کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوانی کورد و تورکی ورمێ لە پێوەندی لەگەڵ تێرۆری دوکتور قاسملوو پەیامێکیان بڵاو کردەوە

17:08 - 24 پووشپەڕ 2723

لاوانی کورد و تورکی شاری ورمێ هاوکات لەگەڵ ٢٢ی پووشپەڕ، سالڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لەلایەن دیپڵۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

لەو پەیامی لاوانی ئازادیخوازی ورمێ هاتووە: "٣٤ ساڵ لەمەوپێش ڕێبەری نەتەوی کورد و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی لە شاری ڤییەن بەدەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر میزی وتووێژ شەهید کران. دەوڵەتی ئەو کاتی ئوتریش لەبەر بەرژەوەندی خۆی دۆسییەکەی بەست و تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی بە پێشوازییەکی گەورە بۆ ئێران گەڕانەوە.

لەو پەیامەدا هاتووە، لە کاتێک یادی ٣٤ ساڵەی تێرۆری ڕێبەری مەزنی گەلی کورد دوکتور قاسملوو بەرز ڕادەگرین کە یەکگرتوویییەکی بێوێنە لە دوای شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" لە نێوان نەتەوەکانی ئێران هاتووەتە ئاراوە.

هەروەها لاوانی کورد و تورک لە درێژەدا وتوویانە: "دوکتور قاسملوو لە پێناو یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نێوان نەتەوەکانی ژێر دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بۆ ئێرانێکی دێمۆکراتیک و سێکۆلار خەباتی دەکرد کە تێیدا نەتەوەکانی کورد، تورک و بەلووچ و باقی نەتەوەکانی دیکە بە شێوەی یەکسان بژین".

ئازادیخوازانی کورد و تورکی ورمێ لە کۆتایی پەیامەکەدا ڕایانگەیاند کە ئێمە وەکوو لاوانی کورد و تورکی ورمێ، یاد و ناوی ئەو کەسایەتییە ناودارە سیاسی و ڕێبەری نەتەوەی کورد بەرز ڕادەگرین و ڕێگاکەی تا گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانی کە یەکگرتوویی و یەکڕیزی نەتەوە و کەمینەکانی دیکەی ئێران و ئازادیی ئێران و دامەزراندنی حکومەتێکی سێکۆلار دێموکرات بوو، درێژە پێدەدەین.