کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغیی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ لە شار و ناوچەکانی کوردستان

12:06 - 24 پووشپەڕ 2723

ئەندامان و لایەنگرانی بەوەجی حیزبی دێموکرات لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، سالیادی تێرۆری ڕێبەری ناوداری کورد(دوکتور قاسملوو) و هاوڕێیانی بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر مێزی وتووێژ چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لەدرێژەی کار و چالاکییەکانی ئەندامان و لایەنگرانی چاونەترس و وەفاداری حیزبی دێموکرات لە شار و گوندەکانی کوردستان بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ڕێبوارانی ڕێگا و ڕێبازی دوکتور قاسملووی زانا لە شاری تاسەر ئێسقان دێموکراتی تیکاب لە ناوچەی هەوشار بە نووسینی دروشمی"بژی دێموکرات، قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە" و بڵاوکردنەوەی وێنەی دوکتور قاسملوولە گەڕەک و شەقامەکانی ئەو شارەدا بۆ جارێکی دیکە و لە بۆنەیەکی دیکەدا وەفاداریی خۆیان بەو ڕێبازە پیرۆزە ڕاگەیاند و پەیمانیان لەگەڵ حیزبەکەیان و خاکی کوردستان نوێ کردەوە.

هەروەها تێکۆشەرانی حیزب لەنێو شەقام و کۆڵانەکانی شاری هەمیشە کوردستانی ورمێ و ناوچەکانی شەملیکان، وەلەند، ئیسلام‌ئاباد و شارەکی دانشگا و دەوروبەری شاری  پێشمەرگەپەروەری ماکۆ بە بڵاوکردنەوەی وێنە و تراکتی تایبەت بەو ڕۆژە پەیامی نەسرەوتن تا سەرکەوتنیان بە دۆست و نەیار و دوژمنی تێرۆریست ڕاگەیاند.

هەر لەو پێوەندییەدا لە گەڕەکەکانی ڕوودەکی، شاناز و کەریماوای شاری سەربەرز و خۆڕاگری سەقز، کۆڵان و گەڕەکەکانی شاری مەریوانی پێشەنگ و نیشتمانپەروەر، ڕێگای کۆسە و ڕێگای بەنداوی  شاری بۆکانی قارەمان، نەڵێنی و گەدەی مەنگوڕایەتیی پیرانشاری مەکۆی دلێران، ئاواییەکانی کانی‌درێژ و گڵۆڵانی سەر بە شاری مەهابادی کۆڵنەدەر، دەوروبەری شاری پاوەی بەرەنگاری و خەبات، لەلایەن ڕۆڵە بەجەرگ و نیشتمانپەروەرەکانی کوردەوە بە وێنە و تراکت و دروشمی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکرات ڕازایەوە.

هەر لەسەر ئەو چالاکییانە، ئەویندارانی سەربەستیی لە گوندی تەنگیسەری مێژووساز سەر بە شاری سنەی باوەڕ و کوردایەتی بە هەڵکردنی مۆم و دانانی وێنەی دوکتور قاسملووی ڕێبەر، ئەمجارەش وەکوو هەمیشە پەیمان و بەڵێنیان لەسەر ڕێبازی شەهیدانی حیزب و گەل و ڕێگای سەربەستیی نیشتمان نوێ کردەوە.