کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە دەلاقەی خوێندنەوەی د. قاسملووەوە

16:26 - 19 پووشپەڕ 2723

 ڕەزا دانشجوو
  
 
پێشەکی
ناسیۆنالیزم یەکێکە لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی فەرانسە، ڕوانگەیەکی نوێ کە باس لە "سەروەری نەتەوەیی و سەربەخۆیی سیاسی" دەکات.
ناسیۆنالیزمی ڕۆژئاوا دوای شکستی ڕەهای ئایینی مەسیحی لە توانایی کۆکردنەوەی جەماوەر لە سەر بنەمای دین سەری هەڵدا. ڕێنێسانس لە ئورووپا و دەرەنجامی پەراوێزخستنی ئایین بۆشاییەکی گەورەی لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا دروست کرد، لە ڕاستیدا ئایین کە تا ئەوکات وەک فاکتەرێک بۆ لێکنزیکبوونەوەی ئوروپیەکان بەبێ گوێدان بە جیاوازیی زمان و کولتوور باسی لێ‌دەکرا ئیتر بوونی نەما. ئەم بۆشاییە ئایدیۆلۆژییە فەزای گونجاوی بۆ هاتنە ناوەوەی وشەیەکی نوێی بۆ نێو ئەدەبیاتی سیاسیی جیهان لەژێر ناوی ناسیۆنالیزمدا خوڵقاند.
هاتنەسەرکاری ناپلیۆن بۆناپارت پرۆسەی ناسیۆنالیزمی لە ڕۆژئاوا خێراتر کرد، سیاسەت و کردەوەکانی ناپلیۆن لە فەرانسە هەستی ناسیۆنالیستی لە وڵاتانی دیکەدا بۆ نموونە لە ئاڵمان و ئیتالیا وروژاند. سەدەی نۆزدەهەم بە سەردەمی زێڕینی ناسیۆنالیزم ناو دەبرێت. لەم سەدەیەدا ناسیۆنالیزمی ئەمریکی دامەزرا، ویلیام گۆڵدستۆن پەرەی بە ناسیۆنالیزمی ئینگلیزی دا، لە هەمان کاتدا لە ئەمریکای باشوور و نێوەڕاست، بە سەرکردایەتی سیمۆن بۆلیڤار و جۆزێف مارتن، زۆرێک لە کۆلۆنیەکانی پورتەغاڵ و ئیسپانیا سەربەخۆیییان بەدەست‌هێنا. گرنگترین دەستکەوتی شۆڕشی گەورەی فەڕانسە "بەیاننامەی مافی مرۆڤ"ە لە ساڵی ١٩٧١ لە دەستووری ئەم وڵاتەدا کە دژی حوکمڕانی خۆسەپێنە و بەڕوونی باس لە مافی جەماوەر دەکات بۆ دانی بەرپرسیارەتی وڵات بە هەرکەس. پێش شۆڕشی فەرانسە، دەتوانین بڵێین بە جۆرێک لە هزری "ماکیاڤیل"دا باسی ناسیۆنالیزم کراوە. ئەو دەستەواژەی وڵات لە هەموو شتێکی تر بە باڵاتر دەزانێت و هانی گەلی ئیتالیا دەدات بەرژەوەندی نەتەوەیی لە ڕەچاوکردنی ئەخلاقی و ئایینی بە باشتر بزانن. دەکرێ بڵێین بەردی بناغەی یەکەمی حکوومەتی نیشتمانی لەسەر بنەمای بیرۆکەکانی ماکیاڤێلی دامەزراوە.
بەڵام گرنگترین ئامانجەکانی ناسیۆنالیزم لە ئورووپا، وشیاریی نەتەوەیی و ئاگایی نەتەوە له شوناسی خۆی بوو و لەهەنگاوی دواتردا سەروەریی نەتەوەیی و بیرۆکەی ئازادی نەتەوەیی له دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بەرانبەر بە بێگانەکان بوو. بەم شێوەیە میللەت بە سێ سیفەتی سروشتی و پەیوەندیدارەوە لە ئورووپا لەدایک بوو، ئەوانیش (سەروەری، سەربەخۆیی و دەسەڵات)ە. سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم و ئایین لە ئورووپا، پێویستە ئەوە بگوترێ کە: لە بنەڕەتدا، نەتەوە و حکوومەتە نەتەوەییە سەربەخۆکان لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی کەنیسە، کە بەرجەستەی یەکیەتیی سیاسیی ئورووپا بوو، هاتنە ئاراوە، و پەیوەندی ئایینی جێگەی خۆی بە نیشتمانپەروەری و نەتەوەپەرەستی دا. بە گوتەی "ئادەمیت"، "نیشتمانپەروەری هەمان هێزی جوڵاوی مێژوویی دۆزیوەتەوە کە ئایین تا دوێنێ هەیبوو".
 
لە ناسیۆنالیزم ئێرانی هەتا شۆڤێنیزمی فارسی
ناسیۆنالیزم لە ئێراندا یادگاری نەوەی یەکەمی ڕووناکبیرانی ئێرانە. شکستە یەک لە دوای یەکەکانی قاجار لە ڕووسەکان و دەستێوەردانی بەردەوامی ڕۆژئاواییەکان لە کاروباری ئێران، لە ڕاستیدا ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگەیەکی نەریتی و دواکەوتوو لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتە پێشکەوتووەکان و کۆلۆنیالیستە بەریتانی و ڕووسییەکان، گرنگترین پاڵنەری ڕووناکبیرانی ئێرانە لە ڕێگای هەوڵدان بۆ گەیشتن بە شارستانیەتێکی نوێ و دۆزینەوەی هۆکارەکانی دواکەوتوویی ئێران بوون. لە ڕوانگەی زۆرێک لەو ڕووناکبیرانە وەک میرزا ئاغاخان کرمانی، ئاخوندزادە، میرزا مێلکۆم‌خان، گرینگترین هۆکاری ئەم دواکەوتووییە زاڵبوونی بیروبۆچوونی عەرەب و ئیسلام بووه و تاکە ڕێگای دەربازبوون لەم دۆخە گەڕانەوەیە بۆ کولتوور و ئایینی کۆن. ئەم تێڕوانینە ڕووکەشییە و دانپێدانەنان بە جیاوازییەکانی نەریتی- زمانیی کۆمەڵگای ئێران بووە هۆی ڕووداوە نەخوازراوەکانی دواتر.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە تا سەدەی نۆزدەهەم لە ئێراندا شتێک بە ناوی ناسیۆنالیزم لە مانای نوێ (سەروەری نەتەوەیی)دا نەبووە. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە وردە وردە لە لایەن خوێندکارانی ئێرانی لە ئورووپا کە ئاشنای بنەماکانی ئازادی و حکوومەتی نەتەوەیی لە ئینگلیس و بیری پەیڕەوانی شۆڕشی فەرانسە بوون، بۆ ئێران گواسترایەوە. جگە لەمانە، ڕۆژنامە و گۆڤاری بیانی، کە لەلایەن ئینگلیزی "ئیدوارد بێرگێس"ەوە وەرگێڕدراون و گەیشتوونەتە بۆچوونی ناسرەدین شا، کە تیایدا هەواڵەکان سەبارەت بە "مازینی" و بزووتنەوەی ئازادیی ئیتالیا خراونەتە ناوەوە.

مەشرووتە خاڵی وەرچەرخانە لە پێناسەکردنەوەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی ئایینی-نەتەوەیی، شتێکی تەواو جیاواز لەوەی کە زۆرێک لە ڕووناکبیرانی ئێران بەدوایدا دەگەڕان. ئەو مەشرووتەی کە بە پشتیوانیی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی ئێران وەک ڕووناکبیران، بازرگانان، پیاوانی ئایینی و خەڵکان جیاوازی کۆمەڵگە پێک هات، ئامانجی سەرەکیی ڕوخاندنی سیستەمی ستەمی ڕەها و دامەزراندنی حکوومەتێکی نەتەوەیی بوو. لە ڕاستیدا ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر لە مەشرووتەدا دیارە، بەرەنگاربوونەوەی نفووزی دەرەکییە لە کاروباری نێوخۆی ئێراندا. بەداخەوە بەهۆی نەتوانینی پێناسەکردنی ڕاستییەکانی کۆمەڵگە، ئاکامی مەشرووتە دیکتاتۆریی ڕەزاخانی بوو. ئاکامه شۆڕشی مەشرووتە و داخوازیی مۆدێرنیزم و یاساگەرایی، لەبری ئەوەی پێشکەوتن بێت، هۆی تێکچوون و دواکەوتوویی بوو. 
لە سەردەمی پەهلەویی یەکەمدا، بە هاوکاریی ژمارەیەک لە ڕووناکبیرانی ڕۆژئاواپەرەست بە دروشمی گەڕانەوە بۆ سەردەمی کۆن، قۆناغێکی نوێی ناسیۆنالیزم دروست بوو. مۆدێرنیزمی دەستووریی ڕەزاخانی، کە بە ئامانجی ئاسمیلەکردنی کولتووری و لەنێوبردنی جیاوازییە کولتووری-زمانییەکان لە ژێر بیرۆکەی یەک نەتەوە-یەک زمان، بوو بە هۆی سڕینەوەی بەشێکی زۆر لە ڕاستیەکانی کۆمەڵگە و، سەرەتای لەنێوبردنی هەمەجۆریی زمانەوانی و کولتووری ئێرانی. دیکتاتۆریی پەهلەوی لەنێو قسەی ڕووناکبیرانی ناسیۆنالیستی وەک سادق هیدایەت، سەید حەسەن تەقیزادە، یان شاعیرانی وەک میرزادەی عەشقی و فەرۆخی یەزدی سەری هەڵدا. هەرچەند دواتر ئەم ڕووناکبیرانە خۆیان بوونە گەورەترین نەیاری دیکتاتۆریی پەهلەوی. لە ڕاستیدا دەکرێ بزووتنەوەی فکری لەم قۆناغەدا بە سەر دوو گرووپدا دابەش بکرێت، زۆرینە ئەوانەی بە دوای ناسیۆنالیزمێکی گشتگیر بوون و کەمینە ئەوانەی لەژێر ناوی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەردا بوون بە هاوڕێی دیکتاتۆریی پەهلەوی. ناسیۆنالیزمێکی کوێر کە بە هۆی نەناسینی تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانەوە هەرگیز نەیتوانی بچێتە نێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانەوە و هەمیشە سەرەڕای تاقمێک دروشمی پووچ و بێ‌بنەما لە پەراوێزدا مایەوە. ناسیۆنالیزمێک کە بڕیار بوو فاکتەرێکی بەهێز دژی کاریگەریی کۆلۆنیالیستەکان بێت، بە سڕینەوەی فرەچەشنیی زمانەوانی و کولتووری لە ئێراندا بوو بە فاکتەری سەرەکیی کاریگەریی زۆرتری زلهێزە جیهانیەکان. ئەم ناسیۆنالیزمە جگە لە تاقمێک دروشمێکی بێ‌بنەما کە کوێرانە لاسایی ڕۆژئاوا دەکردەوە و پلانێکی خام و ناپێگەیشتوو جێبەجێ دەکرد، هیچ شتێکی تری بۆ گوتن نەبوو. لابردن و لەنێوبردنی دامەزراوە دیموکراسییەکان و سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی ڕەهای دیکتاتۆر تاکە دەستکەوتی ئەم بزووتنەوەیە بوو.
دەکرێ سەردەمی ڕەزاخان وەک کۆتایی‌هاتنی فرەچەشنی فەرهەنگی و زمانی ئێران و لە ڕاستیدا داکشانی سەرزەویەک کە بۆ چەندین سەدە شوێنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران بوو، سەیر بکرێت. وەک گوترا، لاساییکردنی کوێرانە و هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەی نوێ بە هەر شێوەیەک و لە ڕاستیدا بە لەنێوبردن و سڕینەوەی هەموو ئەو نۆرمانەی کە بۆ چەندین سەدە وەک بناغەی پێکەوەژیان قبووڵ کرابوون، بووە هۆی دژایەتییەکی پێکهاتەیی لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم خاکەدا. هەڵبژاردنی ناوی ئێرانیش بۆ ئەم خاکە زیاتر بۆ نەهێشتنی جیاوازییە کولتوورییەکان بووە نەک بۆ نزیکیی نەتەوەکانی ئێرانی. دروستکردنی زۆرەملێ کۆمەڵگەیەکی یەکڕەنگ و یەکزمان و...! 
لە درێژەدا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە ئاماژە بە بەشێک لە وتارەکەی سەعید نەفیسی، ئەو کەسەی ناوی ئێرانی بۆ ئەم خاکە هەڵبژاردووە دەکەین کە لە ڕۆژنامەی "ئیتلاعات" و چەند ڕۆژێک دوای ئەم ڕووداوە بڵاو بۆتەوە. سەعید نەفیسی دەنووسێت:
"لای زانایان و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتناسان بۆتە باو کە لە وشەی ئێران بۆ هەموو زانست و شارستانییە کۆن و نوێیەکانی وڵاتان و ڕەگەزەکان کەڵک وەرگرن و... ئەم وشەیە هەموو شارستانیەتەکانی ئێرانی ئەمڕۆ، ئەفغانستان، بەلوچستان، تورکستان (تاجیکستان و ئۆزبەکستان و تورکمانستانی ئەمڕۆ) و قەفقاز و کوردستان و ئەرمەنستان و گورجستان و باکووری ڕۆژئاوای هیندوستان دەگڕێتەوە و 
وەک ناوێکی گشتییە بۆ هەموو وڵاتانی ئێرانی و ناوێکی تایبەتە بۆ وڵاتێک دێت کە سنوورەکانی لە دەرئەنجامی لەشکرکێشییەکانە لەلایەن وڵاتانی بیانی لە باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ناوەڕاستدا لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا دیاری کرا."
