لە درێژەی زیاتر لە سەد ساڵ پیلان و هەوڵی چڕی داگیرکەران بۆ سڕینەوەی فەرهەنگ و زمان و ناسنامەی کوردی لە کرماشان، ڕێگری لە هاتوچۆی خەڵک بە جلوبەرگی کوردییەوە بۆ شوێنە فەرهەنگییەکانی ئەو شارە دەکرێت.
سەرەڕای دەیان ساڵ هەوڵ و پیلانی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تاران بۆ سڕینەوەی فەرهەنگ و کەلتوور و زمانی کوردی لە کرماشان و بێ ئاکامبوونیان، هێشتا کۆماری ئیسلامی لە جێبەجێکردنی ئەو پیلانگەلە بەردەوامە و لە دوایین نموونەدا لە ڕێگای بەکرێگیراوان و هێزەکانییەوە لە هاتوچۆی خەڵکی کورد بە جلوبەرگی کوردییەوە بۆ شوێنی فەرهەنگی و مێژوویی تاقۆسان لە شاری کرماشان ڕێگری دەکرێت.
شایانی باسە کە هەموو ئاماژەکان لەو شارە و تا دەگاتە لوڕستانیش نیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە هەموو هەوڵ و پیلان و بەرنامەکانیان لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵدا بۆ ئاسیمیلەکردن و سڕینەوەی کورد لەو ناوچە گەورەیەی کوردستان و ئەو هەموو تێچووەی کە بۆیان تەرخان کردووە، خەڵکی کورد لەو بەشگەلەی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر ناسنامەی خۆیان دەپارێزن و کوردستانیبوونی خۆیان دەسەلمێنن.