کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی لە شار و گوندەکانی ورمێ، پیرانشار، شنۆ و مەهاباد

13:38 - 21 پووشپەڕ 2723

ئەندامانی و لایەنگران حیزبی دێموکرات لە شارەکانی ورمێ، پیرانشار، شنۆ و مەهاباد و ناوچە و گوندەکانی دەورووبەری ئەو شارانە بە بڵاوکردنەوەی وێنە و تراکتی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ یادی ئەو ڕۆژەیان کردە پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی دوکتور قاسملوو.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە درێژەی چالاکییەکانیاندا لە ناوچەی شنۆ بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر و نووسینی درووشم لەسەر دیواری ئاواییەکانی سینگان، خاڵتاوێ، قڕووشاوێ و حەسەن نووران، گوندەوێڵە، چەشمەگوڵ، پرداوێ، مزگەوتەکانی بیلالی حەبەشی، ئەبووبەکری سدیق، ئیمام محەممەد غەزالی و زۆربەی گەڕەکەکانی نێو شاری شنۆ، چالاکی تەبلیغییان بەڕێوە برد. هەروەها لە ئاوایی بێمزوورتێ بە بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی لەسەر بڵینگۆی مزگەوتی ئاوایی پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە. لە گوندی شاوانێ بە دانانی ئاڵای کوردستان لەسەر مەزاری شەهیدانی حیزب و گەل لەم ئاواییە یاد و بیرەوەریی شەهید قاسملوویان بەرز ڕاگرت.

هەر لەو پێوەندییەدا لە ناوچەی سۆما و مەرگەوەڕی ورمێ لە ڕێگای شنۆ بۆ ورمێ لە سەیرانگاکانی نژدەرێ، شیروکەندی، دۆستەک، کانی عەینەڕۆم و سەیرانگای پردی قاسملوو، سەیرانگای جەنگەڵی میراوێی شنۆ، سەیرانگای داڵانپەر، بۆزی سینا، ئاواییەکانی گوندی مام برایم، گوندی بەڕۆژ، سێڕای سیاوان و ڕێگای دزەی مەرگەوەڕ بۆ بۆزی، سینا ئەندامان و لایەنگران و شێرە کوڕ و تەوارەکانی  چالاک و بویر و دڵسۆزی دێموکرات چالاکی بەربەرینی تەبلیغیان بەڕێوە برد .

جێگای ئاماژەیە لە سەیرانگای داڵانپەر و بۆزی سینا لە کاتی چالاکی ئەندامانی حیزبی دیموکرات لە ناو سەیرانچیەکان، شادی و خۆشیەکی زۆری بە دوادا هات و لاوانی فێرگەی قاسملوو بە دروشمی ''بژی کوردستان، قاسملوو ڕێگات دڕێژەی هەیە، بەقوربانت بم دێموکرات''، پێشوازیەکی بێ وێنەیان لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب کرد.

هەروەها ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر لووتکەی بۆزی سینا نەخشێنرا کە خەڵکی سەیرانچی پۆڵ پۆڵ دەچوون وێنەیان لەگەڵ دەگرت.

هەر لەسەر ئەو بابەتە، لایەنگران و ئەندامانی ژیر و وریا و قوتابیانی بوێری قاسملوو لە شاری پیرانشاری خوێنین و گوندەکانی دەوروبەری بە شێوەیەکی دڵسۆزانە و بەربڵاو وێنەی دوکتور قاسملوو و تراکتی حیزب و دروشمی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕیان کردە پەیمانێک بۆ درێژەپێدانی خەبات و کۆڵنەدان و لەم شوێنانەی خوارەوە چالاکییەکانیان بەڕێوە برد.

بەری‌ مێرگان، مزگەوتی قەبری حوسێنی، جاددەی سەردەشت پیرانشار هەر لە قەبری حوسێنی تاکوو نزیک گوندی شوێمرە.

دڵسۆزان و ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنی حیزب لە شاری مەهابادی ڕووگەی کوردایەتی و قوربانیدان، لە گەڕەکەکانی ئازادەگان، جانبازان، موکریان و فەرهەنگیان و هەروەها لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، ئاواییەکانی قزڵقۆپی، بەفرەوان، قولەسەن بە بڵاوکردنەوەی وێنە وتراکتی ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو و دروشمی شۆڕشگێڕی و حیزبی چالاکییەکی بێوێنەیان بەڕێوە برد.