کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕشی ژینا، هەنگاوێک بەرەو پێش و چەند هەنگاو بەرەو دوا

16:43 - 20 پووشپەڕ 2723

نەهیە خۆشکەلام

هەموو شتێک لە ئارامستانی ئایچی دەستی پێ کرد، لەو کاتەوە کە لە سەر کێلی مەزاری ژینا نوسرا (ژینا گیان تۆ نامری ناوی تۆ دەبێتە ڕەمز). لەو کاتەوە کە ژنەکان سەرپۆشەکانیان لە سەر لابرد و بە دروشمی ( ژن، ژیان، ئازادی) ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی. لە سەر شەقامەکانی ڕۆژهەڵات شۆڕشێک خوڵقا و بەرپا کرا کە زۆر کەسی تووشی سەرسوڕمان کردبوو، گوتارێک دەبینرا کە بۆ زۆربەمان لەو ئاستە بەرفراوانەدا چاوەڕوانکراو نەبوو. ئەگەر چاوێک بە وتەی دانە بە دانەی ئەو دایک و باوک و ئەندامانی خێزان و تەنانەت خودی ئەوانەش کە گیانیان بەختکردووە بخشێنین، دەبینین کە لە ناو یەک بە یەکی وشەکانیان باس لە دیسکورس و گوتار و پەیامێکی نوێ دەکەن کە پڕ بە پێستی دروشمی سەرەکی ئەو شۆڕشە واته (‌ ژن، ژیان، ئازادی) بوو، دروشمێک کە نەک تەنها ژنانی ناو ئێران بەڵکو ژنانی تەواوی جیهانی کردە بەردەنگی خۆی و بوو بە مانشیتی زۆرینەی هەرە زۆری میدیاکانی جیهان، شۆڕشێکی ئینترسکشواڵیتی کە بەیانی قوڵایی ئازارو دەردی هەموو گەلانی ناو جوگرافیای ئێرانی دەکرد و باس و بابەتی هەموو چین و توێژە پەراوێزخراوەکانی لە خۆ دەگرت. شۆڕشێک کە نیشانی ئەدا لە ماوەی ئەم ٤٤ ساڵەی ڕابڕدوودا ڕێکخراوە مەدەنییەکان و NGO کان لە نەبوونی هێزە سیاسییەکان لە ناو ڕۆژهەڵات بە کاوەخۆ کاری بنەڕەتی و قوڵی نەتەوەییان کردووە و توانیبوویان لە ڕیشەوە گۆڕانکاری دروست بکەن.

شۆڕشی ژینا ڕوخسارێکیتری لە ژنی کورد و لە خەباتی میللەتی کورد بە دونیا پیشاندا، ژنانێک کە چیتر بەس ژنی چەک بە دەست نین و بە شێوازێکیتر هاوکات لە گەڵ تێکۆشانیان بۆ دەستەبەرکردنی ماڤی نەتەوەیی بۆ مافی ڕەگەزی خۆشیان وەک ژن تێدەکۆشن و بە هۆشیاری هەڵسوکەوت دەکەن، شۆڕشێک کە  وێناسازی کۆماری ئیسلامی بۆ پیشاندانی میللەتی کورد وەک خەڵکانێکی ناشارستانی و مرۆڤکوژ و ژنکوژ و …تێکدا کە ساڵانێکی زۆرە دەسەڵاتەکانی ناو ئێران زۆر بە چڕوپڕی بۆ جێخستنی ئەو چەمکانە لە سەر میللەتی کورد لە هەموو ئامرازێک کەڵکیان وەرگرتووە!

شۆڕشی ژینا بە دوو سەردێڕ واتە دوو ناوی ژینا و ناوی مەهسا، دوو تەوەرو مانای جیاواز لەخۆ دەگرێ، کاتێ کە باس لە شۆرشی ژینا دەکرێ واتە شۆڕشێکی ئینترسکشناڵتی، شۆڕشی شوناسخوازی گەلانی بندەست و ژنان و شۆڕشی پەراوێز خراوەکان، بەڵام کاتێ دەچێتە ناو بازنەی ناوی مەهسا، ڕوخسارەکەی دەگۆڕدرێ و زۆرتر تیشک دەخاتە سەر پێداویستییەکانی ژنانی ناوەند و ناوەندگەرا و داخوازیەکان دەبێتە داخوازیگەلێک کە لە چوارچێوەی یاسای شارۆمەندیشدا تەنانەت هەر لە ژێر سایەی ئەو دەسەڵاتەی کۆماری ئیسلامی بە ڕیفۆرم دەتواندرێ دەستەبەر بێت.

