کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گورگێکی لەناو پێستی مەڕدا

22:30 - 25 پووشپەڕ 2723

هیوا ئەحمەدی‌پوور

ناهێڵم لە پشت سەرم هەنگاو هەڵگری چون ئێستا دڵنیام لێت کە پارێزەرم نیت و نابی، لە پێش هەنگاوەکانیشم ڕێگا نادەم هەنگاو هەڵگری چوونکە قەناعەتم وایە ئەوەندە گیانفیدا نیت تا لە گولـلەی دوژمن بمپارێزی، خۆ ئەزانم فیشەکی ئاغاکانت، تا ئەو کاتەی کاریگەریت هەیە بۆیان و کۆیلەیانی و دەتوانی ڕۆڵەی کوردیان بۆ شەهید کەیت، تۆ شەڵاڵی خوێن ناکات جگە لە من.

شان بە شانم بڕۆ تا بتوانم ئاگاداری پلانە قیزەنەکانت بم و دەمامکەکانتم بۆ لادرێت و ڕوون بێت لە هیچ و خۆڕا گومانم لێت نییە و وەکوو کوردێکی خۆفرۆش لە مێشکمدا لێکدانەوەم بۆ نەکردووی.

بەڵام بیرت کردۆتەوە لەوەی بۆ و لەبەر چی و تا کوێ دەتوانی بەردەوام بی؟!!!

بیرت کردۆتەوە ڕێکەوتی بەسەرچوونت کەی دەگات؟!! بیرت کردۆتەوە پێستی مەڕ شێوەکەت تا کەی دەتوانێ ڕوخساری خیانەتکارانەت داپۆشێت و لە ڕق و قینی خەڵکی بەزاڵەهاتووی وڵاتمان بتانپارێزێت؟!!

کە دەلێم خۆفرۆش و ناڵێم نیشتمانفرۆش، بەو مانەیە نییە بەزەئیم بە تۆدا بێت و نەتکەمە ئامانجی قسەی نەشیاو، تۆ لە هەر وشەیەکی بێنرخی سەر زاری جنێوفرۆشترین مرۆڤی سەر ڕووی زەوی بێنرختری، من تەنیا ئامانجم پاراستنی نیشتمانە لە بوونەوەری وەک تۆ و هاوبیرەکانت کە هەوڵی زۆرتان دا نیشتمانمان لێ هەرزانفرۆش کەن و بیری نیشتمانپەروەری لە هزر و مێشک و دڵماندا کاڵ کەنەوە کە بەخۆشییەوە سەرکەوتوو نەبوون و نابن، بە چیڕا سوورم لەسەر ئەوە کە ئێوە دۆڕاوی مەیدانی خەبات و تێکۆشانی ڕۆڵەی ئەم خاک و زێدەن، هەر بەوەیکە نەتوانتوانیوە ئێمە لە مردن و گیانفیداکردن لەپێناو نەتەوەی قارەمانپەوەر و خاکی داگیرکراوماندا بترسێنن.

نەک سەرکەوتوو نەبوونە بەڵکوو ئێمە سەڵماندوومانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گیانفیداتر و بەبڕواتر لە دوای هەر کەوتێنکماندا هەڵدەستینەوە سەر پێ و ڕقی پیرۆزی تۆڵە ورە پۆلائینترمان دەکات.

بە ئازارە شەهیدبوونی خەڵکی هەموو کات حازر لە مەیدانی بەرگری لە ماف و ویستی بەرحەقی خۆیان و پێشمەرگە لە خۆبردووەکانمان، بەڵام چێژبەخشە کە ئەم گیان بەخیشنە لە ڕووی خۆشەویستی خاک و نەتەوەکەماندایە، چێژبەخشە درێژەدان بە ڕێگا و ڕێبازی پڕ لە سەروەریی سەروەرانی مێژوومان، واتا شەهیدانی سوورخەڵاتی حیزب و گەل، بۆ گەیشتن بە ئامانجی دواڕۆژ و تۆڵەی خوێنی بەناحەق ڕژاویان.

منیش منداڵی شەهیدێکی ئەو خاک و گەلەم کە لە سەنگەری پڕ لە شانازیی باوکمدام و بە هیوای ڕۆژی تۆڵەوە دەژیم، زۆر مناڵی وەکوو من بە هۆی خۆشخزمەتیی ئێوەی کاسەلێس لە بوونی باوکیان بێبەش بوو.!

بەڵام پێویستە لە خۆتان بپرسن تا کەی دەتوانن بە خیانەت و ڕووڕەشی لە خزمەتەکانتان بەردەوام بن؟!! تا کوێ دەتوانن خێڵی زۆڵایەتی بەڕێوە ببەن و پەرچەمداری دوژمن بن و چاوساغییان بۆ بکەن؟!!چەن منداڵی تر بێ ناز دەکەن و کۆڕی گەرمی بنەماڵەکانی کوردستانم دەشێوێنن؟!! لەپێناو چی و …

چرکە بە چرکە لە تێپەربوونی ژیانی بێ سەمەر و پووچتان هەست پێ بکەن و تاک بە تاکی خەڵکی وەزاڵەهاتووی نیشتمانمان کە تینوون بە خوێنی گڵاوتان بە ئیزرائیلی گیانتان ببینن و چاوەڕێی کۆتایی خۆتان بن.