کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی چالاکییە تەبلیغییەکانی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ لە کوردستان بە گوڕوتینی زیاترەوە

09:29 - 21 پووشپەڕ 2723

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرینتر و بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە چالاکییە تەبلیغییەکانی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ بەڕێوەدەبەن.

ئەو چالاکییە تەبلیغییانەی ئەمساڵ کە چەندین ڕۆژ پێس ٢٢ی پووشپەڕیش دەستیان پێکردووە و بۆ ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نێردراون، بە خێرایی و پێوانەیەکی  سەرسووڕهێنەرەوە بەردەوامن و کاتژمێر بە کاتژمێر لە سەرتاسەری کوردستانەوە وێنە و تراکت و وتە بەنرخەکانی دوکتور قاسملووی بلیمەت و هەرمان خۆیان دەنوێنن.

لەو پێوەندییەدا شار و ناوچە و گوندەکانی سەقز،بۆکان و سەردەشت، بوونەتە تابلۆیەک لە وێنە و شەپۆلێک لە هزری قاسملوو و حیزبی دێموکرات.

چالاکیی ئەندامان و لایەنگرانی نیشتمانپەروەر و پڕ لە هەست و سۆز و بیری کوردایەتی شاری "سەقز"ی شۆڕش و بەرخۆدان لە گەڕەکەکانی تازاوا ، حەماڵاوا ، قوتابخانەی دواناوەندیی عیلم و سەنعەت ، مزگەوتی ئەمین، خانە بێهداشتی ئەفشاری، گەڕەکی قەرەچیاوا، مزگەوتی دارولسەلام ، وروودی مەیدان بار، دانشکەدەی فەننی،  شارەکی دوکتور خالدی، شارەکی دانیشگا، قوتابخانەی کوژراوانی هەستەای،  چوارڕێیان و چرا سووری مزگەوتی چوار یاری نەبی، ئیدارەی تەبلیغات ئیسلامی، ئیدارەی تەعزیرات، پشت دادگا ، سێ ڕێیانی ساڵمەندان، حەوزەی عیلمییەی فاتمە، دەرمانگای دوکتور و سووقی، پارکی کەوسەر و چرا سوورەکە، قەوەخ و مزگەوتی جامعەی نور، بە بڵاوکردنەوەی وێنە و تراکتی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ یادی ئەو ڕۆژەیان کردە ڕۆژی پەیمان و بەڵێن بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان بە تایبەت شەهید دوکتور قاسملوو.

هەروەهالە شاری هەڵمەت و کۆڵنەدان، شاری بۆکانی قارەمان، ئەندامان و لایەنگرانی تێکۆشەر و قوتابیانی قاسملووی ڕێبەر هەموو سووچ و کەلەبەرێکی ئەو شارە و گوندەکانیان وەکوو: 'ناوچەی فەرهاد تاش، ناوچەی پیرمحەمەد ئاوایییەکانی حوسێن ئاوا، شێخلەر، میراوای بۆکان، ئاواییەکانی ئاشی‌گولان، سێڕای شەرەفکەند، عیلماباد، کانێ ڕەش، سەدراباد، گڵکۆی شەهیدانی ئاوایی باغڵووجە، چواردیوار، سەرباخچە، تەرەغە، پاشبڵاغ، کۆکە، ئاوایی ئێنگیجە، ئاغۆتمان، گوندەکانی جادە شاریکەند تا گوندی شاگیلدی، هەباساوا، گوندی کۆسە، نێوشاری بۆکان گەڕەکەکانی، جادەەی پیروەلی باغی بۆغەوساباد، جادەی ئاغەڵیان، سێڕای گوڵخانەی سریلاوە، جادەی بۆکان بۆ میاندواو، سێڕای کانی شقاقان، کۆڵانەکانی شەهرەکی فەرهەنگیان، گەڕەکی مزگەوتی چوار یاری نەبی، کولتەپە، گەڕەکی جادە حەسار، بە ئاڵای کوردستان و کۆگۆی حیزبی دێموکرات، وێنە،  تراکت و دروشمی تایبەت ڕازاندەوە.

لە شاری سەردەشتی مەکۆی دلێران، ئەندامان و لایەنگرانی بەئەمەگ، وەفادار و چاونەترسی حیزب وەکوو هەمیشە ئەرکی خۆیان بە باشی بە جێگە گەیاند و چالاکییەکی دڵسۆزانەیان تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ بەڕێوە برد. تێکۆشەرانی سەردەشت بە داگرتنی ئاڵای کۆماری ئیسلامی لە نێوشاری سەردەشت و نووسینی دروشمی شۆڕشگێڕی و بڵاو کردنەوەی وێنە و تراکتی دوکتور قاسملوو لەو شارە و جاددەی بێوران، گەڕەکی نزیک سەرچاوە، گەڕەکی نزیک قەبران(گردەسوور)، گەڕەکی لای بەنداو، پەیامی خەڵکی کوردستانیان بە دۆست و دوژمن ڕاگەیاند.