ئەو داخوازیانەی کە ژنانی ناوەند هەیانە و بۆ ئەوان لە ئاستی یەک و دوودایە بۆ ژنانی نەتەوە بندەستەکان وەکو کاڵایەکی لۆکس وایە؛ بۆ نموونە کچێک لە ناوەند ئاواتی ئەوەیە بچێت بۆ ئیستادیۆمی ئازادی و چاو لە کێبڕکێی فوتباڵ بکات، بەڵام کچێکی بەلووچ ئەوەندە گیرۆدە و گرفتاری پێداویستیە سەره‌کییەکانی ژیانی ڕۆژانەیەتی کە لە خەوی شەوانەشدا ناتوانێ ئاواتگەلێکی وه‌های هەبێت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێک کە لە ژێر نێوی پێوەرەکانی جیهانی بۆشایی جێندەری شاخص جهانی شکاف جنسیتی(١)له ساڵی ٢٠٢٢ لە ناو ١٤٦ وڵات بەڕێوە چووە، ئێران ڕوتبەی ١٥٦  واتە ١٠ دەرجەش مینوسی بە دەستهێناوە .

بۆ ئەم توێژینەوە کار لە سەر چوار ڕەهەندی سەرەکی وەک:

-دەرفەتی ئابووری

-دەرفەتی پەروەردەیی

-دۆخی سڵامەتی و تەندروستی

-پەروەردی سیاسی و بەشداری ژنان لە ناوەندە سیاسیەکان و دەوریان لە سەر بڕیارە سیاسیەکانی ناو وڵات، کراوه‌ .

دیارە ئەم توێژینەوە لە ناو ژنانی ناوەندنشین بەرێوە چووە، بیهێننە بەرچاوی خۆتان گەر ئەو توێژینەوە لە سەر ژنانی بەلووچ یان کورد یان نەتەوەکانیتر بکرێت، ئەو کات چ دەرئەنجامێکی دەبێ؟!

بەو پێییە  کە ئەو ژنە لە چوارچێوەی ئێراندا لە چ میللەتێکە و لە کوێی ئێراندا دەژی ئەو بۆشایی جێنده‌ری و نایەکسانییە دەتوانێ چەند قات زۆرتر بێت.

بۆ ئەوەی کە زیاتر تیشک بخرێتە سەر ئەو هەڵاواردن و نایەکسانییە و ئاسەوارەکانی، بەس یەک نموونەی چکۆلە باس دەکەم: بۆ وێنە لەم چەند ساڵەی ڕابردوو دیاردەی ڕێژەی خۆکوژی کە یەکێک لەو پێوەرانەیە کە دۆخی تەندروستی کۆمەڵگەیەکی پێ هەڵئەسنگێنرێ واتە هەڵسەنگاندنی وەزعی ئەو کۆمەڵگایە لە هەموو گۆشە نیگایەکی سیاسی، ئابووری، ته‌ندروستی، ڕامیاری و پەروەردە. بە گوێرەی ئاماری ڕیزبەندی ئەتڵەسی خۆکوژی کە لە لایەن خودی ناوەندە ئێرانییەکان دراوەتە دەر، زۆرترین ڕێژەی خۆکوژی لە ئێران لە سێ پارێزگای ئیلام، کرماشان و لۆڕستان تۆمار کراوەو کوردستان لە سنووری ئەو ڕیزبەندیه‌دایە تا بگاتە ئەو سێ پارێزگایە!

ئەگەر ئێمە ئاوڕێک لە شەقام و دروشمەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەین ڕوون و ئاشکرا جیاوازییەکانی ویست و خواستەکانی میللەتی کوردو هەڵبەت تا ڕادەیەکیش میللەتی بەلووچ لە گەڵ نەتەوەی باڵادەست دەبینین. لە ئەسڵدا ئەو چاوه‌ڕوانیه‌ هەڵەیە گەر بمانهەوی ویست و خواستی میللەتێک وەک فارس کە خۆی بە لانی کەمەوە لەم سەد ساڵەدا دەسەڵاتی بەدەست بووەو بەشێک لەو سیستەمە سەرکوتكەرە بووە کە هەوێن و وزەی دەسەڵاتی ئەو لە سەر لەناوبردنی سەروه‌ری و زمان و ڕامیاری و ئابووری و هتد.. ئێمە بنیاتنراوە، وەک ئێمە بێت.

ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ دوو هه‌ژموونی ڕووبە ڕووین یەکیان دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە، دیارە کە گشت دەسەڵاتێک به‌رواری بەسەرچوونی هەیە و دره‌نگ یان زوو ئەو دەسەڵاتە دەڕوخێ، کێشەی ئەسڵی ئێمە لە گەڵ چەقبەستوویی هەژموونی پان ئێرانیزم و منتاڵیتەی سه‌نتراڵیزمە کە سیستماتێک هەموو هەوڵی بۆ لە ناوبردن و تواندنەوەی گەلانیتری ئێران بە گشتی و بە تایبەت گەلی کورد داوەو یەک گوتاری نەگۆڕی هەیە.

بە ڕێکەوت نیە کە ئیرانییەکان لە توێژینەوەیەک کە ڕاپۆرتەکەی ماوەیەک لەمەوبەر لە لایەن Euronews  بڵاو بوویەوە(٢) نازناوی ڕاسیسترین خەڵکیان لە ناو ئەو خەڵکانەی کە توێژینەوەکەیان لەسەر کراوە بە دەستهێناوە، ناسیۆنالیزمی ئێرانی نزیک بە سەد ساڵە بە هەموو تواناییەوە لە سەر زەین و هزری تاکی میللەتی باڵادەست کار دەکات، تاکی ئێرانی ناوەندگەرا بە شیعرەکانی کتێبی شاهنامەی فردوسی گۆشکراوە و لە هەموو ئامرازێکی شەڕی نەرم و سەخت کەڵکیان وەرگرتووە بۆ ئاسیمیلە کردن و لە ناوبردنی ئیرادەی گەلانیتری ناو جوگرافیای ئێران، بە تایبەت گەلی کورد.

شەڕکردن لە گەڵ ئەم هەژموونیخوازیە گەلێک دژوارترە لە شەڕ کردن لە گەڵ کۆماری ئیسلامی، ئەوە هزری باڵادەستیە لە ناو هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەی ئێراندا ڕیشەی داکوتاوە، هه‌ژموونیەک کە دژایەتی هەر جۆرە ڕەنگا و ڕەنگیەک دەکات و پلانداڕێژراو و سیستماتیک گۆڕانکاری لە بەستێنی ئەدەبی و کولتور و زمان و  ژێئۆپۆلتیک و هەروەها بە دروستکردنی ناهاوسەنگی دیمۆگرافی کار بۆگۆڕینی دیمۆگرافی کوردستان دەکات و.. لە هەموو کەرەستەیەک بۆ یەکسانسازی و تواندنەوەی گەلانیتر کەڵک وەردەگرێ، جا لەو شەڕە نابەرابەرەدا گەلانیتر بێ هەبوونی سەروەری سیاسی ناتوانن هیچ دەسکەوتێک بە دەستبهێنن و هەر دەسەڵاتێکیش لە وڵاتی ئێران بێتە سەر کار بەو عەقڵیەتە ناوەندگەراییە کە رۆژ بە ڕۆژ برەوی پێئەدرێت لە کۆتایی بۆ ئێمە فەرق زۆر ناکات و لەوانەشە خراپتر بێت. وێدەچێ بەربەست دروستکردن بۆ شۆڕشی ژینا کە بە دەیان شێوازی جیاواز پراکتیزە کرا هەر بەو هۆکارە بێت، لە بەر ئەوە کە ئەو شۆڕشە زمان حاڵی داخوازییەکانی گەلانیترە و لە کانگای ویست و خواستەکانی گەلانی بندەست و بە تایبەت گەلی کورد هەڵقوڵابوو، هەر ئەوە بوو بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە ناوەندگەراکان بە شێواز و میکانیزمی جۆراوجۆر ڕێگە لە گەشەکردنی شۆڕشی ژینا بگرن تا نەگات بە ئەنجام، شۆڕشێک کە باسی فرەڕەنگی و فرەنەتەوەیی بوون دەکات، باسێک کە بۆ ئێرانی ناوەندگەرا هێڵی سوورەو بە لانیکەم  بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات تەواوی هەوڵی خۆیاندا تا لە کاریگەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کەم بکەن و بە هێنانە ئارای باسگەلێک وەک تمامیت ارضی و تجزیه‌طلبی و دروستکردنی دوژمنانی دەرەکی و پەنابردن بەو میکانیزمانەی کە کۆماری ئیسلامیش ساڵانێکە بۆمانەوە کەڵکی لێوەر دەگرێ،  فریای کۆماری ئیسلامی کەوتن، تاوەکوو شۆڕشی ژینا لە شۆڕشتێک کە لە قوڵایی ئازارەکاندا دروست ببوو بە لاڕێدا بەرن و بیکەن بە شۆڕشێکی سیلبریتی میحور، لە بەرانبەریشدا دروشمی( مرد، میهن، آبادی) هاتە گۆڕێ کە ئاماژەیە بە سیستەمێکی پاشایەتی کە خودی ئەو سیستەمە هۆکاری دروستبوونی گشت ئەم کێشانە بووە و بە تەواوی هەوڵی تێکدان و گۆڕانی ڕوخساری شۆرشەکە درا.

سه‌مبولی شۆڕشی مەهسا دەبێتە ئاوازی شروین حاجیپور کە تیایدا تەنانەت باسی سەگەکان و پشیلەکانی گەڕەکیش دەکات، بەڵام باسێک لە میللەتەکان و ئازارەکانیان، باسێک لە کۆڵبەر و سوختبەر و... کە هێمای چەوسانەوە و فرە ڕەهەندی ئەو ستەمەیە، تیایدا بوونی نییە، سرودێک کە ڕەنگدانەوەی کێشە بنەڕەتییەکانی گەلانیتری ناو ئێرانی تیا بەدی ناکرێ!

سەرەڕای هەموو هەوڵ و پەلەقاژەیەک کە بۆ لە باربردنی شۆڕشی ژینا کرا بەڵام تاکو ئێستاش شۆڕشی ژینا لە نەوعی خۆیدا بێوێنەترین و ژنانەترین شۆڕشی سەردەمە کە چەشنی شۆڕشی فەڕانسە کە بە دروشمی ئازادی، بەرابەری و بەرادەری بوو بە دایکی چەند شۆڕشیتر، شۆڕشی ژیناش ئاسەوارەکانی خۆێ جێهیشتووەو لە درێژخایەن دەبێتە مایەی گۆڕانکاری قووڵی بنەڕەتی و تەنانەت بەره‌نگاری ئیسلامی سیاسی توندڕەویش لە ناوچەکە دەبێتەوە، ئەوە کە ڕوون و ئاشکرایە شۆڕشی ژینا بوو بە ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی هۆشیارییەکی گشتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەلات و ئەوەی کە ئێمە هەڵگری شوناسێکی جیاوازین، ئه‌مه‌ی تۆختر و پڕ ڕەنگتر کرد و توانی لە ناوەوە ببێتە هۆی دروستبوونی هێزێکی کردەوەیی مەیدانی و کۆمەڵایەتی کارا کە یەکانگیر و یەک هەڵوێست بێ لە سەروویی بەرژەوەندی تایبەتی تاک یان حیزبی بۆ جولاندنی شەقام، ئەو شتەی کە لە ڕۆژهەڵات ڕوو ئەدا باس لە دروستبوونی وزەیەک دەکات کە لە ناو سەرکوت و گوشارەکانی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی هێدی هێدی دروست بووەو پەلی هاویشتووەو دەرونی کراوە. خەڵکی ڕۆژهه‌ڵات لەو ماوەدا جوانترین تابلۆکانیان خوڵقاند، ڕوخسارێکی نوێ کە دەبوایە خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ بکرایە کە بە داخەوە لە لایەن هێزە سیاسییەکانی کوردستان و هەروەها چالاکانی سیاسی و مەدەنی کوردیش لە دیاسپۆرا بە گوێرەی پێوست، ئەو جۆرەی کە لە قەدەر لە خۆبوردوویی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ناوەوە بێت بە هەند وەر نەگیرا و زۆر ساکار دەرفەتێکی مێژوویی کە بە خوێن و فرمێسک دەسکەوتبوو لە بار برا.

نەبوونی ژنان لە ناو وەفد و دانیشتنەکانی حیزبە سیاسییەکاندا دەری دەخست کە هێزە سیاسیەکان تاکو ئێستاش نەیانتوانیووە پێوەندییەکی ئۆرگانیک لە گەڵ ئەو شتەی کە لە شەقامی ڕۆژهەڵات خەریکە ڕوو ئەدا بگرن و هێشتا لەو چوارچێوە تەسکە فیکرییە پیاوسالاریە نەیانتوانیووە دەرباز بن، لە کاتێکدا کە کەسێک وەک باوکی گیانبەختکردوو محەممەد حەسەنزادە لە شاری بۆکان لەسەر گلکۆی محەمەدی کوڕی گەشتۆتە ئەو قەناعەتە کە دەڵێ:

“ئەوڕۆ گەر پیاوێک بیهەوێ زۆر پیاو بێ، دەبێ زۆر ژن بێ

جا هەر لەوەوە بیگرن تا زۆر شتیترکە پیشانی ئەدا هێزە سیاسییەکان نەیانتوانی پەیامی سەر شەقامی ڕۆژهەڵات وەک خۆێ وەخوێنن.

لەوەها هەلومەرجێکدا لە بۆشایی و کەمکاری هەموو لایەنەکان، شۆڕشی ژینا کرا بە شۆڕشی مەهسا و داخوازییەکانی ژنانی ناوەند بەرجەستە کرایەوە. لەو ناوەدا بەرەی ڕاست و پاوانخوازی ئێرانی دەرفەتەکەی بە قازانج بەرژەوەندی خۆی قۆسته‌وەو کردی بە پلیکانە و پیایدا سەرکەوت و دڕندەتر لە هەمیشە هاتە مەیدان و بە هەموو هێزێک هەوڵی دەست بە سەرداگرتنی ئەو شۆڕشەی دا. جگە لە شۆڕشی ژینا هیچ شۆڕشیکیتر نەیدەتوانی ئاوا بە ڕوونی ڕوخسارو گوتاری راستە ئێرانییەکان و ئاراستەکەیان  ئاشکرا بکات.

فاشیزم بە دەنگێکی بڵند هاتە مەیدان و کوڕی شای پێشوو کرا بە پەیامبەری ئاشتی بە خەڵکی وت ئێوە بیر مەکەنەوە، من بکەن بە وەکیل و بەڵێنی چارەسەرکردنی قەیرانەکانیدا. زۆر هەلپەره‌ستانە لە سەر پشتی پێداویستیەکانی خەڵکێکی ماندووی وەزاڵەهاتوو دیواری هەڵچنی و بە پشتبەستن بەو کولتووری ئێرانیە خورافیە کە خەڵک هەمیشە بە شوێن فریاد ڕەسێکدا لە ئاسمان دەگەڕێن بە دەیان سیناریۆ و شانۆی جۆراوجۆر، خۆی بە سەر شۆڕشی ژینادا قەبڵاند و بە داخەوە بەشێک لە حیزبەکانی ئێمەش تێکەوتن.  جێگەی تێڕامانە وای لێهاتبوو له‌ باتی ئەوەی کە هێزە دیمۆكرات و ئازادیخوازەکان شەرت دابنێن و داوا لە بەرەی ڕاستی ئێرانی بکەن کە ئەوانن کە دەبێ سابتی بکەن کە پابه‌ند دەبن بە ئەرزشەکانی ئەو شۆڕشە، بەرەی ڕاست واتە پاشاخوازەکان بوون کە دەهاتن و مه‌رجیان بۆ وتووێژ دائەنا. به‌ داخه‌وه‌ لە مەنشووری مەهسا، نزمکردنەوەی ئاستی خواست و داواکانی میللەتانی ناو ئێران گەیشتە لوتکە.

"ڤۆن هایک" لە یەکێک لە وتارەکانیدا بە ناوی "چۆن خراپترین مرۆڤەکان دەبن بە دەسەڵاتدار"، باس لە پڕۆسەی بەڕێوەچوونی ئەو ڕەوتە له‌ سێ قۆناغدا دەکات:

یه‌كه‌م: کۆبوونەوەی کەسانێکی ئاست نزم لە دەوری یەک لە گرووپێکدا کە خاوەنی هیچ پرنسیبێکی ئەخلاقی نین و لە دەوری چەند خاڵێکی سنوورداری نەگۆڕ کۆ دەبنەوە

دووهه‌م: هاوکات جەماعەتێک ڕێکدەخەن بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کردەوە سەرکوتگەرانەکەیان

سێهه‌م: بە دروستکردنی دوژمنی دەرەکی و باسکردنی نەیار خۆیان زۆرتر نمایش دەکەن

“ڤۆن هایک، لە بەشێکیتر لە نووسینەکەیدا ئاماژە بەوە ئەکات کە شەرت نییە ڕاسیسزم و فاشیزم کە دەسەڵات بە دەستەوە دەگرن هەمیشە زۆرینە بن، بەڵکو دەکرێ گروپێکی بچکۆلە بن کە دەرفەتەکان دەقۆزنەوە و سوار شەپۆلی ڕووداوکان دەبن.

پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەم شتانەی کە ئیستا خەریکن ڕوو ئەدەن هەمان تێز نیە کە ڤون هایک لە کاتی دروستبوونی دیکتاتۆرەکان وەک هیتلر و موسلینی و..ئاماژەی پێداوە؟ ئایا دۆخی ئێستای ئێران لەو حاڵەتەدا نیە؟!»

به‌هێزبوون واتای ئەوە نییە کە ئەوان بە ژمارە زۆرن بەڵکو هەر ئەو گروپە کەمە لە بەر ئەوەی کە بنه‌مایه‌كی نەگۆڕیان بۆ خۆیان دیاریکردوە کە جێگەی مشتومڕ نییە، هێزی خۆ ڕێکخستنیان بە دەیان قات لە هێزەکانیتری  زۆرترە. فاشیزم دەنگێکی به‌هێزو بەرزی هەیە و لە ماوەیەکی کورتدا دەتوانێ تەواوی مه‌یدانه‌كه‌ داگیر بکات. فاشیزم وەک کارگ هەڵناتۆقێ، ئەوان بوونیان هەیە و لە کەش و هەوای گونجاو دەگەڕێن و بە خێرایش دەتوانن یەکتر بدۆزنەوە.

لەم ناوەدا نابێ بە هیچ جۆرێک ڕێگە بدەین کە گەلی کورد ببێت بە سوتەمەنی بۆ بەرەو پێشبردنی پرۆژەکانی ناوەندگەرایانی ئێرانی. لە هەستیارترین کاتەکاندا کە دەبوایە ئێمەی کورد ئەو هێزەمان بۆ ڕێکخستنی ناو ماڵی خۆمان و ڕێکەوتن لە گەڵ  نەتەوەکانیتری ناو ئێران سەرف بکردایە، بە ملکەچی هەوڵ بۆ ڕازیکردنی ئۆپۆزیسیۆن و گوتاری پاوانخوازی ڕاستترین گرووپی ئێرانی واتە شاخوازەکان درا کە تا ئێستاش وەزنێکی واقعی ئەوتۆیان نیه‌ و ئەو شتە کاریگەرترین زیانی لە شۆڕشی ژینا و بە گەلی ڕۆژهەڵات گەیاند کە نە تەنها لە سەر حسێبی میللەتی کورد بەڵکو لە سەرشانی خەباتی گەلانیتری ناو ئیرانیش ئیعتبار بۆ کوڕی شای پێشوو دروستکرا.

لە هەستیارترین کاتەکاندا کە هاوارو خواستی بە لانی کەمەوە شەقامی ڕۆژهەڵات و شەقامی بەلووچستان کە تاکو ئێستاش ئەوانن درێژەپێدەری ئەو شۆڕشه‌ن نەبیسترا و هەموو هێلکەکان خرایە بەرەی فاشیزمی ئێرانی کە لەم ماوەدا تەنانەت خودی ئێرانیەکانیش کە عەقڵێکی سەلیمان هەیە خەریکن لە گوتارو کردەوەکانیان دووره‌ پەرێزی دەکەن.

دیارە کە بەوەش نەوه‌ستاین و لە هەستیارترین کاتدا کارەساتی شەڕی نێوان دوو هێزی پێشمەرگە ئەوەندەیتر پشتی گەلی شکاند و دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژینای گەڕاندووە بۆ خاڵی دەسپێک، شەڕی خۆ لە گەڵ خۆ و په‌یوه‌ستبوونی دوو ڕۆڵەی کوردیتر بە کاروانی گیانبەختکردووانی شەڕی ناوخۆ کە هاتبوون بۆ جەنگی دوژمن، جارێکیتر زامێکی قوڵی سارێژ نەکراوی کورد کوژی بە دەستی کوردی کولاندەوە، کە بە درێژایی مێژوو زیاتر لە هەر هێزێکی دەره‌کی کارەساتی خوڵقاندووەو زیانی بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی میللەتی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان گەیاندووە.

