کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرابەری بناخەی ئازادییە

10:09 - 22 پووشپەڕ 2723

کەریم پەرویزی

ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، ئەو ڕۆژەیە کە تێیدا دەستی ڕەشی تیرۆریزمی ویلایەتی فەقیهی، تا ڤییەنی پێتەختی ئۆتریش درێژ بوویەوە و لەوێدا، لە وڵاتی بەناوبانگ بۆ فەرهەنگ و کەلتوور و مۆسیقادا، لەسەر ميزی بەناو وتووێژ دەسڕێژیان لە دوکتور قاسملووی نەمر و هاوڕێ عەبدوڵڵا قادری ئازەر کرد و وایانزانی بۆ هەمیشە لە دەستی دوکتور قاسملوو ڕزگاریان بووە و نەتەوەیەکیان لەو ڕێبەرە مەزنە بێبەش کردووە، دەسەڵاتی ئۆتریشیش تیرۆریستانی بە ڕێزەوە بەرەو تاران ئێسکۆرت کرد.

ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، پەڵەی ڕەشە بە ناوچاوانی کۆماری ئیسلامییەوە و زیندووترین بەڵگەی تیرۆرسیتبووونی ڕێژیمێکە کە نەک هەموو نەتەوەکانی ئێرانی بە بارمتە گرتووە، بەڵکوو لە ڕێگای تیرۆریزم و بارمتەگرتنەوە گوشار دێنێ بۆ سەر وڵاتانی دیکەش تاکوو مانەوەی ئەم ڕێژیمە نگریسە قبووڵ بکەن، هەروەها ٢٢ی پووشپەڕ پرسیارێکی گەورەی کوردستانە بەرەوڕووی دەوڵەتی ئوتریش کە دەبێ ڕۆژێک وەڵام بداتەوە.

لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨دا، ناوەندی بڕیاردەری تیرۆریستی لە تاران پێی وابوو کە بە شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو، ئیدی وێڕای نەمانی جەستەی قاسملوو، بیر و هزر و ڕێگاکەشی ون دەبێ و ڕێژیم دەتوانێ بە خەیاڵی ئاسوودە درێژە بە ستەمکارییەکانی بدا و ئیدی بەربەستێکی بۆ نامێنێ. بەڵام هەرچێ ڕێژیم لە تیرۆریزمدا سەرکەوتوو بووە و توانیویەتی بە شێوەی ترسنۆکانەی تیرۆریستییەوە زەبر لە باڵای نەتەوە و خەباتی کوردستان بوەشێنێ، بەڵام لە کوێرکردنەوەی ڕێگای خەباتدا ناسەرکەوتوو بووە وقۆناخ بە قۆناخ خەباتی نەتەوەکان لە ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد، بەربڵاوتر و گەشەسەندووتر بووە.

هۆکاری سەرەکیی باڵاکردنی خەبات لە کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ بناخەدار بوونی و هەڵقوڵاویی لەنێو ویستی نەتەوەی کورددا وهەروەها بەردەوامیی هزری ڕێبەری مەزنی ئەم خەباتە واتە دوکتور قاسملوو دەگەڕێتەوە بۆ زانایی و بیرمەندی و بلیمەتیی، کە بە خوێنی خۆی ڕێگا و ڕێبازەکەی درەوشاوەتر کرد.

لە ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵدا وێڕای یادکردنەوە لە ڕێبەری شەهید و هەروەها شەهید عەبدوڵڵا قادری ئازەر و هەموو شەهیدانی کوردستان، ئاوڕێکی کورت لە یەکيک لە کۆڵەکەکانی هزری دوکتور قاسملووی مەزن دەدەینەوە کە وانەی گرنگ  و هەتاهەتایین بۆ ڕێبواران و ئۆگرانی قوتابخانەکەی.

