کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانێک بۆ مەحکوومکردنی تێرۆری دوکتور قاسملوو لە کانادا بەڕێوە چوو

12:30 - 26 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە شاری ڤەنكوڤەری ڕۆژاوای كانادا، بەبۆنەی ٣٤ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوكتور قاسملوو و هاوڕێ عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر، لەلایەن كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و ئێرانییانی دانیشتووی ئەو شارە، بەرنامەیەک بۆ مەحكوومكردنی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران و تێرۆری نێودەوڵەتی  بەڕێوە چوو.

بەرنامەكە سەرەتا بە قسەكانی بێهزاد مێهرئابادی، چالاكی سیاسی، بە زمانی ئینگلیزی لەسەر ڕۆڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران و تێرۆری جیابیرەكان و بەتایبەت ڕێبەرانی كورد دەستی پێ كرد، پاشان ژیاننامه‌ی چەند كەسێک كە لە دەرەوەی وڵات بە دەستی تێرۆریستانی كۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر كراون، خوێندرایەوە.

سەعدی عەبدی، لەلایەن كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد، پاشان باسی دوكتور قاسملوو وەک ڕێبەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی كرد كە بووەتە سەمبول و هزرێک بۆ میللەتی كورد، كە چۆن لەلایەن تێرۆریستەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شەهید كرا، خوێن و بیری دوکتور قاسملوو بووەتە ئاگرێکی نەکوژاوە بۆ گیانی داگیرکەرانی کوردستان و داوای لە وڵاتانی ڕۆژاوا و کاربەدەستانی کانادا کرد کە پشتیوانی لە شۆڕشی گەلانی ئێران بکەن و سپای پاسداران بخەنە نێو لیستی تێرۆرەوە.

پاشان پەیامی فارسیی كۆمیتەی حیزبی دێموكرات لەلایەن ئەنوەر كەریمی خوێندرایەوە كە بریتی بوو لە ژیان و خەباتی سیاسیی دوكتور قاسملووی ڕێبەر لە ماوەی سكرتێریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران .