کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە پیرانشار

10:42 - 11 پووشپەڕ 2723

ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی کاک خدر عەلیزادە، کوڕی سولەیمان، خەڵکی گوندی گردەبن سەر بە شاری پیرانشار، ڕێکەوتی ٦ی پووشپەڕ، کۆچی دوایی کرد.

کاک خدر عەلیزادە، لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوییەوە پێوەندیی تەشکیلاتیی لەگەڵ حیزبی دێموکرات هەبووە و بۆ ماوەی ١٥ ساڵ ئەندامی حیزب بووە.

ناوبراو ٢٤ی خەرمانانی ساڵی ٩٤ لەگەڵ خوالێخۆشبوو سوڵتان بادپەڕ دەسەبەسەر کرا و ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا کە  دوو ساڵ و نیو لە سزاکەی لە زینداندا بوو.

دوای هاتنە دەرەوە لە زیندان، کاک خدر عەلیزادە بە شێوەی گوماناوی و لەناکاو تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو و ڕێکەوتی ٦ی پووشپەڕی ئەمساڵ، بەیانییەکەی بە مردوویی لە ماڵی خۆیدا دۆزراوەتەوە، بەڵام دوای توێژینەوە لەلایەن پزیشکی یاسایی لە شاری ورمێ، هۆکاری مردنی ناوبراو بە جەڵتەی دڵ لەقەڵەم دراوە.

کاک خدر عەلیزادە برازای شەهید خدر عەلینژاد، پێشمەگەری حیزبی دێموکراتە کە سەر بە هێزی ئاوارە بوو و لە شەڕ و دەرگیری لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی تیکاب، وێڕای ٨ هاوڕێی دیکەی، شەهید بوون. 

کاک خدر، مەینەتی و چەرمەسەرییەکی زۆری لەسەر ڕێبازی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی بینی و هەموو ژیانی بەختی ئەم ڕێگایە کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک خدر عەلیزادە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.