شێخ جەماڵ موکریانی
حاشاهەڵنەگرە کە فاکتەری یەکگرتوویی لەنێوان حێزب و گروپە دژبەرەکان لە پێویستییەکانی هەموو هێزە ڕووخێنەرەکانی هەر وڵاتێک لە دژی دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتەیە. ئەم یەکگرتووییە دژبەرانی دەسەڵات بۆ هەر سیناریۆیەک لە داهاتووی شۆڕشدا ئامادە دەکات و دەستەبەری ماف و داواکارییەکانی ئێستای جەماوەری سەر شەقام و قۆناغی دوای ئازادییشە. لەو لاشەوە مێژووی شۆڕشەکان پێمان دەڵێت هەر یەکگرتوویەک دەبێت لەسەر ئەساسی خاڵە هاوبەشەکان بێت.
یەکگرتوویی بەردەوامی دژبەرانی حکوومەتی دەسەڵاتدار دەبێتە پێشمەرجی داڕمانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری کە دایمە بە شوێن ڕەوایی وەرگرتن و سەرکوتی جەماوەر بە هەر بیانوویەکە. کە واتە نەبوونی یەکڕیزی و گوتاریی نزیک لە یەک ئاکامێکی جگە لە شکستی ئۆپۆزیسیۆن و بەهێزتربوونی دەسەڵات نابێت. دیارە هەوڵ بۆ یەکگرتوویی لەدژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی شتێکی نوێ نییە و پتر لە چوار دەیەیە ئۆپۆزیسیۆن هەوڵی بێئاکامی بۆ دەدات. یەکگرتوویی بەکردەوەی هێزە دژبەرەکان بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی ڕوون یارمەتیمان دەدات و جەماوەر و ڕێبەری دڵگەرم دەکات بە پاشەڕۆژێکی گەش و تاکە ڕێکار بۆ سەرکەوتنە. گەیشتن بە ئامانجەکان هاوکێشەیەکی دوو جەمسەریە: ئۆپۆزیسیۆنی جێگای متمانە و خەڵکی گیانفیدای سەر شەقام کە دوو جەمسەری شۆڕشن و دەبێت هەر دوولا داخوازی و ویستی نزیک بە یەکیان هەبێت.
دیارە بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ هاوهەڵوێستیی ئۆپۆزیسیۆن و شەقام پێویستە و بەپێی تایبەتمەندیە جۆراوجۆرەکانی هەر ناوچەیەک دەبێ دەرکەوتنی جیاوازی هەبێت. دەبێ هاوکات لەبیرمان بێت کە دەسەڵات بۆ دژایەتیی ئۆپۆزیسیۆن سەدان فێڵ و تەڵەکە و ئیمکاناتی لەبەردەستدایە و لە هیچ کارێک خۆ ناپارێزێت؛ ئەو ڕێژیمە پتر لە چل ساڵە بە مودییریەتی ئۆپۆزیسیۆن و سیاسەتی ناکۆکینانەوە لە نێوانیاندا تەمەنی خۆی درێژ کردووەتەوە.
بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە کە ئێران لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتێکی توتالیتێرە. ئێرانی چەن میللەتی، چەن فەرهەنگی و فرە بیر و باوەڕ، هەر چەندە ململانێی سەرەکی لەنێوان تاقمێک کە هەموو سامان و میدیای فەرمی و ئابووری وڵاتی لەژێر دەستدایە و خەڵکێک کە بەدەستی بەتاڵ لە بەرانبەریدا قارەمانانە ڕاوەستاوە. هەڵبەت خەڵک ناوێکی گشتیە و ئەم خەڵکە خۆی بە سەر سێ ڕەوتی سەرەکیدا دابەش بووە:
١- ناسیۆنالیستی ئێرانی کە بەسەر دوو بەشدا پۆلێن دەکرێن:
بەشی یەکەم کولتوور و زمانی خۆیان خۆش دەوێت و لە چوارچێوەی کۆمەڵێ نۆستالۆژی و مێژووی درووستکراوی سەد ساڵی ڕابردوودا گیریان خواردووە، بەڵام لامەرکەزی (نا-ناوەندەگەرێتی) و تەنانەت فیدرالیزم و لە نێوچوونی سپای پاسدارانیشیان قبووڵە. سیستەمی و ڕێکخراوەیین، بەڵام پاشایەتیی پارلەمانییان قبووڵە و دەکرێ ل گەڵیان قسە بکرێت و هەر بەمانە بەشی دووهەم کونتڕۆڵ بکرێت.
