کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ڕووسیە لە سووریە

11:25 - 25 پووشپەڕ 2723

بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئەمریکا وتی وڵاتەکەی بیر لە بژاردەی سەربازی دەکاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی "کردەوە دوژمنکارانە"کانی ڕووسیە لە دژی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سووریە.

بە وتەی ئەم بەرپرسە سەربازییە، ئەمریکا هەوڵی ناردنی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ١٦ بۆ ناوچەی کەنداو دەدات بە ئامانجی دابینکردنی پاڵپشتی و پاراستنی ئاسمان بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز و ڕێگریکردن لە دەسبەسەرداگرتنی لەلایەن ئێرانەوە.

ئەم بەرپرسە سەربازییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند کە هەماهەنگی لە نێوان ئێران و سووریە و ڕووسیەدا زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا ناچار بکەن لە باکووری سووریە بکشێنەوە.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە فڕین لە ئاسمانی سووریە بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی تاقمی تیرۆریستیی داعش".

پێشتریش بەرپرسێکی سەربازیی ڕووسیە ڕایگەیاندبوو، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ماوەی یەک ڕۆژدا پێنج جار ئاسمانی ناوچەی ئەلتەنفیان لە سووریە پێشێل کردووە.

ئاژانسی "تاس" لە زاری ئۆلێگ گورینۆڤ، جێگری ناوەندی بنیاتنانی ئاشتی لە سووریە سەر بە وەزارەتی بەرگری ڕووسیە بڵاوی کردەوە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ''ئێف ١٦  و یۆرۆفایتەر تایفون" چوونەتە نێو ڕێڕەوی نێودەوڵەتی فڕۆکە مەدەنییەکان لە ئاسمانی سووریە.

گورینۆڤ هۆشداری دا، ئەم جۆرە کارانە ڕەنگە ببێتە هۆی ڕووداوی نەخوازراو بۆ فڕۆکە مەدەنییەکان.

ئەم بەرپرسەی ڕووسیە ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەی یەک شەو و ڕۆژدا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانان لە سوریە، ١٤ جار پرۆتۆکۆڵی ئەمنیی فڕینیان لە ئاسمانی سووریەدا پێشێل کردووە.