کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوڕی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە تاران کۆچی دوایی کرد

11:01 - 25 پووشپەڕ 2723

ئازاد علیپوور، کوڕی شەهید خالید عەلیپوور، لە پارێزەرانی تایبەتی شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕ، لە شاری تاران بەهۆی نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کرد.

تەرمی ئازاد عەلیپوور هەمان ڕۆژ لەلایەن خەڵکی شۆڕشگێری مەهاباد کە هەمیشە بە ئەمەگ و وەفادار بە بنەماڵەی شەهیدان بوونە، پێشوازی لێ کرا و بە خاک ئەسپێردرا.

ئازاد عەلیپوور ۱۲ی ڕێبەندانی ساڵی۱۳٥۷ی هەتاوی، لە شاری بەغدا لەنێو بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لەدایک بووە و دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی پاشایەتی گەڕانەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دەورانی منداڵی ئازاد هاوکات بوو لەگەڵ شەڕی کۆماری ئیسلامی دژی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەر بەو هۆیەشەوە زۆربەی دەورانی منداڵی ناوبراو لەنێو شەڕ و ئاوارەیی لەم گوند بۆ ئەو گوند و هاوکات بە شەهیدبوونی باوکی، تێپەڕ بوو.

ناوبراو خوێندنی لە شاری مەهاباد دەست پێ کرد و زانکۆی لە بواری بیناسازی و میعماری لە شاری ورمێ تەواو کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی ئازاد عەلیپوور، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.