کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک سەلام عەزیزی، قوتابییەکی بەئەمەگی مەکتەبی قاسملوو

23:32 - 21 پووشپەڕ 2723

ناسر ساڵحی‌ ئەسڵ

٢٤ ساڵ لەوە پێش و ڕاست لە ساڵڤەگەڕی ١٠ ساڵەی تێرۆرکرانی ڕێبەری ناوداری کورد و سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، مۆتەکەی مەرگ یەکێک لە باشترین، هەڵکەوتووترین و شازترین قوتابییەکانی قوتابخانەی هزری قاسملووی لێ ئەستاندین.

شەوی ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٧٨ی هەتاوی، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بەغدا، کاک سەید سەلام عەزیزی، کادری ڕێبەری و ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، بە هۆی نەخۆشییەکی چارەنەهاتوو، ماڵاوایی هەمیشەیی لە ڕێبوارانی ڕێگا و ڕێبازی مەکتەبی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی کرد.

سەید سەلام عەزیزی، ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی، لە گوندی "عەزیزکەند"، لە ناوچەی بۆکان لەدایک بووە. تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی لە گوندی "دۆنگوز"ی بۆکان دەرسی خوێندووە. دوایی بۆ ماوی ٣ ساڵ لەلای مامۆستایانی ئایینی درێژەی بە خوێندن داوە. پاشان بۆ درێژەدانی خوێندن ڕووی کردۆتە مەدرەسەی "علوم دینی" لە شاری مەهاباد و هاوکات لەگەڵ خوێندنی دەرسی ئایینی، هەر لەو شارە دیپلۆمی وەرگرتووە. پاش دامەزران لە ئیدارەی پەروەردە، وەک مامۆستا لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری ورمێ، خەریکی وانەوتنەوە و پێگەیاندنی قوتابییانی کورد و تورک لەو شارە بووە. ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی لە ڕشتەی حقووقی زانستگای تاران وەرگیراوە. پاش تەواوبوونی زانستگا لە دادگوستەریی ورمێ بووە بە قازی و پاش ماوەیەک، بووە بە سەرۆکی دادگوستەریی شاری بۆکان. لایەنگر و پشتیوانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، بە دژی ڕێژیمی شاهەنشاهی بوو. هەروەها خەڵکی شاری بۆکانی هان دەدا کە لەپێناو ئازادی و ڕزگاریی یەکجاری، بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە دەسەڵاتی حەمەڕەزا شا بکەن. کاک سەلام عەزیزی، پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، تا ساڵی ١٣٥٩، وەک ئەندامی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری بۆکان و لە دادگوستەریی ئەو شارە ئەرک و بەرپرسایەتیی خۆی بەڕێوە بردووە، بەڵام لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا لەسەر داوای ڕێبەری ناوداری گەلەکەمان، شەهید دوکتور قاسملووی نەمر، لە تۆی نامەیەکدا بە ڕەسمی، هاتە نێو ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و تەواوەخت درێژەی بە کار و چالاکیی سیاسی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دا. کاک سەید سەلام عەزیزی، کادرێکی ڕووناکبیر و تێکۆشەرێکی ماندوونەناسی حیزبەکەمان بوو. لە ماوەی خەبات و تێکۆشانیدا، زۆر ئەرکی گرینگی گرتە ئەستۆ و بە لێوەشاوەیی و لێهاتوویی خۆی، هەموو پلەکانی بەرپرسایەتیی حیزبیی یەک لە دوای یەک، وەک ئەندامی هەیئەتی ئیجرائیی کۆمیتە شارستانی بۆکان، ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی، بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامی دەفتەری سیاسی بە سەرکەوتنەوە بڕی. شەهید سەلام عەزیزی، مرۆڤێکی بە توانا و بە باوەڕ و بە ئەخلاق و لە مەیدانی خەباتی بەکردەوەدا، مرؤڤێکی ڕاستگۆ و دروستکار بوو. لایەنگریی لە حەق و دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا دەکرد. لە کار و کردەوە و هەڵوێستگرتندا، مودیرێکی بە توانا و مرۆڤێکی پڕکار بوو و ماندویی نەدەناسی و هەموو کات و وەختێ خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە حیزبییەکان تەرخان کردبوو.

