کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی قاسملوو ناسنامەی خەڵکی کوردستانە؟

14:29 - 23 پووشپەڕ 2723

محەممەد ئەفەندی(ڕێبوار)

د. قاسملوو لە فەسڵی یەکی کتێبی کوردستان و کورددا لە سەرەتاوە بە وشەی  "کوردستان" دەست پێدەکات، ئەو سەرەتا باس لە زێدی میلەتێک دەکات کە خاوەنی وڵات نین و بە سەر چوار وڵاتدا دابەش کراون!

لەوانەیە بگوترێ ئەو کتێبەی د.قاسملوو پێوەندیی بە مێژووی کوردەوە نییە و کەمتر لەسەر ڕەچەڵەکی کورد کاری کردووە و زیاتری کتێبەکە سیاسی و ئابوورییە!

بەڵام د. قاسملوو دەزانێت  وشەی "کوردستان" کەمتر لە جیهان بیستراوە و نامۆیە! هەربۆیەش هەوڵ دەدات ئەو وشەیە تەواو جێگیر بێت و خەڵک سەرەتا بە وشەی کوردستان ئاشنا بکات و دواتر بە کورد

لەوانەیە هەرکەسێک لەباتی د.قاسملوو بایە سەرەتا لە کوردەوە دەستی پێکردبایە، بەڵام د.قاسملوو بە پێچەوانەوە دەزانێت زۆرن ئەو میللەتانەی بێ دەوڵەتن، بەڵام کەمن ئەو میللەتانەی داوای مافی چارەی خۆنووسین بە حەقی خۆیان دەزانن، هەر بۆیە هەوڵ دەدات چوارچێوەیەک سەرەتا بۆ تاکی کورد کە ناوی کوردستانە لە ناو زەینی تاکێکی" ناکورددا" جێگیر بکات.

د. قاسملوو لە فەسڵی سێزدەی کتێبی کوردستان و کورددا  کە باس لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان دەکات دەڵێت: کورد وەک هەر نەتەوەیەک مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاری بکات و دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت.

د.قاسملوو ئەو تایبەتمەندییەش دەخاتە ڕوو، ئەویش ئەوەیە کە مەسەلەکە بۆ گەلی کورد تەنها لەسەر بەدیهێنانی سەربەخۆیی نییە! بەڵکو پێش هەموو شتێک پێوەندیی بە گەڕانەوەی یەکێتی نەتەوەییەوە هەیە لە نیوان کوردانی بەشەکانی تری کوردستان.

د.قاسملوو دەڵێت لەوانەیە یەکێتی کورد شتێکی خەیاڵی بێتە بەرچاو  و ئەو یەکێتییە ئیمکانی نەبێت، بەو حاڵەش پێویستە کورد خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت و دان بە مافی چارەی خۆنووسینی ئەودا بنرێت.

 

ئەوەی جێی باسە مەسەلەی" خودموختاری"ـیە  کە زۆر جار هاتۆتە بەر باس و کە د.قاسملوو لە سەر خودموختاری دەڵێت: بژاردەی خودموختاریی دڵخوازانە و برایانەیە لە "ئێستادا" بۆ یەکێتیی میلەتەکانە و بۆ" ئێستا "گونجاوە (کورد و عەرەب)

د. قاسملوو لە دانیشتنی لەگەڵ تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ڕاشکاوانە دەڵێت:

ئێمە داوای خودموختاری دەکەیین، بۆی هەیە نەسڵی دوای ئێمە داوای سەربەخۆیی بکات.

ئەوە دەریدەخات ئەوەی د.قاسملوو لە کتێبی کوردستان و کورددا ئاماژەی پێ کردووە بەتایبەتی مەسەلەی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد باوەڕی پێیەتی و ئەو خودموختارییە تاکتیکییە و ئەوەشی ڕاشکاوانە بە گوێی دوژمنانی گەلی کورد گەیاندووە.

جگە لە مافی دیاریکردنی چارەنووس کە باوەری قووڵی پێیەتی هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئابووری لە کوردستان دەدات و سۆسیالیزمی دێموکراتیک بۆ ئەو مەسئەلە پێشنیار دەکات.

د. قاسملوو بە هێنانە باسی سۆسیالیزمی دێموکراتیک سەرەتا ئەو سۆسیالیزمەی سڕیەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەرخواری لاوان درابوو، ئەو سۆسیالیزمەی کە زۆر حیزب و لایەن خۆیان بە درێژەدەری دەزانی.

هەروەها لە شیکردنەوەی کورتەباسدا ئەدبیاتی سۆسیالیستی لە ئێران دەگەڕێنێتەوە سەر حیزبی توودە کە پڕە لە بیر و باوەری ناڕاست و چەوت، کەواتە قاسملوو بە کردەوە خۆی لە حیزبی توودە دادەماڵێ و بیر و باوەری ئەو حیزبەش بە ناڕاست و چەوت دەزانێ.

د. قاسملوو لە خەیاڵدا نەدەژیا، ئەوەی لە پراکتیکدا نەکرابایە پشتگوێی دەخست، ئەو کوردستانێکی خەیاڵی نەدەویست بەڵکوو کوردستانێکی واقعی دەویست.هەربۆیە خەباتی  نەتەوایەتیی لە پێشەوەی خەباتی چینایەتیدا تەعریف دەکرد، ئەو باوەڕی وابوو کە ئێستا ستەمی نەتەوایەتی پێش ستەمەکانی دیکەیە.

د. قاسملوو خۆی لە بە شوێنکەوتن یان وەک خۆی دەڵێت "ئۆلگووسازی" دوور دەکاتەوە و لە سەر ئەو باوەڕەیە کە ئەو وڵاتانەی سۆسیالیزمیان جێگیر کردووە ئێمە ناتوانیین بە ئولگویان وەرگرین و دەبێ هەرچی چاکەیە لێیان وەرگرین و لە خراپەکان دوور کەوینەوە.

ئەگەر ئاوڕێک لە ژیانی پڕ بەرهەمی قاسملووی نەمر بدەینەوە، دەبینین کە چۆن توانیبووی لە سەردەمی خۆیدا ڕێبەرێکی جێی متمانە بۆ گەلەکەی بێت و کاریگەریی نە تەنیا لەسەر خەڵکی کوردستان بەڵکوو لەسەر ڕوانینی کەسایەتییە دیارەکانی جیهانیش بەنیسبەت پرسی کورد هەبێت. ئەندێشەی قاسملوو، پاش زیاتر کە ٣ دەیە لە شەهیدبوونی ئێستاش لە ژیانی تاکی کورددا ڕەنگ دەداتەوە کە نموونەی بەرچاوی، شۆڕشی ژینا و بەردەوامبوونی خەڵک لەسەر ئەو ڕێبازەیە کە قاسملوو بە بیر و ئەندێشەی خۆی کردی بە ڕێباز. کەوایە قاسملووناسنامەی خەڵکی کوردستانەو بە بێ باسکردن لە قاسملوو و بیری ئەو ڕێبەرە، ناکرێ باس لە کوردستان و پرسی کورد بکرێت.