کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر چەندین ئامانجی نوێ لە دەوروبەری شاری حومس لە سووریە

11:38 - 11 پووشپەڕ 2723

لە کاردانەوە بە مووشەکهاوێژیی سووریە، ئەرتەشی ئیسرائیل جگە لە ناوچەیەک لە دەوروبەری پارێزگای حومس، چەندین ناوچەی دیکەی بە هەمان شێوە بۆردومان کرد، بە جۆرێک کە ژمارەی هێرشەکانی ئەم وڵاتە بۆ سەر سووریە لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە ١٩ هێرش.

ئێفیخای ئەدرەعی، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕ ڕایگەیاند، فڕۆکە شەڕکەرەکانی وڵاتەکەی سیستەمێکی بەرگریی مووشەکی سووریەیان لەنێو بردووە. ئەم سیستەمە پێشتر مووشەکێکی بەرەو ئیسرائیل هاویشتبوو، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ئامانجی دیکەیان لە هەمان ناوچە بۆردومان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ئەو ناوچانە بە پشتیوانیکردنی حزبوڵڵای لوبنان ناسراون و ئەگەری زۆرە لەوێ کۆگای تەقەمەنیی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لێ بێت.

هەروەها ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەردان، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ناوچەکانی نزیک دەمیشق و کۆگاکانی تەقەمەنیی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بۆردومان کرد، لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا سەربازێکی ئەرتەشی سووریە بریندار بوو.

ئیسرائیل لەسەر ئەم هێرشانە هیچ لێدوانێک نادات، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا لە سەدان حاڵەتدا ئەو هێرشانەی بۆ ڕێگریکردن لە جێگیرکردنی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە ئەنجام داوە.