کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فستیڤاڵی گێلاسی شنۆ لە پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابوورییەوە بۆ پرسێکی ئەمنییەتی

16:46 - 20 پووشپەڕ 2723

شاڕوخ حەسەن‌زادە


یەکەم فستیڤاڵی گێلاس لە شاری شنۆ ساڵی ١٣٩٥ بە پشتیوانی و هاوکاریی ڕێکام (ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی) و بەشێک لە نیشتمانپەروەرانیی ئەو شارە، هەروەها چەند ئەندامی دڵسۆزیی شوڕای شاری ئەوکات لە باغی میرزا ڕەحیم مەحموودزادە بەڕێوە چوو.

ئامانج لەم فستیڤاڵە ناساندنی ئەو شارە وەک شارێکی پڕباغ و میوە بەتایبەت گێلاسە ناسراوەکەی بوو کە لە پەنا ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتەی جوغرافیایی ئەو شارە کە بەجۆرێک داخراوە و لە پەنا سێ سنوور قەتیس ماویتەوە و ئابوورییەکەی تەنیا باغداری و وەرزێرییە زیاتر بناسرێ، لە ماتەوزەی مەزنی سروشتی جوان و ئاو و سەقای پاک و بێگەردی لە پەنا شوێنەوارە مێژوویی و کوێستانە بژوێن و ناسراوەکانی لە بواری گەشتیاری و ئابووریی تووریسم زیاتر بایەخی پێ بدرێ هەتا لەو قەتیس‌مانەوەیە و ئابووریی تاک‌بەرهەمییە بێتە دەر. جیا لەمەش کۆمەڵگەی مەدەنیی شنۆ بەهۆی بوونی چەندین ڕێکخراوی ئەدەبی، زمانیی، هونەری، شاخەوانی، ژینگەیی سنفیی زیندوو هەوڵی ئەوەی دەدا لە بوارگەلیی جۆراوجۆر ڕەوشەنگەریی بڵاو بکاتەوە تەنانەت وەک پردێکی پێوەندی لە نێوان ئاخێوەرانی کورمانجی سەروو و کورمانجی خواروو دەور بگێریت.

بە وەڕمێن‌کەوتنی ئەو فستیڤاڵە و دەنگدانەوەی، هەروەها کاروچالاکیی بەرچاوی کۆمەڵگەی مەدەنی و خێر و قازانجی هەستپێکراوی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی نەتەوەیی، لایەنە ئەمنیەتییەکان هەستیان بە گرنگیی ئەو کارە کرد. ئەو چالاکییە ساڵ بە ساڵ گەشەی زیاتری سەند هەتا ئەوەیکە ئەو چالاکییە وەک مەترسییەک بۆ سەر ڕێژیم لەو شارە زاندرا!

 ساڵی ١٤٠١ دوای ئەوەیکە فستیتڤاڵەکە لەلایەن حکومەتەوە (ناوەندە ئەمنییەتییەکان) دەستی بەسەردا گیرا و سەرجەم کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری لێ دەرهاوێژا، کەوتە بەر بایکۆت کە وەک ڕۆژێکی مێژوویی سەیر دەکرێ، واتە ئەو پەیامە بە ناوەند درا کە، ئەگە خەڵک و کۆمەڵگەی مەدەنیی شار بەڕێوەبەری بەرنامەکانیی خۆیان نەبن، ئەوە هەر ئێوە بەتەنیا دەمێننەوە و کەس پێشوازی و پشتیوانیتان لێ ناکا. ئەو پەیامە ئەوەندە مەزن و یەکپارچە بوو سپای پاسداران و ئیتلاعات و... تووشی شۆک کرد.

فستیڤاڵەکەی ئەمساڵیش (١٤٠٢) وێڕای ئەو خاڵانەی سەرەوە کە بە درووستی لە هەمبەر لایەنی چەقبەستوویی ئابووری شار و ڕەوشی کۆمەڵگەی شنۆی وێنا کردووە، لەکاتێکدا بووە؛ ئێران بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی لە شۆڕشی ژینا بەردەوامە و لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٣٠ هاونیشتمانیی کورد بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان، ئەشکەنجە و لێدان شەهید بوونە و هەزاران کەسیش بریندار و دەسبەسەر کراون کە پشکی شاریی شنۆ لەو ڕاپەڕینە وەک هەمیشە شێر بووە. هەربۆیە ئەمجارە جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو، بەو زانیارییانەی ئێمە لە نێو فەرمانداری و ئۆڕگانەکانیی دیکەی ئەمنیەتیدا هەمانبوو، بەپێچەوانە حکوومەت خوازیاری ئەوە بوو هەرچۆنێک بێ دەبێ ئەو فستیواڵە بە شکۆوە بەڕێوە بچێ هەتا دەنگ بداتەوە. (لە شێوازەکانی خەباتی مەدەنی دا شتێک هەیە دەڵێ؛ هەر شتێک حکومەتە دیکتاتۆرەکان پێیان خۆش بوو تۆ مەیکە، بە پێچەوانەش هەر شتێک حکومەتە دیکتاتۆرەکان پێیان ناخۆشە دەبێ بیکەی). بۆ ئەو مەبەستە هەردووک دەنگ و ڕەنگی مەهاباد و ورمێ، وێڕای چەندین کاناڵی نێوخۆیی(سۆشیاڵ مدیا) لەوێ بوون و ڕاستەوخۆ بەرنامەکەیان دەگوازتەوە. لە یەکێک لە دانیشتنەکانی فەرمانداری بەر لە دەستپێکی فستیواڵەکە کە بە بەشداریی بەرپرسانی پێوەندیدار و سەرجەم ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوە چوو، دوای ئەوەیکە جارێکی دیکە مافی بەڕێوەبەری لەو دڵسۆزانە ستێندرا، وەک هەڕەشەش پێیان گوترا بوو "وا باشە ئێوەش بەشدار بن، ئەگەینا ئێمە خۆمان هەر بەڕێوەی دەبەین"، هەروەها ڕۆژێک بەر لە دەستپێکی بەرنامەکە بۆ ئەوەیکە هیچ کێشەیەکی ئەمنییەتیی بۆ نەیەتە پێش هێزێکی زۆر لە دەوروپشتی باغەکانی گێلاس مۆڵ درابوون و بازگەکانی هاتوچۆش توندوتۆڵتر کرابوون. یان کاتێک لە ڕۆژی یەکەمدا چەند لیباس شەخسیی عەجەم و چەند چەکدارێک دەگەنە نێو بەرنامەکە، لەلایەن یەکێک لە شوڕاکانی شارەوە پێیان دەگوترێ" قەراری ئێمە چ بوو، ئێوە لێرە چ دەکەن، تکایە بڕۆن با خەڵکمان لێ هان نەدرێ!". هەموو ئەو لەمپەڕ و کۆسپ و کێشانە بوونە هۆی ئەوەیکە هەڵوێستی بەشی هەرە زۆری "ڕێکام"ی بەدوای دا هات و لەلایەن بەشێ هەرە زۆریی کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی نیشتمانپەروەری شار ئەمساڵیش بایکۆت کرا کە هۆکارەکەی تەنیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە "چوونکە حکومەت پێی خۆش بوو و دەیهەویست لە ئاوی ڵێڵ ماسی بگریت، بۆیە ئەوانیش نەیانکرد".