شۆڕشگێڕێکی بە تەواو مانا، سیمای دێموکراتیکی واقیعی لە ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوڕی ڕۆژی تەنگانە و یاری وەفادار و واقیعی لە ڕێبازی دوکتور قاسملووی ڕێبەردا بوو.

ئولگووی کرداریی ڕێبەریی کاک سەلام، مامۆستای دێموکراسی، دوکتور قاسملوو بوو. پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەسەر بناغەی بەرژەوەندی و مەیل و ئارەزووی خەڵک دادەڕشت و ڕێزی لە ویست و داخوازییەکانی خەڵک و ئەندامانی حیزبی دێموکرات دەگرت. کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی خۆش دەویست و باوەڕی قووڵی بە دێموکراسی و مافی چارەنووسی نەتەوەی کورد هەبوو. هەمیشە و لە هەر دەرفەت و کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا، دیفاعی لە ویستە ڕەواکانی نەتەوەی کورد دەکرد. ئەو ڕێبەرە شازەی حیزبەکەمان، لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا دیپلۆمات و سیمایەکی ناسراوی حیزبەکەمان بوو. هەروەها شەهید سەلام عەزیزی، لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە نەتەوەی کورد بۆی هەیە لە هەر هەلومەرجێکدا شێوەی خەباتی خۆی دیاری بکا. لەسەر ناسینی دروستی هەلومەرج و دەرفەتەکان و هەڵسەنگاندنیان و لە پەنا ئەوەش دەستنیشانکردنی شێوەی خەباتی گونجاو لەگەڵ ئەو هەلومەرجانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، پێداگریی دەکرد کە لە چ هەلومەرجێکدا چ شێوە خەباتێک شوێندانەرتر و بەرهەمی زیاتری بۆ نەتەوەی کورد بەگشتی لێ دەکەوێتەوە. ئەخلاق و ڕەفتاری شۆڕشگێيانەی کاک سەلام لە کار و بەرپرسایەتیدا سەرمەشقی هاوڕێکانی بوو، لە کاتە هەستیارەکاندا پشتوپەنای سیاسەتەکانی حیزب و بەتایبەت پشتیوانی ڕاست و دروستی سیاسەتەکانی شەهید دوکتور قاسملووی نەمر و کاک دوکتور سەعیدی ڕێبەر بوو. کەسێکی بە هەڵوێست و ڕوخسارێکی سیمای دێموکرات بوو. لە بەرانبەر کەسانی هەلپەرەست، خاوەن هەڵوێست بوو، کاک سەلام ڕوخسارێکی ناسراوی حیزب و بزووتنەوەی میلـلی_دێموکراتیکی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. لێهاتوویی، زیرەکی و خاکەڕا بوون، لەخۆبوردوویی، ڕۆک بێژی و سەداقت و ڕاستگۆیی و باوەڕ بەخۆبوون، خاڵی بەرچاوی تایبەتمەندییەکانی کاک سەلام عەزیزی بوون. ئەو تایبەتمەندییانە و پشتبەستن بە ئیرادەی خۆی لە ڕێبەرایەتیی حیزب و بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێراندا وەک ڕێبەرێکی لێهاتوو و شایستە جێی پەنجەی لە سیاسەتگوزاریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دیار بووە. لە ٢٤ ساڵەی کۆچی ناوەختی کاک سەلام عەزیزیدا، یاد و ناوی ئەو شەهیدە هەمیشە بە نەمری و زیندوویی دەمێنێتەوە و خەبات و تێکۆشانی لەپێناو ئامانجە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوای ئەو نەمرەش، ڕێنوێن و ئیلهامدەری تێکۆشانمان دەبێت.