دوکتور قاسملووی نەمر لە وانەکانی ئابووریی سیاسیدا کە لە زانکۆی دێموکرات بۆ دەورەی بەرزی کادری بەڕێوە چوو، وێڕای باس لە سیستمی جیاوازی ئابووری و هەروەها شیکردنەوەی ئابووریی سیاسی، دەڵێ کە ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات بۆ دواڕۆژی وڵاتەکەمان کوردستان، سیستمێکمان دەوێ کە دادپەروەیی تێدا هەبێ و ئەو دادپەروەرییە لە سیستمی سۆسیالیستیدا وەدی دێ، بەڵام سۆسیالیزمێکمان دەوێ کە خەڵک بتوانێ قسەی خۆی بکا، ئەندامی حیزبەکەمان بتوانێ قسەی خۆی بکا. ڕەنگە بپرسن مەگەر لە وڵاتانی سۆسیالیستیدا خەڵک مافی قسەکردنی نییە؟ دوکتور قاسملوو لە وەڵامدا دەڵێ کە نەخێر مافی قسەکردنیان نییە و ڕەنگە ئێوە نەتاندیبێ، بەڵام من کە دیومە دەزانم کە ئەو مافەیان نییە و خۆ ناکرێ لەگەڵتان ڕاست نەبم.

چ لەو دەورەیەی کادری بەرز و چ لە کتێبە بەناوبانگەکەی واتە کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزمی دێموکراتیک، و چ لە چەندین نوووسراوە و وتاری دیکەدا، دوکتور قاسملوو تا ناوی سۆسیالیزم دێ، بەدوایدا باس لە دێموکراسی و ئازادی و مافی ڕادەربڕینی خەڵک دەکا و دەڵێ کە ئێمەی دێموکرات وێڕای سۆسیالیزم، دێموکراسیشمان دەوێ.

پێداگریی دوکتور قاسملوو لەسەر دێموکراسی لە زۆربەی نووسین و لێدوانەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە و تەنانەت لە دروشمی ستراتژیکی حیزبیشدا کە ئەو کات دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان بوو، پێداگری لەسەر دێموکراسی دەکاتەوە و کاتێک شیکاری لەسەر ئەو دروشمە دەکا، دووبارە بایەخی دێموکراسی و ئازادی باس دەکاتەوە.

ئازادی لای دوکتور قاسملوو، تەنیا دروشم نەبووە و پێداگریی لە هەموو بابەتەکاندا لەسەر ئازادی لە حاڵەتی دروشم و ڕێکار دەچێتە دەر و دەرخەری بڕوای ئەو ڕێبەرە بلیمەتەیە کە کاتێک باس لە ئازادی دەکا دەڵی، ئازادی کەرامەت دەدا بە مرۆڤ و نایەڵێ ببێتە مۆرە.

بەڵام ئەو ئازادییە لای دوکتور قاسملوو چ مانایەکی هەیە و لەسەر چ بناخەیەک ڕاوەستاوە؟

لە مێژووی هزرینی مرۆڤەکاندا باسێکی قووڵ و مشتومڕێکی بەردەوام لە نێوان لایەنگرانی دوو چەمکی گرنگدا هەبووە:

"ئازادی و بەرابەری"

لایەنگرانی ئازادی پێیان وابووە کە ئازادی ڕەسەنترە و بەرابەری شتێکی هاوپێچە یان لە هەندێ بیری توند و ڕاستڕەوتردا پێیان وابووە کە بەرابەری تەنیا تراویلکەیە کە دەبێتە پاساو بۆ پێشێلکردنی ئازادی.

 

لایەنگرانی بەرابەریش پێیان وابووە کە بەرابەری ڕەسەنە و ئازادی وەهمێکە کە بورژواکان بۆ داپۆشینی بێدادی و ستەمکارییەکانیان باسی دەکەن.

لە نووسین و لێدوانەکانی دوکتور قاسملوودا کە دەگەڕێی و وەردی دەدەیەوە، بەرابەری وەکوو جەوهەرێک وایە کە دەبێ لە هەموو ڕەهەند و قوژبنێکی کۆمەڵگادا ڕەنگی دابێتەوە.

دوکتور قاسملوو لە بەرابەریی نێوان مرۆڤەکانەوە دەست پێ دەکا و دەگاتە بەرابەریی نێوان کۆمەڵگاکان.

لەو نێوەدا بەرابەریی چینەکان و تەنانەت بەرابەریی ڕەگەزە جیاوازەکانیش فەرامۆش ناکا و پێی وایە کە کۆمەڵگا بۆ ئەوەی گەشە بکا و سەقامگرتوو بێ و ستەمکاریی تێدا نەمێنێ، دەبێ بەرابەریی تێدا جێگرتوو و ڕەگ داکوتاو بێ.

لە سیمای دێموکراتدا کاتێک دەڵی کە دێموکرات دژی هەر جۆر چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسانە؛ بڕوای وایە کە هەموو مرۆڤەکان لە جەوهەری خۆیاندا هاوتان و دەبێ مافی ئینسانیی وەک یەکیان پێ بدرێ و هەرجۆرە هەڵاواردن و ستەمێک کە مرۆڤێک سەرتر لە مرۆڤی دیکە لەبەرچاو دەگرێ وەلا بنرێ.

لە کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزمی دێموکراتیک و لە شیکردنەوەی کورتەباس و دواتر لە وانەکانی ئابووریی سیاسیشدا دەڵی کە ناکرێ مرۆڤەکان بەرابەر نەبن و هەڵاواردن لە نێوانیاندا هەبێ و گرووپێک بە سەر گرووپی دیکەدا بەرتەریی بدرێ و ئیدیعاش بکەی کە ئازادییان هەیە. ئازادییان کاتێک دەتوانێ جێبەجێ بکەن کە بەرابەریی مافی ئینسانییان ڕەچاو کرابێ.

لە بەرابەریی نێوان مرۆڤەکاندا تەنیا دەرفەت و دەرەتانە ئابوورییەکان لەبەرچاو ناگرێ بەڵکوو تەنانەت کەلتووری جیاواز و ئایینی جیاواز و زاراوەی جیاوازیشیان لەبەرچاو دەگرێ و دژی هەرجۆرە بێڕێزییەکە بە جیاوازییەکانی مرۆڤەکان.

لە بەشێکی گرنگی بەرابەریی مرۆڤەکاندا دەگاتە بەرابەریی ڕەگەزی یان جێنسی و بە واتایەکی تر بەرابەریی ژن و پیاو.

لە وانەکانی ئابووریی سیاسیدا دەڵی:

"... نیوەی دانیشتوانی وڵاتێك ژنن و هەرچی ئەوان زیاتر بەشداری بکەن لە موبارزەدا، لە ئیجتیماعدا، دیارە ئەوەندەش بۆ ئێمە، بۆ وڵاتەکە پێشکەوتووترە. ئێستا لە باری فەرهەنگی و سیاسییەوە هەرچی ژن زیاتر بەشدار بێت لە ئیدارەکردنی وڵاتەکەداو هەرچی حەق بڵێین نزیک بێتەوە بەتەواوی بە پیاو، ئەوەندە ئەو وڵاتە پێشکەتووترە. ...

کەوابوو لە هەموو بارێکی دیکەوە بەرابەریی تەواویان هەبێت و ئەوە زۆر موهیمە."

لە درێژەدا باسی ئەوە دەکا کە لەنێو حیزبی دێموکراتدا ئەوە وەکوو بەرنامە پەسند کراوە و شانازیی پێوە دەکەین بەڵام ئەوەی لەبیر ناچێ کە ڕەخنەش دەگرێ و دەڵێ کە ڕێگایەکی دوورترمان لەبەردەمە چونکە هەرچەند وەکوو بەرنامە پەسندمان کردووە و ڕەنگە زۆرجار باسی دەکەین کە ژنان بەشدار بن لە حیزبایەتی و سیاسەتدا بەڵام کە دەگاتە سەر ژن و دایک و خوشکی خۆمان دووبارە هەمان نەریتی کۆن لەنێو ميشکماندا زیندوو دەبێتەوە و دژی دەبین!

لە ڕوانگەی دوکتور قاسملوودا، بەرابەریی ژن و پیاو، دەبێ جگە لەو شتانەی کە سروشتی جیاوازی ژن و پیاوان، لە هەموو شتی دیکەدا بەرقەرار بێ و دەڵی کە ئەوە هەم بۆ ئێمەی دێموکرات گرنگە، یانی لە باری هزری و باوەڕەوە بڕوامان وایە کە ژن و پیاو بەرابەرن؛ هەم لە باری پیشکەوتنی کۆمەڵگاشەوە، هەرچی ژن و پیاو لە بەرابەریی تەواو نزیکتر بن، کۆمەڵگا پێشکەوتووترە.

دوکتور قاسملوو لە بەرابەریی مرۆڤەکانەوە ئاکام وەردەگرێ و دەگاتە بەرابەریی گرووپە جیاوازەکان و پێی وایە کە هیچ چین و توێژێک نابێ بێڕێزیی پێ بکرێ و نابێ ستەم و چەوسانەوە دژی هیچ چین و توێژيک لە کۆمەڵگادا هەبێ.

