کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆچی دوایی دایكی دوو پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات لە سەردەشت

10:07 - 26 پووشپەڕ 2723

دایە خورشید محەممەدپوور، دایکی دوو پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە شاری سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، دایە خورشید محەممەدپوور، دایکی هاوڕێیان "عومەر و ئەبووبەکر محەممەدپوور"، دوو پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا بەهۆی بەساڵاچووییەوە، ماڵاوایی لە ژیان کرد و هەمان‌ ڕۆژ لە شاری سەردەشت لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاكی پیرۆزی كوردستان ئەسپێردرا.

دایە خورشید، وەک زۆربەی ژنانی کوردستان بەگژ سەختی و کوێرەوەرییەکانی ژیاندا چووەتەوە و دایکانە و دڵسۆزانە بۆ پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵەکانی هەوڵی داوە و بە بیری کوردایەتی پەروەردەی کردوون و وەک ژنێکی کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر منداڵەکانی هان داوە کە وڵات و نەتەوەکەی خۆیان خۆش بوێت و خزمەتی بکەن.

هاوڕێیان عومەر و ئەبووبەکر محەممەدپوور، دوو لە کۆڕەکانی دایە خورشید، ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتیان بۆ خەبات و تێکۆشان هەڵبژارد و ساڵانێکی زۆر وەک پێشمەرگە و کادری ئەو حیزبە لە سەنگەری بەرگری لە نەتەوەکەیاندا بوون و کاک "عومەر" پێشمەرگەی كەمئەندامی سەنگەرە و لەسەر بڕیاری حیزب ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی نێردراوە بۆ دەرەوەی وڵات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە خورشید، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.