بەشی دووهەم لایەنگرانی پەهلەوین، شوڕشی گەلانی ئێران بە فیتنەی ٥٧ ناو دەبن و هیچ باوەڕێکیان بە مافی گەلان نییە. لە خەڵک بێمنەتن و پتر خولیای کودەتا و پشتیوانیی زلهێزەکانن. ژێر مەجموعەی ئەم ڕەوتە بە توندی کۆمەڵگەی ئێران بەرەو فاشیزم لە سەر بنەمای ناسیۆنالیزمی هێرشبەری ئێرانی دەبەن و ئەگەر پێشیان پێ نەگیرێ بەزوویی دەبێتە قەیرانێک کە لە ئاکامدا وڵات پەلکێشی شەڕی نێوخۆیی دەکات. کەسایەتیی بەرچاوی ئەم ڕەوتە رەزا پەهلەوی و کۆمەڵێ کەسی گوماناویی دەوروبەریەتی کە زۆرینەیان تازە لە نێوخۆی وڵاتەوە چوونەتە دەرەوە و ئەو کەسانە لێرە -لە نێوخۆی وڵاتیش- هیچ کات جێگای متمانەی خەڵک نەبوون و نین. پێگەی ئەم ڕەوتە شێوە فاشیستییە بەداخەوە لە ناکارامەبوونی ئۆپۆزیسیون و دەسەڵات هەردووکیان لە حاڵەتی هەڵکشاندایە.
٢- زۆرینەی خەڵک کە تەنیا داواکاری مەعیشەتی و ئابورییان هەیە و گەیشتن بە عەداڵەتێکی کۆمەڵایەتی و لە ئازادیدا ژیانکردن گەورەترین ئاواتیانە. ئەم بەشە دابەش دەکرێت بەسەر هەموو ڕەوتەکاندا و دەکرێ کۆماریخواز، پاشایەتیخواز یان فدرالیستیش بن.
٣- بزوتنەوەی میللی - مەزهەبی کە بەشێکی زۆر لە ڕێفۆرمخوازەکان تاکوو بەشی ڕوخێنەر لە خۆ دەگرێت. نزیکایەتی سەیریان لەگەڵ ناسیۆنالیزمی ئێرانی هەیە و لەگەڵ هەموو چەمکە دێموکراتیکەکان هاوڕان بێجگە لە مافی نەتەوە بندەستەکان،. زۆرینەیان ڕوخێنەر نین، بەڵکوو ڕەخنەگری وەزعی مەوجوودن و لەگەڵ حکوومەتی سەرەڕۆ و تاکەکەسیی خامنەیی کێشەیان هەیە، نەک نیزامی کۆماری ئێسلامی و پتر داوای بەش لە سیستەم دەکەن و لە جیهانبینی کەڵاندا نزیکایەتی سەیریان لەگەڵ ڕێژیم هەیە و لە باستانگەراییش وەک تاکتیکێکی پۆپۆلیستی کەڵک وەردەگرن.
