کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکدان و بەتاڵانبردنی ژینگە و سەرمایەی کوردستان لەلایەن ڕێژیم و بەکرێگیراوانییەوە

11:44 - 27 پووشپەڕ 2723

کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوانی، لە تاڵانکردن، سووتاندن، لەناوبردن و ئاگرتێبەردانی ژینگە و سەرمایە ژینگەییەکانی کوردستان بەردەوامن.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، لە درێژەی بەرنامە و پیلانی سیستماتیک بۆ تێکدان، ئاگرتێبەردان، داگیرکردن و تاڵانکردنی ژینگە و سەرمایەی کوردستان لەلایەن ڕێژیم و بەکرێگیراوانی هەلپەرستەوە، بێجگە لە بەتاڵانبردنی ئاوی کوردستان بۆ پارێزگاکانی ئێران و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی زێڕ، بەرد، نەوت و گاز و...، ئەو ڕێژیمە لە ڕێگای بەکرێگیراوانی هەلپەرستەوە بەردەوام خەریکی ئاگرتێبەردانی لێڕەوار و دارستانەکانی کوردستان و بڕین و بەتاڵانبردنی دارەکان لە ناوچە شاخاوی و سەرسەوزەکانی کوردستانە.

هەر لەو پێوەندییەدا و لە درێژەی ئەو پیلانە قیزەونەی ڕێژیمدا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە پاڵ گۆڕشتانی بەهەشت مستەفای مەریوان دارەکانیان بڕیوە و بەتاڵانیان بردووە و پاشانیش شوێنەکەیان کێڵاوە و بە جۆرێک کەسگەلی هەلپەرست بە پشتیوانیی حکوومەتەوە کردوویانە بە موڵکی کەسی، بەڵام هێشتاش کۆتەرەی دارەکان لە هەندێک شوێندا دیارن.

هەروەها لە نزیک گوندەکانی دەرەپەمان و ئەسراوا لە سەر ڕێگایمەریوان بۆ سنە و لەپاڵ بەنداوی گاڕان، زۆربەی دارەکانیان بڕیوەتەوە و بەتاڵانیان بردووە و شوێنە گشتییەکانیش کە موڵکی کەس نییە لەلایەن کەسانی نەفس نزم و هەلپەرستەوە بە پاڵپشتی و هاوبەشیی سپای پاسداران کڕین و فرۆشتنیان پێ دەکرێن.

لەلایەکی دیکەوە بەنداوی ورمێ کە ساڵانێکە سەرەڕای هەوڵی ژینگەپارێزان و دڵسۆزانەوە بەردەوام پێوانەی ئاوەکەی دادەبەزێت و ڕوو لە وشکبوونە و وشکبوونەکەشی کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی و مرۆیی لێ دەکەوێتەوە، هەر لەو پیلانەی ڕێژیمدا جێی خۆی کردووەتەوە.

بەپێی ئامار و داتاکانی میدیاکانی خودی ڕێژیم، بەنداوی ورمێ گەیشتووەتە کەمترین ئاستی پێوانەیی خۆی لە شەست ساڵی ڕابردوودا و بە ئەگەرێکی زۆرەوە تا خەرمانانی ئەمساڵ بە تەواوەتی وشک دەبێت.

هەموو ئەمانە دەکەوێتە نێو چوارچێوەی پیلانی بەرنامەبۆداڕێژراوی ڕێژیم بۆ بە تاڵانبردنی سەرچاوە بەنرخەکانی کوردستان و تێکدانی ئێکۆسیستمی کوردستان بەگشتی.