کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران بە بۆنەی تێرۆری ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە هەولێر

16:35 - 22 پووشپەڕ 2723

بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران بە بۆنەی تێرۆری ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی سیامەند شابۆیی لە نزیک هەولێر بە دەستی چڵکاوخۆرانی تێرۆریستی قوتابخانەی خومەینی و ئیدئۆلۆژییەکەی هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆیان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیاند.

لەو پێوەندییەدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەشێکی پەیامەکەیاندا وێڕای مەحکوومکردنی تێرۆری سێ ئەندامی حیزب لە باشووری کوردستان لە ماوەی یەک حەوتوودا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە كە پلان و بەرنامەی هاوبەشی حیزبەكانی رۆژهەڵات بۆ پووچەڵكردنەوەی پیلانی تیرۆری تێكۆشەرانی كورد لەلایەن ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی، پێویستییەكی هەنووكەییە و نابێ ڕێگە بدەین چیتر دەستی ڕەشی تێرۆر، كوردستانمان داغدارتر بكات.
هەروەها  بەشی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران و بەرەی دێموکراتیکی خەڵکی ئەهواز لە پەیامی جیاجیادا وێڕای مەحکوومکردنی تێرۆری سێ ئەندامی حیزبی دێموکرات لە ماوەی حەوتوویەکدا لە باشووری کوردستان هاوخەمیی خۆیان بۆ حیزبی دێموکرات، هاوسەنگەرانی شەهیدان و بنەماڵەکانیان و خەڵکی کوردستان دەربڕی و داوایان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بەدواداچوونی جیددی بۆ دۆزینەوە و سزادانی تێرۆریستان بکا و ئیزن نەدا کە ئەو هەرێمە جارێکی دیکە ببێتە مەیدانی تەراتێنی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
جێگای ئاماژەیە کە لەماوەی حەوتووی ڕابردوودا ٣ێ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی عادل موهاجێر(سەرباز) و لوقمان گەرگۆلی لە قەڵادزێ و سیامەند شابۆیی لە بەحرەکەی هەولێر بەدەستی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر کران و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی کوردستان بوون.