کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڕەکێک لە شاری هانوڤێر بە ناوی "ژینا ئەمینی" ناودێر دەکرێت

12:20 - 11 پووشپەڕ 2723

بە پێشنیاری پارتی دێموکراتی مەسیحی لە ویلایەتی نیدرزاکسۆنی ئاڵمان، گەڕەکێک لە لای چەپی ئۆپێراخانەی "گۆڕەپانی مافی مرۆڤ" لە شاری هانۆڤێر بە ناوی ''ژینا ئەمینی'' ناودێر دەکرێت.

بە وتەی نوێنەرانی ویلایەتیی پارتی دێموکراتی مەسیحی هانۆڤێر، ئەو ناودێرکردنە لە مانگی دێسامبر و  لە یادی ٧٥ ساڵەی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤدا ئەنجام دەدرێت.

بە وتەی ئەم حیزبە، ئەم کارە ڕێزلێنانێکە بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە دەیانەوێت بە ئازادی و سەربەخۆیی بژین.

پێشتر بە مۆڵەتی فەرمیی شارەوانیی فرانکفۆرت، ناوی ئەو شەقامەی کە کونسولخانەی گشتیی کۆماری ئیسلامیی تێدا هەڵکەوتووە، بە ئامادەبوونی نەرگس ئەسکەندەری گرونبێرگ، سەرۆکی شارەوانیی فرانکفۆرت کە بە ڕەچەڵەک ئێرانییە، بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێکی سەمبولیک و نافەرمی، بە ناو ژینا ئەمینی ناودێر کرا.

دوای دەسبەسەرکردن و کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی ئێران و  دەستپێکی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ئەو ڕێژیمە، لە زۆرێک لە وڵاتان وەکوو فەرانسە، ئوتریش، کانادا و بێلژیک ڕاگەیەندرا کە چەندین شوێن و شەقام بە ناوی ژینا ئەمینی ناودێر کراوە.