دەبێ ئاماژە بەوەش بکرێ، ڕۆژێک بەر لە دەستپێکی ئەو فستیواڵە کۆمەڵگەی مەدەنیی شنۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە لە بەشێکی دا ئاماژە بەوە دەکا:

"نزیک یەک‌ساڵ لە چەخماخەی شۆڕشی نوێ و ڕاپەڕینی ژینا تێدەپەڕێت. شۆڕشێک کە پانتایێکەی سنوورەکانیشی بەزاند و بوو بە ئاڵتێرناتیوێکی کاریگەر لە سەرتانسەری دنیا. لەو یەکساڵەدا دیمەنگەلێکی لەبیرنەکراو هێلانەی لە مێشکی هەموان کرد و بۆ چرکەساتێکیش ڕشتنی بە ناحەقی خوێنی چوار ڕۆڵەی بەئەمەگی نیشتمان دۆست لە شنۆ و باقی شەهیدانمان لە وڵات لەیادنەچوو،  هەڵوێستی مێرانەی خەڵک و ئازادکردنی شنۆمان دیت، مانگرتنی گشتی و بەربەرەکانی شەرەف و سەرشۆڕی گەییشتە لوتکە".

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو داخۆیانی‌نامەیەدا هاتووە: "سیستەم لە هیچ شتێک خۆی نەبوارد و ئەوەی بۆی کرا کردی. لە دوایین بەرنامەیدا خەریکە لەسەر خوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی شنۆ فیستڤاڵی گێلاس بەڕێوەببات. ئەم فیستیڤاڵە زۆرتر شانۆی حکوومی و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی نێوخۆیی ئێرانە هەتاکوو باسێک بە ناوی فیسیڤاڵی گێلاس. کۆمەڵگەی مەدەنی دەمێکە هەموو سووڕەکانی ئەو سیستەمەی لەقاو دەدات و هێلکەی زۆری لە ددانی داوە. ئێمە باش دەزانین لەهەر فیستیڤاڵێکدا چەند ئامانج هەیە و کاری بۆ دەکرێت بەڵام لەم فیستیڤاڵەدا ئامانج ڕاکێشانی  خەڵکی ساویلکەیە بەهەموو ئامرازەکانی ڕاکێشانی بەردەنگ وەکوو سۆشیاڵ مێدیا، بەنێر و تراکێت و هتد... "

ئەوان بە نیسبەت پرسی ئابووری شاریش باس لەوە دەکەن کە: "لەهەر فیستیڤاڵەکدا ڕەهەندی ئابووری و کولتووری و پیشەیی زەق دەکرێت کەچی لەم قومارۆچکەیە جگە لە بە فیروودانی  سەرمایەی گشتی و ڕاخستنی سفرەی دزی و ڕیا بۆ کاربەدەستانی حکوومی هیچی تر نییە. مەخابن ئەو میراتەش بە تاڵان بردرا و برینی ئەو تاڵانەش هاتە سەر برینی دزی سەرچاوە سروشتێکان و دزی مێژوو و دزی ژیان و دزی وڵاتمان".

لە کۆتاییشدا وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە: بۆ بەرپەرچ و شەرمەزارکردنی ئەو شانۆیە ئێمە وەک کۆمەڵگوی مەدەنی کە پێکهاتووە لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا وەکوو ڕێخراوە مەدەنی و سێنفێکان، بازاریان ، مامۆستایان ئایینی و قوتابخانە، چینی کارگەر، سەنعەتکاران و .... بایکۆتی ئەو شانۆیە دەکەین. شۆڕشی ژینا ئەرکداری کردین کە لە ڕاستێکان لانەدەین و بە ڕەمزی ژینا قۆڵی بەرخۆدان هەڵماڵین. ئێستاش خەبات خەریکە خۆی سازمان دەداتەوە و وەک ژیلەمۆ لە زۆرداران دەراسێت و گڕ دەگرێتەوە.

فیستیڤاڵی ئێمە ڕۆژێکە کە دیلانی ئازادی بگێرین".

بەو شێوە دەردەکەوێ کە، ئامانج لەم جۆرە فستیواڵ و کۆنسێرت و بەرنامانە لەکاتێکدا خەڵک بڕیاری شۆڕشی داوە، خزمەت بە خەڵکی شار و دڵخۆشیی گەل نییە بەڵکوو کەڵکاژۆ وەرگرتنی نابەجێ لە خەڵکیی ساویلکە و ئاسەمیلە کراوە کە بە لۆچێک ئاو وە مەلە دەکەون و مەخابن هێشتا فێڵ و گزی و پیلانەکانی دوژمن دەتوانێ کاریگەریان لەسەردابنێ و لایان ئاشکرا نەکراوە(کاتێک ئێمە مەبەستمان بوو حکومەت پشتیوانی بکا بۆ قازانجی شار ئەوان نەیانکرد و دژایەتیان دەکرد، ئێساتش کە ئەوان مەبەستیانە ئێمەش بەشداری ناکەین).

بەو چەند پرسیارە کۆتایی بە باسەکەم دێنم:

 لەکاتی فستیواڵ و دوای ئەو بەرنامەیە چ قازانجێک بۆ شاری شنۆ دەستەبەر بوو؟ لە کاتێکدا فستیواڵی ئەمساڵ کاتێک بەڕێوە چووە کە هەر گێلاس بەدارانەوە نەمابوو، ئایا جگە لە خۆبادانی تاقمێک کە بە پووڵ و پارە هەڵخەڵەتان و بەرپرسانی نیزامی و ئەمنییەتی حکومەتی، کام لە چین و شەبەنگی خەڵک قازانجی لێ کرد؟ ئەوە لە حاڵێکدایە کە، تەنانەت بەشی هەرە زۆری تێچووی قورسیی ئەو بەرنامەیەش وەک هەمیشە بە فریودان و بەڵێنی بەدرۆ کەوتە سەر شانی خەڵک بەجۆرێک، هەر لە مەیداندارەکانی مەیدانی میوە و تەڕەبار چل ملیۆن تمەن کۆ کرایەوە و پێیان گوتراوە ئەوە قەرزە لەسەرمان و وێتان دەدەینەوە، بەڵام هێشتا یەک تمەنیش نەدراوەتەوە! ئایا هیچ کام لە ڕێکخراوەکانی ئەدەبی، ژینگەیی، زمانیی، شاخەوانی، ورەزشی، سێنفیی شاری شنۆ بەشدارییان کردبوو؟ هێنانی میوان لە شارەکانی دەوروپشت بە بەشداریی سەرجەم ئیدارەکانی شار و تەنانەت خەدەماتی شارەداری و بەشێک لە دووکانداران هەوڵیان "سیالەشکر" کۆ بکەنەوە و بەرنامەکە زەق بکەنەوە هەڵبەت نکۆڵی لەوەش ناکرێ هەبوون خەڵکانێکی باش لەو شانۆیە دەبیندران کە ڕەنگبێ بەشێکیان ئامانجی تایبەتی خۆیان هەبووە!

سازکردنی هەرجۆرە فستیڤاڵ، کاڕنەڤاڵ، شانۆ، بەرنامە، کۆنسێرت و ... لە کەشێکی ئازاد و دێموکرات بە مەبەستی دڵخۆش کردنی خەڵک، قازانجی ئابووری، تووریسم، گەشەی بیری نەتەوایەتی، ڕەوشەنگەری و خزمەتی ڕاستەقینە گەلێک باش و بەجێیە، بەڵام ئایا ڕێژیم لەم بەرنامەیەدا کام یەک لەو مەبەستانەی هەبوو جگە لە فریودان و خۆڵ دەچاوی ڕای گشتی کردن کە وا بنوێنیت شاری شنۆ کە، چوار ڕۆڵەی بەوەجی لە خۆپێشاندەکانی ژن، ژیان، ئازادی پێشکەشی بارەگای ئازادیی کوردستان کرد و دەیان بریندار و گیراو و شاربەدەری لێکەوتەوە و ببووە دەروازەی ڕاپەڕین؛ ئارامە و خەڵک وێڕای ژیانی ئاسایی خۆی هیچ باسێک لە شۆرش و ڕاپەڕینی ژینا نەماوە.