیەیان ڕاستیوازانەیە!