ئەندامان و لایەنگرانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات لە لوڕستان، ئیلام، قەسری شیرین، پاوە، شاباد ،سەرپێڵ و تاران بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە ئوتریش بە دەستی ڕەشی تێرۆریستەکانی ئاخوندی، چالاکیی تەبلیغیان بەڕێوە برد.
لە درێژەی ئەرک و چالاکییەکانی ئەندامان و لایەنگرانی بەوەجی حیزبی دێموکرات لە کوردستان، ڕێبوارانی ڕێگای شەهیدان لە شارەکانی "خوڕەماوای لوڕستان"ی لانکەی شێران، "ئیلام"ی چقڵی چاوی دوژمنان و تارانی پێتەختی ڕێژیم بە بۆنەی ساڵڕۆژی تێرۆری ڕێبەری زانا و لێهاتووی کورد دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیم لە ڤییەن، پێتەختی وڵاتی ئۆتریش لە ساڵی ٦٨ی هەتاوی چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و کۆماری ئیسلامیی تێرۆریستیان شەرمەزار کرد و بەڵینیان لەگەڵ ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانی کورد و کوردستان نوێ کردەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا کوڕان و کچانی بەهەست و ئازا و بلیمەتی شارەکانی "قەسری شیرین"ی لانکەی ئازایەتی و "شاباد"ی دلێر و "سەرپێڵ"ی ئەوین و ئازادی و "پاوە"ی خۆڕاگر و مێژووی بەرەنگاریی کوردان، بە بڵاوکردنەوەی وێنە و تراکت و دروشمی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ کۆڵان و شەقامەکانی شارەکانیان پڕ کرد لە هیوا و ئاسۆیەکی ڕوونتریان بە چاوی ئەویندارانی ڕزگاریی کوردستان بەخشی.