کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە تەبلیغییەکانی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ کوردستانیشی تێپەڕاند و گەیشتە نێو دڵی دوژمن

10:48 - 22 پووشپەڕ 2723

چالاکییە تەبلیغییەکانی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ بێجگە لەوەیکە هەموو کوردستانی گرتووەتەوە لەو پەڕی پەراسووی داگیرکەرەوە بووەتە هەوێنی تێکدانی هێمنی و ئاسایشی تێرۆریست پاسدارەکانی خامنەیی.

لە درێژەی چالاکییەکانیاندا ئەندامان و لایەنگرانی بەهەڵوێست و ئازای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شەقام و کۆڵانەکانی شاری شیرازدا ناوی قاسملوویان نەخشاند و دروشم و پێناسەی قاسملوو، حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کوردیان بە شێوەی نووسین و تراکت بڵاو کردەوە و لە ناو دڵی داگیرکەردا چالاکییان نواند.

هەر لەو پێوەندییەدا و لە درێژەی کار و چالاکیی ئەندامان و لایەنگرانی ماندوونەناس و بەورەی دێموکرات لە شاری مەهابادی پێشەنگ و شاری پێشەوای کوردان، پشت تالاری نەورۆز، و هەروەها شۆڕشگێڕانی گوندەکانی: قوڵقوڵە، باجەوەند، ئاوایی قومقەڵا، کۆسەکەرێز و قەرەقشڵاق بەوپەڕی ئیمان و باوڕەوە چالاکییەکانی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕیان بەڕێوەبرد.

ڕۆڵە ناسنامەپارێزەکانی شار و گوندەکانی بۆکانی مەتەرێزی خەبات و کوردایەتی ئەم ڕۆژانە بێ پسانەوە چالاک و وریا و دەست کراوە نەیانهێشتووە بۆ چرکەیەکیش دوژمن حەسانەوە بەخۆیەوە ببینێ و بەردەوامبوون لە چالاکیی و هەڵمەتی شۆڕشگێڕی و بێجگە لە هەموو کۆڵان و شەقامەکانی شاری بۆکان لە گوندەکانی عەلی ئاوای دۆڵەڕەش، ئاقبوڵاق، کانییەڕەش و حوسێناوا، میراوای بۆکان تا گوندی قەرەکەند، ئاوایی سرێلاوا، ئوشتەپە، گۆلە، ئەسپۆغە، جاددەی میاندوئاو- بۆکان، بۆکان – سایین قەڵا، وێنەی و تراکتی دوکتور قاسملوو و ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزبیان نەخشاند.

شۆڕەسوارانی هەڵکەوتەی ئەوینداری ئازادیی نیشتمان لە دەوروبەری شاری مەریوانی قەڵای کوردایەتی و بەرزاییەکانی ئەو شارە و شارەدێی "نێ"ی پشت و پەنای دێموکرات و بەرزاییەکانی زاواکێوی پیرانشاری مەڵبەندی ئازایەتی ، گەورەدێی مەرخۆزی دێموکراتپەروەری سەر بە شاری سەقزی پێشەنگ و نێو شاری شەقز و گوندی باب خاڵاوێی شنۆی هەڵمەتبەریان بە دروشمی شۆڕشگێڕی و هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و ئارمی حیزب و وێنەی دوکتور قاسملووی ڕێبەری شەهیدیان ڕازاندەوە.