حەمید مەحموودی، پێشمەرگەی تازەلاوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆچی دوایی کرد.
حەمید مەحموودی، خەڵکی گوندی هەوی لە ناوچەی تیلەکۆی سەقز کە سێ حەوتوو لەوەپێش بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی قەتعی نوخاع ببوو، سەرەڕای هەوڵی بێوچانی پزیشکەکان و بەدواداچوونی تیمی نەخۆشخانە، مخابن ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٣ی پووشپەڕ گیانی لەدەست دا.
حەمید مەحموودی، تەمەن ٢٥ ساڵ، دیپلۆمی "ماشێنئالاتی کشاوەرزی"ی هەبوو. ناوبراو ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی وەک لاوێكی بەهەست ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ خەباتی سیاسی_نەتەوەیی هەڵبژارد و لە ماوەی نیزیک ساڵێک پێشمەرگایەتیدا هەم توانایی و باوەڕبەخۆبوون و هەم ئیمانی قووڵی بە رێبازەکەی سەلماند؛ بەڵام بەداخەوە مەرگی ناوەخت ئیزنی نەدا لەوەندە زیاتر توانا و لێوەشاوەییەکانی بخاتە خزمەتی جووڵانەوەی گەل و نیشتمانەکەی.
ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی کاک حەمید مەحموودی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و هاوسەنگەرانی دەکات.
ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٢