لە نووسینەکەی سەعید نەفیسی بەڕوونی دەردەکەوێت کە وشەی ئێران تایبەتە بە خاکێکی بەرفراوان و لە ڕاستیدا ناوچەیەکی شارستانییە بە جیاوازیی زمانەوانی و کولتووری . نەفیسی باس لە وڵاتانی ئێرانی دەکات نەک وڵاتی ئێران کە خۆی و ئەربابەکەی لەژێر دروشمی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەر لەنێویان برد.

 
حکومەتی خۆجێیی و ئێرانی فیدراڵ 
نەمر دوکتور قاسملوو بە زانینی ئەو ڕاستییە و بۆ وەبیرهێنانەوەیە ئەم ڕاستییە مێژووییە زۆرجار باس لە ڕێزگرتن لە "جیاوازیی کولتووری-زمانی" دەکات. دوکتور قاسملوو باسی ئێران دەکات، بەڵام ئێرانەکەی تەواو جیاوازە لە ئێرانی پاوانخوازە فاشیستەکان. باسی ئۆتۆنۆمی دەکات، بەڵام خۆی بە بەشێک لە شارستانییەتی ئێرانی دەزانێت، شتێک کە مێشکی بچووکی تاقمێک شۆڤێنیست ناتوانێت لێی تێ‌بگات. ئەوەی دوکتور قاسملوو باسی دەکات ئەوەیە کە سەعید نەفیسی بەئاشکرا لە نووسینەکەیدا دانی بەوەدا ناوە، کۆمەڵێک حکومەتی خۆجێیی سەربەخۆ بەڵام یەکگرتوو لە چوارچێوەی یەک ئیمپراتۆریەتێکدا. 
شەهید قاسملوو، تەنها چەند کاتژمێرێک پێش شەهیدبوونی، لەگەڵ بکوژانی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی باس لە ئەگەری پەیوەستبوون و هاوپەیمانی کوردانی عێراق و تورکیە لە چوارچێوەی یەک هاوپەیمانیی ڕاستەقینەدا دەکات. لە تێڕوانینی دوکتور قاسملوودا، ئەم شارستانییەتە کۆنە دەتوانێت لە سەر بناغەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە جیاوازەکانی دووبارە دابمەزرێت. لە ڕاستیدا ئەمە هەمان وڵاتانی ئێرانین کە ساڵانێکە لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریەتێک کە لەسەر بنەمای فرەچەشنی زمانی-کولتووری دامەزراون، شانبەشانی یەکتر ژیاون. ئێرانی دوکتور قاسملوو بەقەد زانست و زانیارییەکانی گەوره و هەمەچەشنە.
لای نەمر دوکتور قاسملوو باس و گفتوگۆ هەمیشە کراوەیە، لە سەر ئەو باوەڕە سوورە کە زیندووکردنەوەی ئەم شارستانییەتە کۆنە بەتەنها بە کورد ناکرێت، هەرکات باسی خەبات و تێکۆشان دەکات، داوای پەیوەستبوون لە هەموو ئەو کەسانە دەکات کە باوەڕیان بە دێموکراسی هەیە. هێڵی سووری نە کەسێکی دیاریکراو، بەڵکو ئەم بیرۆکە پاوانخوازەیە کە نایهەوێت جیاوازییەکان ببینێت.
ئێرانی فاشیستەکان بە واتای چەند پارێزگایەکی نێوەڕاستی فارسی زمان لە فەلاتی ئێران دێت، ئێران لە چاوی دوکتور قاسملوو بە واتای ناوچەیەک فراوان لە هیندستانەوە تا میزۆپۆتامیایە، هەمەچەشن، بەرفراوان. بە دڵنیاییەوە وەها سەرزەوێک بە بیرکردنەوەی دۆگماتیک و تۆتالیتاری بەڕێوە ناچێت.
تاکە ڕێگاچارە گەڕانەوەیە بۆ حەقیقەتی شارستانییەتی ئێرانییە، ئەم خاکە هەمیشە بە پشتیوانی و ڕێزگرتن لە حکومەتە خۆجێیەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی بەڕێوە بردراوە. فیدراڵیزم وەشانی ئەمڕۆی ئەم فۆرمەی حوکمڕانییە و تاکە چارەسەرە بۆ پاراستنی دەسەڵات و شکۆمەندی ئەم خاکە و هاوکات ڕێزگرتن لە هەموو جیاوازییە زمانی کولتوورییەکانە.