خەڵکی شاری مەهاباد لە پێشوازیی لە تەرمی شەهید "پەیمان گەڵوانی"، تەمەن ٢٤ساڵ و خەڵکی مەهاباد کە لەژێر ئەشکەنجەی هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەییدا شەهید بوو بە دروشمی شۆڕشگێڕی و دژی داگیرکەر هاوخەمیی خۆیان بۆ بنەماڵەی ئەو شەهیدە دەربڕی وتووڕەیی و بێزاریی خۆیان لەو ڕێژیمە نیشان دا.
شەوی ١٩ی پووشپەڕی ساڵی ی ١٤٠٢ هەتاوی، لە کاتی پێشوازییکردن لە تەرمی شەهید پەیمان گەڵوانی، کە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕێژیمدا شەهید بوو، خەڵکی شاری مەهاباد بە دروشمگەلی وەک "شەهید نامرێ، قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە، کاک پەیمان قارەمانە شەهیدی کوردستانە'' و چەندین دروشمی دیکە ناڕەزایەتیی توندی خۆیان بەو کردەوە نامرۆڤانەیەی ڕێژیم دەربڕی.
جێگای ئاماژەیە پەیمان گەڵوانی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە مەهاباد بە لێدان و سووکایەتیی دەسبەسەر دەکرێ و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دەگوازرێتەوە و پاشان بەهۆی ئەشکەنجەی توندی جینایەتکارانی خامنەیی ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕ، لە نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری ورمێ شەهید بوو.
شایانی باسە کە هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ هەواڵدەری و سەرچاوەیەک لەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ناوبراو و هۆکاری دەسبەسەرکردنی زانیارییەکیان نییە.