کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملوو؛ ئەو ناوەی بوو بە ڕەمز

20:53 - 21 پووشپەڕ 2723

شەونم هەمزەیی

کاتێک باس لە حیزبی دێموکرات دەکرێ، دەزانین ئەو حیزبە هەروا لەخۆوە دانەمەزراوە. بەڵکوو لەسەر عەرزی واقع دامەزراوە و ژێرپێی شل نەبووە٠ حیزبی دێموکرات حیزبێکی نەتەوەیی بووە و بۆ بەدیهێنانی مافی نەتەوەیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات دامەزرراوە و دیاریکردنی مافی چارەنووس سەرەکیترین ویستی بووە، هەر ئەمەش زۆرترین کاریگەریی لەسەر هزری نەتەوەیی بووە، بەجۆرێک کە حیزبی دێموکرات، تاکی کوردی وەک ئینسانێکی سیاسیی خاوەن ماف پێناسە کردووە.

لە ماوەی زیاتر لە چڵ ساڵ خەباتی بەردەوام و شێلگیرانەی حیزبی دێموکراتدا، حیزبێکی خاوەن ناسنامە و بە جێگەوپێگە لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی خۆیدا، بێگومان کەسانی زۆر ڕۆڵیان لە بەڕێوەبردن و سەرکەوتنی ئەو حیزبە تا گەیشتن بەو قۆناغە هەبووە، بەڵام هەمیشە ڕۆڵی سێ ڕێبەری گەورەی وەک؛ پێشەوا قازی و دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی زیاتر دیار بووە و هەموو ڕێبەرانی حیزب، یەک‌ لە دوای یەک کاریگەریی خۆیان هەبووە و بە هەوڵ و تێکۆشانیان شوێن‌پەنجەیان بەسەر بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتەوە دیارە. بەڵام بۆچی لەنێو هەموویاندا قاسملوو بوو بە ڕەمز و هێمای درێژەدانی خەباتی نەوە لە دوای نەوە؟

دوکتور قاسملوو یەک لەو ڕێبەرە دیارانەی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد بوو کە توانی بە کارەکانی زۆرترین کاریگەریی هەبێ و وانەکانی ببنە هەوێنی درێژەی خەبات و بەردەوامی، بەجۆرێک نەوە لە دوای نەوە ناوی قاسملوو لەسەر زار و زمانی خەڵک دەگوترێتەوە. قاسملوو توانی بەرنامە و ئەساسنامەیەکی تۆکمە بۆ حیزبی دێموکرات دابنێ. لە ڕووی دیپلۆماسییەوە بەتایبەت ڕوو لە دەرەوەی کوردستان و ئێران ڕۆڵێکی یەکجار دیار و بەرچاوی هەبوو، زۆر لە ڕێکخراوە چەپەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەرنجیان بەرەو کوردستان ڕاکێشرابوو، بەتایبەت دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، دۆزی کوردی گەیاندە ئاستێک کە سەرنجی زۆربەی میدیاکانی دەرەوەی بۆ کوردستان سەبارەت بە سەرکوت‌کردنی خەڵک لە لایەن ڕێژیمەوە و داوکارییەکانی خەڵک بۆ مافەکانیان ڕاکێشا. سەرەڕای ئەوانە توانی سەرنجی زۆرێک لە پزیشکانی بێسنوور ڕابکێشێ و بۆ یارمەتی‌دانی خەڵک بیانهێنێتە کوردستان بە جۆرێک کە دەکرێ بڵێین خەباتی کورد و حیزبی دێموکراتی گەیاندە قۆناغێکی تر! بەتایبەت دوای هەڵگیرسانی شەڕی سارد و ناکۆکیی نێوان هەردوو بلۆکی ڕووسیە و ئامریکا، دۆخەکە بۆ حیزبی دێموکرات زۆر سەخت بوو هەوڵی دەدا سەربەخۆیی خۆی بپارێزێ و سەر بە هیچ یەکێک لەو بلۆکانە نەبێ. لەو کاتەدا بوو کە ڕێکخراوی ئەنتەرناسیوناڵیست سۆسیالیست کە ڕێکخراوێکی جیهانی بوو و چەندین لایەنی جیاوازی تێدا بوو، لەوێدا جێگەی حیزبی دێموکراتی کردەوە و هەوڵی دا ویستەکان بەجیهانی بکرێ. دەتوانین بڵێین لە پێوەندیی دیپلۆماسیدا بەتواناترین کەس بووە و بەردەوام لە هاوپەیمانییەتیی نێوخۆیی و دەرەکی گەڕاوە و هەمیشە بۆ چارەسەری پرسی کورد لەگەڵ ئێران و ئۆپۆزسیۆن لە وتووێژدا بووە. قاسملوو تەنانەت شەهیدبوونیشی کاریگەریی زۆر دیاری لەسەر بزووتنەوەی کورد هەبوو و بە جۆرێک ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆمەڵگای جیهانی هەبوو و پرسی کوردی بە جیهان ناساند.

هەر بۆیە دوای ٣٤ ساڵ لە تیرۆری شەهید دوکتور قاسملوو، ناوی قاسملوو بووەتە ڕەمز و وشەی سەر زار و زمانی خەڵک و دروشمی ئازادیخوازان و جەماوەری ڕاپەڕیوی خەڵکی کوردستان، ئەمەش ڕوون و ئاشکرایە کە بۆ کەسایەتیی بەرزی شەهید دوکتور قاسملوو و کاریگەریی لەسەر بزوووتنەوەی کوردستان و حیزبی دێموکرات لە لایەک و، لە لایەکی دیکەوە جێگە و پێگەی حیزبی دێموکرات لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان دەگەڕێتەوە کە شوێنەواری خۆی لەسەر هەڵوێست و ڕەفتاری خەڵکی کوردستان جێ هێشتووە.

مانەوەی ناوی قاسملوو دوای ٣٤ ساڵ لە شەهیدبوونی و بوون بە ڕەمزی درێژەدانی خەبات کە نەوە لە دوای نەوە دروشمی "قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە" دەڵێنەوە، سەلمێنەری زیندووبوونی قاسملوو و دیاربوونی شوێن‌پەنجەی بەسەر بزووتنەوەی کورد بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جێگەوپێگەی بەرزی لەنێو خەڵکی کوردستان و دنیای دەرەوە و ڕاست و دروستی بیرکردنەوە و خوێندنەوە و سیاسەتەکانی دوکتور قاسملوو و پێگەی حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵکدایە.