کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی لە شار و گوندەکانی بانە، پاوە، جوانڕۆ، سەقز و بۆکان تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ

09:35 - 24 پووشپەڕ 2723

ئەندامان و لایەنگرانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات لە شار و گوندەکانی پاوە، جوانڕۆ، سەقز، بانە و بۆکان بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ڕێبەری هەڵکەوتووی گەلەکەمان و نووسینی دروشم و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ڕۆژی تێرۆرکردنی ڕێبەری مەزنی کورد دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە دەستی شەمشەمەکوێرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی ئۆتریش، چالاکییەکی بێوێنەیان بەڕێوەبرد.

هەر لەو پێوەندییەدا لە مەیدانی هەڵۆی شاری سەقز و لە گوندەکانی چاپانی سەروو، چاپانی خواروو، گوڵزاری سەروو، تیکانلوو، قوزڵووی خواروو، سەرسێف، کەچەڵ میان، خوردە لووکی، سەڵتەکەوتوو، گەورەقەڵا و مەڵقەرەنی،  قوتابیانی قاسملوو چالاکی و ئەرکی خۆیان بەڕێوە برد و بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ڕێبەری شەهید و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و دروشمی تایبەت ئەو شوێنانەیان ڕازاندەوە.

هەروەها لە شاری بانە و گوندەکانی وەکوو، سووتوو، بەردەڕەش، کشکەسە، حەسەناوا، کۆخان، زیویە، پەڕشە، هەڵۆ، سپی دار، نەمەشیر، پیاوێن، نجنێ خواروو، نجنێ سەروو، مەنجەڵان و جاددەی سەردەشت بانە، ڕێبوارانی بە ئەمەگی ڕێگای شەهیدانی کورد و کوردستان بە چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغیی تایبەت بە یادکردنەوەی تێرۆری ڕێبەری پێشەنگی گەلەکەمان دوکتور قاسملوو و شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامیی تێرۆریستپەروەر ئەرکی خۆیان بەجێ گەیاند.

لە شاری بۆکان و گوندەکانی، قاڵوێ شێخان، ئیسکی بەغدا و ڕێگای نێوان گوندەکانی قەرەگوێز و شاریکەند وەکوو هەمیشە و هاوکات لەگەڵ شار و گوندەکانی دیکە ئەویندارانی ئازادیی نیشتمان ئەمجارە باشتر و بەربڵاوتر لە هەمیشە چالاکیی تەبلیغیی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕیان بەڕێوە برد و بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کودستان و بڵاوکردنەوەی وێنەی دوکتور قاسملوو پەیمان و بەڵێنیان پتەوتر کردەوە.

هەروەها ڕۆڵە بەجەرگەکانی شاری جوانڕۆ بە بڵاوکردنەوەی وێنە و تراکتی تایبەت بە دوکتور قاسملوو و وتەبەنرخەکانی لە شەقام و کۆڵانەکانی ئەو شارە قارەمانەدا سەلماندیان کە کورد بە هیچ شێوەیەک کۆڵ نادا و تا گەیشتن بە مافەکانی لە خەبات بەردەوامە.

ئەندامان و تێکۆشەرانی هەمیشە سەربەرزی دێموکرات لە شاری "پاوە"ش شان بە شانی تێکۆشەرانی دیکەی کوردستان ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕیان کردە ڕۆژی بەڵێن و پەیمان بە ڕێبازی شەهیدان و وەستانەوە لە بەرانبەر دوژمنانی گەلەکەماندا تا گەیشتن بە ئازادی و مافی نەتەوەکەمان و لەو ڕۆژەدا چەندین جۆر چالاکیی شیاویان بەڕێوە برد.