ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
رێبوارانی ڕێگای پڕ لە سەروەریی شەهید دوکتور قاسملووی ڕێبەر!
ئەوساڵ لە هەلومەرجێکدا یادی 34هەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری ڕێبەری گەورەمان، دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانیمان کردەوە کە نیشتمانەکەمان لەپاش شۆڕشی ژینا و سەپاندنی دۆخێکی تەواو ئەمنیەتیتر لە جاران و گرتن و دەستبەسەر کردنی لاوان و تێکۆشەران و هەروەها شەهیدکردنی دوو لاوی تێکۆشەر لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە مرۆڤکوژەکانی ڕێژیم و تێرۆری سێ ئەندامی حیزبی دێموکرات لە هەرێمی کوردستان، بە دۆخێکی دژوار و تایبەتدا تێدەپەرێ. بەڵام ئێوەی بەهەڵوێست و کۆڵنەدەر، زۆر بەگوڕتر لە ساڵانی پێشوو بە هەموو لایەکتان نیشان دا کە لەهیچ بارودۆخێکدا ڕێبەری ناوداری خۆتان لەبیر ناکەن و بە کار و چالاکییەکانی خۆتان جارێکیتر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانتان گوتەوە کە ئەو ڕووداوە پڕ لە شەرمەزارییە لەبیر ناکەن و سوورتر لە هەمیشە لەسەر ڕێگا و ڕێبازی دوکتور قاسملوو بەردەوام دەبن.
هاوڕێیانی سەر بە ڕێکخستنەکانی حیزب لە نێوخۆی وڵات!
ئێوە لە ڕێگای نووسینی درووشم و بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی دوکتور قاسملوو و، بەناردنی گرتە ویدیۆکانتان لە شار و گوندەکانی کوردستان هەر لە لوڕستانەوە تا ماکۆ سەلماندتان کە ناو و یادی دوکتور قاسملوو بۆ هەتاهەتایە لە ئاسمانی نیشتمانەکەماندا دەدرەوشێتەوە و ڕۆشنکەرەوەی ڕێگای خەباتمانە.
خاڵی بەرچاوی وەبیرهێنانەوەی ئەم یادە ئەوە بوو کە ئەوساڵ زیاتر لە ساڵانی پیشوو، کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکان، چالاکانی مەدەنی، نووسەران، شاعیران و هونەرمەندان و بەتایبەتی ژنانی تێکۆشەر و پێشەنگی کوردستان لەنێوخۆی وڵات بە نووسین و دانانی بابەت و وێنەی دوکتور و دانانی شێعر و پارچە موسیقایەک و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕێزیان لە ناو و یادی ڕێبەری شەهیدمان، دوکتور قاسملوو گرت.
هەر بۆیە لە لایەن ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پڕبەدڵ سپاسی ئەو ئازیزانە و چالاکییەکانی ئێوە تێکۆشەرانی سەر بە تەشکیلاتی حیزب و لایەنگرانی ئەندێشەکانی قاسملووی شەهید لە سەرانسەری کوردستان و هەروەها شارەکانی ئێران دەکەین.
ماندوو نەبن و بە هیوای هەڵهاتنی خۆری ئازادی و گەییشتن بە ئاواتەکانی دوکتور قاسملووی رێبەر.
حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران
ناوەندی تەشکیلات
٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