شەڕێکی دزیو و قێزەون کە ئاسەوارەکانی بۆ هەتا هەتایە لە دەروونی تاک و کۆمەڵگەی کورد پاک نابێتەوە، ئەزموونێکی تاڵ کە مێژووی بە باڵای خەباتی گەلی کوردە کە هەموو کات بەرژەوەندی تاکەکەسی و حیزبی هۆکاری خوڵقاندنی ئەو کارەساتانە بووە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێ و بە هیچ جۆرێک قابلی قەبوڵ و بەخشین نیە! شەڕێک کە نائومێدی و ترسی لە نێوان تاک بە تاکی کورد چاند و چەکەرەی شک و گومانی دروستکرد کە ئایا دەکرێ متمانە بکەین؟ و ئاماژەیەکی پرسیاری گەورەی خستە بە دەم خەباتی ڕەوای ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو شتەی کە بە فرمێسک و خوێن لەم ماوەدا لە سەر شەقامەکانی ڕۆژهەڵات بە دەست هاتبوو بە کەفوکوڵێک زۆر نابەرپرسانە پشتگوێ خراو و بە فیڕۆ درا. ئیتر ئەوە خاڵی کۆتایی بوو کە پیشانی دا ئێمە وەک میللەتی کورد هیچ دەرسێکمان لەو ڕابردووە تاڵە وەرنەگرتووە. لە واقیعدا هیچ هێزو هیچ ڕووداوێکیتر تا ئەو ڕادەیە  نەیدەتوانی تۆوی ترس و نائومێدی بچێنێ و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەنج بەخەسار بکات!

پێوستە هەمووان داوای لێبوردن بکەن. پێویستە بکەرانی ئەو کارەساتە دادگایی بکرێن ولێپرسینەوەیان لێ بکرێت. پێوستە دەستبردن بۆ چەک دژ بە یەکتر ببێتە هێڵی سوورو وەک خیانەت لە نیشتمان بچێتە ناو دەقی گوتار و شیعر و نووسین و گۆرانییەکان.

با بگەڕێینەوە بۆ دەسپێکی شۆڕشی ژینا و شەقامی ڕۆژهەڵات وەکو خۆی بخوێنینەوە، ئەو کاتەی لە سەر گڵکۆی ژینا خەڵک وتیان: داگیرکەری ئێرانی، تۆ قاتڵی ژینامانی. ئەو کات  کە باوکی کۆماردەڵێ: ئەو کوڕەم ٢٥ی گەلاوێژ لە دایکبوو بۆیە ناوم لێنا کۆمار، خۆشبەختم کە لە پێناو خاک و ئازدای گیانی بەختکردووە. ئەو کات کە نەسرینی مەریوان دەڵێ: ئازادی لە قەفەس  فڕی. باوکی فەره‌یدوونی سەقزدەڵێ: دەبێ ئەم کۆنە بڕوخێ. ئەو کات کە دایە فاتمە دایکێک لە جنسی داربەڕووەکانی نیشتمان بە باڵای تەرەغەدا دەنوارێ و دەڵێ: من ناگریم من وەک تەرەغە وام، ڕۆڵەکەم پێشکەشی نیشتمان کرد. باوکی کاروان قادر شوکری دەڵێ: ئەو کاروانە جوانەم کە لە دایک بوو بە نێوی کاروانی شەهیدان نێوم لێناو ئەوە ئێستاش پێشکەشی کاروانی شەهیدانم کرد.

با بگەڕێینەوە بۆ لای دایکی میلاد مەعرووفی لە سەر خاکی میلاد کە بەڵێن ئەدا و دەڵێ:  کچی ئەم نیشتمانە نەبم گەر تۆڵەت نەسێنم.  بۆلای دالیای کچی سمکۆی مەهاباد کە ئەڵێت: قەت نابەخشم ئەوانەی باوکمیان کوشت و با خۆمان بسپێرینە قسەکانی باوانی فریشتە کە دەڵێ: دایە گیان تۆڵەت دەسێنین. یان کوڕی تاهیر عەزیزی پیرانشار کە ئەڵێ: کاک تاهیر قاره‌مانە، شەهیدی کوردستانه‌.

با پەیامی سەر شەقامی ڕۆژهەڵات وەک خۆێ وەخوێندرێ!

***

 

1.https://www.radiozamaneh.com/723410/

2.https://parsi.euronews.com/2023/05/02/world-values-survey-love-neighbour-public-trust-