٤- نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران کە زۆرینەی حەشیمەتی ئێران پێک دێنن. ئەم نەتەوانە جگە لە کورد ڕێکخراوەی بەهێزیان نییە بۆیە ئۆپۆزیسیۆنی پێکهاتوو لە نوخبەی سیاسیی نەتەوەکان هەرا ئێستا نەیتوانیوە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ڕاستە ئەوان توانیویانە لەسەر ئەساسی فێدرالیزم بە دەوری یەکەوە کۆ ببنەوە، بەڵام ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەریان لە هاوکێشە سیاسییەکاندا نییە. ئەوان میدیای بەهێزیان نییە و ناتوانن دەنگ و ویستی خۆیان بە جەماوەر و بەردەنگ بگەیەنن. پێگەت کوردستانیش هەرچەندە لە چاو نەتەوە بندەستەکانی تر زۆر باشە، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نەیتوانیوە نێوماڵی کوردی ڕۆژهەڵات ڕێکبخات و هەئێستاش بۆ ئەوەی ببێتە ئەڵتەرناتیڤی زاڵ کە نەتەوەکانیتر بە دەوریەوە کۆ بنەوە مەودایەکی مانادارمان هەیە. هەروەها زۆرجار بێمتمانەیی و ناشەفافی بەکردەوە جێگای یەکتر قبووڵ کردن دەگرێت، بەتایبەت لە هەڵسوکەوت لەگەڵ کەسانی مەیدانیی نێوخۆدا!
٥- ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەریی دەرەوەی وڵات کە بەشێکیان لە ئەساسدا شکست و هەرەسهێنانی قبووڵ کردبوو، و خەریکی ژیانی خۆیان بوون بە شۆڕشی ژینا زیندوو بوونەوە. ئەم تاقمە چ وەک کەسایەتی و چ ڕێکخراوە زۆرتر لە سامانەی پاشایەتیدا دەبیندرێن. نموونەیان لەنێو میللی مەزهەبیەکانیشدا کەم نییە و دژایەتیان لەگەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر بەدەوری خۆیانەوە بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتە.
بەشێکیتر لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات وەک موجاهدینی خەڵقی ئێران تێچووی زۆریان بۆ خەبات دژی ڕێژیم داوە، دەجەنگێت و لە مەیداندایە و کۆمەڵێ شتیش قبووڵ دەکات. بەڵام ئیدیعای ڕێبەریی ڕەهای هەیە و، هەر ئەم ئیدیعا و درووسکردنی سەرۆککۆماری پێشوەخت و ڕواڵەت و ئاسەوارەکانیان لە ساحەی گشتیدا گەورەترین کۆسپە لە سەر متمانەی زۆرینە بەوان.
بەشێکی دیکەش لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات پێکهاتووە کە جوان دیارە باڵی کۆماری ئیسلامین و لە بەرانبەر هەر یەکگرتووییەکدا دەوەستن. ئەوان بەیانی هەتا ئێوارە کاریان شەڕەجنێوە و، لە واقیعدا ئۆپۆزیسیۆنی ئۆپۆزیسیۆنن! بە ڕوخساری جۆراوجۆرەوە دەبینرێن، بەڵام کاریان دوورکردنەوەی زیاتری خەڵک و حیزبەکان لە یەکترە.
ئەگەرچی بەشێ لە جیاوازیی ڕا و بۆچوونەکان نیشانەی زیندووبوونی کۆمەڵگەی سیاسییە، بەڵام ئەم ململانێ و بۆچوونانە کاتێ دەتوانێ بە قازانجی شۆڕش و خەڵکی خۆمان بشکێتەوە کە لە سەر کۆمەڵێ چوارچێوە ڕێککەوین کرابێت. هەروەها بۆ سازدانی ئاڵترناتیڤێک بێت لە نێوخۆ و دەرەوە وەک جێگرەوەی دۆخی ئارایی و سامانبەخشین و ڕێکخستنی نێوخۆی وڵات.
لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێراندا لەسەر ئەو باوەڕەم کە نایەکگرتوویی و پەڕشوبڵاویی هێزە کوردییەکان لە سەنگ و قورسایی کورد و پێشەنگایەتیی کوردیان کە کردووەتەوە. هۆکارەکانی نایەکگرتووی و لە یەکترازانی بنەماڵەی کوردی و هەروەها ئەوەی کە پێی دەگوترێت ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری ئەمانەن:
- نەبوونی شوڕا، موئەسیسە یان لایەنێکی بەهێز لە دەرەوە وڵات کە توانای کۆکردنەوەی هێزە دژبەرەکانی هەبێت وە لە هەمان حاڵدا ئیدیعای ڕێبەری و مەبەستی ڕێبەر دروستکردنی تاکەکەسیی نەبێت.
- نەبوونی شەفافییەتی سیاسی لەسەر بنەمای ئەخلاقی سیاسی و نەبوونی کۆدەنگی بەهۆی چەقبەستوویی لە بنەما فیکری و ئێدئۆلۆژیکییەکان. زۆرم پێ سەیرە زۆرترینی ئەوانەی دیاسپۆرا لە کاتێکدا بەرنامە و پرۆگرامی لایەنێکی سیاسیی نەخوێندۆتەوە، لەدژی دەوەستێ و بەئاسانی دەکەوێتە قەزاوەتکردنی.
- بێ بەرنامەیی و سیستەمی کارنەکردن و نەناسینی باشی یەکتر کە زۆر جار دەبینین بە دانیشتنێکی دۆستانە دژبەر دەبن بە هاۆکار!
- نەناسینی بارودۆخی نێوخۆ و ئەو بابەتانەی ئیستا لە نێوخۆ بۆ خەڵک چەمک و داواکاریی سەرەکیین. دەبینین کە بە بیانووی بارودۆخی ئەمنییەتی حیزبەکان هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ کەسایەتی و ڕێکخراوەکانی نێوخۆ دەکرێت، تاکوو ئاستی بێڕێزی، نەگۆڕینەوەی ڕا و بیر و بۆچوون و هەڵوێستەکان و بەشدارنەکردنی نێوخۆ لە بڕیارەکان و دوایەش داوای پشتیوانی لیکردن!
- نەدۆزینەوەی پشتیوانێکی ماڵی بۆ شۆڕش و نەبوونی دیپلۆماسییەکی بەهێز لە ئاستی جیهانی، ناوچە و ناوخۆ. دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کە ڕێبەرانی داهاتووی شۆڕش لە ئاستی سەرانسەریدا لە نێوخۆی وڵات، لە زیندان و ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنی و بەشێ لە حیزبەکانی نێوخۆن.
- ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی تێکڕا پشتیوانییان لە شۆڕشی ژینا کرد، بەڵام هیچ لایەنێ نەیتوانی بە خەڵکی بسەلمێنێ کە شیاوی ڕێبەریی شۆڕشەکەی ژینایە. لە ڕاستیدا هیچ لایەنێ توانای دروستکردنی شەپۆلی نییە، بەڵکوو ئەوەی دەبینرێت سواربوونی ئەو شەپۆلانەیە کە لە نێوخۆ دروست دەبن. بۆیە بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پێویستە هەموو لایەنەکان کە خاڵی هاوبەشیان هەیە یەک بگرن و لەگەڵ لایەنەکانی تریش بکەونە تەعامول و هاوکاریی مەیدانی.
- ئێستا دەسەڵات گەیشتووەتە قۆناخی لاوازی و پیری، لە سیستەمێکی ئێقتدارگەرادا بەپێچەوانەی باوەڕی باو گەورەترین هۆکاری ڕووخان، تاکوو دەقەی نەوەد خۆپیشاندانی سەرشەقام نییە، بەڵکوو کێشە قووڵەکانی نێو دەسەڵاتە کە دەبێتە داڕمانی جەستەیی کە ئیستا لەم قۆناخەداین و دژبەرانی وەزعی موجوود دەبێت فەڕشی سووریان بۆ ڕاخەن. براوەی سەرەکیی ئەم قۆناخە ئەو لایەنانەن کە زۆرترینی داڕووخاوەکان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن.
کۆتا وتە:
لە داهاتوودا نەوەکانی تر لەسەر هەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆنی ئەم سەردەمە قەزاوەت دەکەن. قەزاوەتی مێژوو لەسەر دەسکەوتە، قەزاوەتێکی بێبەزەییانە، بێ هیچ هاودڵی و ڕۆحی لێبوردەیی، ئەمە ڕەسم و نەریتی مێژووە!