شاگوڵ کەیخوسرەوی
من قەتماغەی شۆڕشێکم
ترسی دوژمن نایشکێنێ
من نەوەی نیشتمانێکم
ئەوینی ئەو دەمژێنێت
نە ئەنفال و کیمیاباران
نە سێدارە و کونجی زیندان
نامبەزێنێت
ساتێک لە مەھاباد دەبم
چوارچراکەی قازیی نەمرم لێ دیارە
کە ڕوو لەکرماشان ئەکەم
باوە یادگار دۆست و یارە
لە ئاویەرەوە دەڕوانمە شاری سنەی خۆڕاگرم
بەدیار بەرخودانتانەوە
ئێشک ئەگرم
بەرەبەیان لە کۆبانی
لەگەڵ دەرکەوتنی ھەتاو
ھەنگاوەکانم ھەڵدەگرم
تادەگەمە سەرێکانی
دڵێکم لای ماردین ئەبێ و
دڵێکیشم لە سلێمانی
ڕۆحم دەنێرم بۆ جوانڕۆ
دڵی دایکە شەهیدەکان
ئاسمان و زەوی دێنێتە گۆ
دەگریم بۆ گەشمەردەبوونی لاوەکانی
دەچمەوە لانکەی مناڵیم
ھەڵەبجەکەم
گوڵەکانی باخچەی پاشا چەپك دەکەم
لەسەر گڵکۆی شەھیدانی ڕۆژھەڵاتدا سەوزی دەکەم
کە ھاودەنگ بین
ھەولێر ئاڵایەك دەنێرێت
لەسەر چیای زاگرۆسدا دەیچەقێنێت
گۆیژە و ئەزمەڕ
دەبنە قەڵایەک بۆ ئێوە
کە ئەی ڕەقیب دەڵێنەوە
ھەردوو وەستاون بەپێوە
تۆ سەیرکە
ئێمە چوارپارچەین
یەك جەستە
با پێکەوە برینەکانمان ساڕێژکەین
بۆ دوژمن جیاوازی نییە
ئازاردانمان
تەنیا کوردبونی مەبەستە
باکوور باشوور یان ڕۆژهەڵات
بۆ ئەو هەر هەمان هەڵبەستە
دێڕ بە دێڕ ی لێک دەربێنێ و
بمانکاتەوە ژێر دەستە
با یەکگرین،
تاکو قووڵتر بێت برینی دوژمن
دەست هەڵبڕین و هاوار بکەین
ئیتر نا... بۆ داگیرکردن
ماڵ بە ماڵ و کۆڵان بە کۆڵان
شار بشێوێنین،
هاوار بکەین، کورد و کوردستان
تەزوو بە دڵیاندا بێنین
گەر لەنگەر نەگرێ
کەشتی ئەم باوەڕ و غیرەتە
ئازادی گشت کاتێ بەردەستە
با ئیتر بە ژین و نەمان
خۆمان بەخت کەین
بۆ خاکمان