سەرەڕای بەرنامە و پیلانی ژوورە فکرییەکانی ڕێژیم لە چەند مانگ لەمەوبەرەوە بۆ پیشگرتن لە یادکردنەوەی٢٢ی پووشپەڕ لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەی بەرپرسانی ئیتلاعاتی و سەربازیی سپای تێرۆریستی پاسداران لە پارێزگاکانی کوردستان ئەمساڵ ئەندامان و لایەنگران و دڵسۆزانی گەلەکەمان لە نێوخۆی وڵات شێلگیرتر لە ساڵانی پێشوو و بە ئیرادە و باوەڕێکی زیاترەوە مەیدان و مەودای چالاکییە تەبلیغاتییەکانیان بەرینتر کردووە.
لە درێژەی چالاکییەکانیاندا کوڕان و کچانی کوردپەروەر و نەتەوەیی لە مەڵەکشای ئیلام، ئیلام، کرماشان داڵاهۆ، کرێند، شاباد، کامێران، هەورامان و ژاوەرۆی سنە، بانە و شارەدێی "نێ"ی مەریوان حەماسەیان خولقاند.
لەو پێوەندییەدا ڕۆڵە چاونەترسەکانی ڕۆژی تەنگانە لە مەڵەکشای هەمیشە سەربەرزی ئیلامەوە تا خودی ئیلامی دێرین و کانگای کوردایەتیی، دەسلەملانی داڵاهۆی باڵابەرز و شابادی مەکۆی کۆڵنەدان و گەورە شاری کوردان کرماشانی دڵی کوردستان، دەست لە نێو دەستی کامێرانی چقڵی چاوی داگیرکەران و هەورامان و ژاوەرۆی نموونەی ئازایەتی و بوێریی، مل بە ملی بانەی بەرزەفڕ و "نێ"ی قەڵای دێموکرات، قاسملوویان کردووەتە ڕەمزی تێکۆشان و زیندووڕاگرتنی خەبات و هەستانەوە دژی داگیرکەران و دوژمنانی کورد و کوردستان.
ئەو شوێنگەلەی کە چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵیادی تێرۆری ڕێبەری ناوداری کورد و حیزبی دێموکرات دوکتور قاسملووی هەرمانیان بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی تێدا کراوە بە وردیی بریتین لە:
شەقام و بازاڕی شاری مەڵەکشای ئیلام، شەقام و کۆڵان و بازاڕی شاری ئیلام، شەقام و کۆڵان و بازاڕی شارەکانی داڵاهۆ، شاباد و هەروەها گەڕەکەکانی سارەکی موعەلیم، سورخلێژە، ڕوودەکی و بلواری تاقۆسانی شاری کرماشان، ئاوایی دەل سەر بە ناوچەی هەورامان و گوندەکانی ژاوەرۆی سنە، ئاوایی لۆنی سادات سەر بە شاری کامێران، گوندی بڵەسەنی بانە و شارەدێی نێی سەر بە شاری مەریوان.