بەرابەری لای دوکتور قاسملوو لە گرووپ و چین تێدەپەڕێ و دەگاتە نەتەوەکانیش. لای دوکتور قاسملوو وێڕای مافی سروشتیی هەر نەتەوەیەک بۆ ئیدارەکردنی خۆی، پێی وایە کە هەموو نەتەوەکان بەرابەرن و نابێ هیچ نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەی دیکەدا زاڵ بێ. شۆڤێنزیم لە هەموو ڕەنگ و بۆن و جلێکدا ڕەد دەکاتەوە.

لە نووسراوەیەکدا کە ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی نووسراوەو وەڵامی کەسێک بەناو "ماکان" دەداتەوە باس لە بەرابەریی نەتەوەکان دەکا و پێداگری لەسەر بەرابەر و هاوتابوونی نەتەوەکان دەکاتەوە.

ماکان کەسێک بووە کە گوایە بیری چەپ و مارکسیستیی هەبووە و لە ڕوانگەیەکی مارکسیستیەوە مافی کورد دەباتە ژێر پرسیار و بوونی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ئێران وەکوو ئەفسانە ناو دەبا. دوکتور قاسملوو وەڵامی ماکان دەداتەوە و لەوێدا بەوردی باس لە نەتەوەبوون و مافە سروشتییەکانی نەتەوەی کورد تەنانەت بە مافی جیابوونەوەشەوە دەکا.

لە بڕگەیەکی وەڵامی دوکتور قاسملوو بۆ ماکان هاتووە:

" ڕێژیمی کۆنەپەرستی شا و دەسەڵاتی ئیمپریالیزم تەنیا بە خەباتی هاوبەشی هەموو گەلانی ئێران دەتوانێ سەرەونخوون بکرێ. خەباتی هاوبەش پێویستی بە دانپێدانانی بوون و وەک یەکیی مافی هەموو گەلانی ئێران هەیە. ... ئەوە تەنیا ڕێگای ڕاکێشانی دڵنیایی نەتەوەکانی زۆرلێکراوی ئێرانە و تەنیا هۆی پێکهێنانی یەکیەتیی داخوازانە و پێوەندیی بەهێزی ئەوانە لە ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیکدا."

لێرەدا و لە باسێک لەسەر دروشمی ستراتژیکی حیزب و لە چەند نووسراوی دیکەشدا، دوکتور قاسملوو وێڕای پێداگرتنەوە لەسەر فاکتۆرەکانی نەتەوەبوونی کورد و مافی سروشتیی کورد بۆ ئیدارەکردن و بڕیاردان لەسەر خۆی، لە ڕوانگەی بەرابەریی نیوان نەتەوەکانیشەوە باس لە مافی هاوتای کورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە و بەتایبەت نەتەوەی فارس دەکا و دەڵێ کە نە خۆمان لە فارس بە سەرتر دەزانین و نە سەروەریی ئەوانمان قبووڵە. ئێمە تەنیا و تەنیا هاوتابوون و بەرابەریی نێوان نەتەوەکانمان قبووڵە. لە دەروازەی بەرابەریی نێوان نەتەوەکانیشەوە دەڵێ کە هەر نەتەوەیەک دەبێ ئازادانە و بۆخۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدا و گەر دەیانەوێ پێکەوە بمێنن دەبێ ئەو یەکیەیتی  و پێکەوەمانەوە داخوازانە و بە ویست و ئیرادەی ئازادی خۆیان بێ نەک بە ستەمکاری و زۆرەملێ.

بەکورتی بەرابەری لای دوکتور قاسملوو جەوهەری مرۆڤبوون و پێکەوەژیانی کۆمەڵگا و گەشەکردنە و ئەو بەرابەرییە بناخەیەکە کە ئازادیی تێدا گەشە و باڵا دەکا. پێی وایە گەر لە شوێنێک ئازادی گەشەی نەکرد بە دڵنیاییەوە بەرابەرییەکەش بوونی نییە و ناکرێ بەرابەریی جەوهەری هەبێ و ئازادی خۆی دەرنەخستبێ.

ڕێباز و ڕێگای قاسملوو بۆیە ئێستەش کۆشکی ستمەکاران دەلەرزێنێ چوونکە وەهم و تراویلکەکانیان لێ بەتاڵ دەکاتەوە و مەشخەڵانی ڕاسانەوە و کۆڵەکەکانی هزری شۆڕشی ژیانە!

وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین