کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێبینارێک بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ بۆ تەیموور مستەفایی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

11:51 - 26 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕ، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتانی ئوسترالیا و نیوزیلەند، بەبۆنەی ٣٤ـەمین ساڵیادی تێرۆری ڕێبەری ناوداری کورد دوکتور قاسملوو و هاوڕێی تێکۆشەر کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر، وێبینارێکیان بۆ کاک تەیموور مستەفایی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی زووم پێک هێنا.

بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێ کرد.

پاشان سەلاح پوورئەسەد، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئوسترالیا، کورتەیەک لە ژیانی سیاسی و پێشمەرگانەی کاک تەیمووری بۆ بەشداربووان باس کرد.

کاک تەیموور لە وتارێکی بە پێز و پڕ ناوەڕۆکدا ئاماژەی بە چەند بەشێک لە ژیانی نەمر دوکتور قاسملوو کرد.

دەوری گرینگی دوکتور قاسملوو لە خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و هاتنی بۆ نێو حیزبی دێموکرات لە سەرەتای لاویەتییەوە و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە پێکهاتەی سیاسی و تەشکیلاتیی ئەو حیزبە بەشێکی تر لە وتارەکەی ناوبراو بوو.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی کاک تەیمووردا، ئاماژە بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ لەنێوبردنی ئەو ڕێبەرە بلیمەتەی گەلی کورد و پیلانی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی ئوتریش کرا.

لە کۆتاییدا بەشداربووان چەندین پرسیاریان لەسەر پرسی تێرۆری دوکتور قاسملوو، هەلومەرجی ئەمڕۆی حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی حیزب کرد کە لەلایەن کاک تەیمورەوە وڵامی پێویستیان درایەوە.