کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە پەیماێکدا بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ یادی ٣٤ ساڵەی تیرۆرکردنی دوکتور قاسملوو و هاوڕێکانی ڕایگەیاند کە خوێنی بە ناحەق ڕژاوی شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێکانی بووەتە ڕێڕەوی خەباتی نەپساوەی خەڵکی کوردستان بۆ بە دیهێنانی ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی و مافە بنەڕەتییەکانی کورد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی دوکتور قاسملوو و هاوڕێکانی لە شاری ڤییەنی پایتەختی وڵاتی ئوتریش تێپەڕ دەبێت.
وەک ئاشکرایە، تیرۆرکردنی دوکتور قاسملوو و هاوڕێکانی، نەک نەیتوانی پرسی کورد لە ناوچەکە بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تایبەتی بتوێنێتەوە، بەڵکوو هەنووکە لە هەموو کات پتر خوێنی بە ناحەق ڕژاوی شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێکانی بووەتە ڕێڕەوی خەباتی نەپساوەی خەڵکی کوردستان بۆ بە دیهێنانی ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی و مافە بنەڕەتییەکانی کورد.
هەر لەم یادە تاڵەدا، یادی دوایین و نوێترین شەهیدان، سیامەند شابۆیی، عادل موھاجیر و لوقمان ئاجی، سێ شەهیدی تیرۆرکراوی نەتەوەکەمان بەرز ڕادەگرین و بە قووڵی هاوخەمی خۆمان لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵەی داخداری ئەو شەهیدانە و گشت خەڵکی کوردستان دووپات دەکەینەوە، دڵنیاین کە ئەم تیرۆر و ڕەشەکوژییە وەکوو مێژوو نیشانی داوە، ناتوانێت خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی ڕابگرێت، بەڵکوو سوورترمان دەکات.
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لەم یادە خەمناکەدا، وێڕای ناردنی سڵاو و ڕێز بۆ گیانی پاقژی دکتۆر قاسملووی زانا و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان، هاوکات پشتیوانی و بەشداریی چڕوپڕی خۆی لە هەموو ئەو کۆڕ و سیمینار و ڕێپێوانانە دەردەبڕێت کە لە دەرەوەی وڵات بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەری شەهیدانی ڤییەن دێتە گۆڕێ.
بەرز و بەڕێز بێ یاد و بیرەوەریی شەهیدی سەرکردە، دوکتور قاسملووی نەمر
شەکاوە بێت ئاڵای خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی