ڕەزا محەممەدئەمینی
٢٢ی پووشپەڕ لە دیرۆکی حیزب و گەلەکەماندا وەبیرهێنەرەوەی ڕووداوی ناخهەژێنی شەهیدبوونی ڕیبەریی مەزنی کوردان، دوکتور قاسملوویە. رێبەرێک کە بەدەگمەن کەسانێک لە مێژووی دوور و نیزیکی گەلەکەماندا دەتوانین بڵێین هاوتا و هاوشانی بوون.
کورد بەدرێژایی مێژووی بوونی بە نەتەوە، بۆ ئازادیی و سەربەستی خۆی شەهید و گیانبەختکردووی زۆری داوە و لەو نێوەدا دەیان ڕێبەر و سەرکردەی گەورەمان، وەک خانی لەپزێڕین، بەگزادەخان، بەدرخان بەگ، شیخ سەعیدی پیران، سمکۆی شکاک، سەیدڕەزای دێرسیم، پێشەوا قازی محەممەد و زۆر ڕێبەر و سەرکردەی دیکە و بەچاو دەبیندرێن. بەڵام بەپێی کات و هەلومەرجەکان، جێگە و پێگە و کاریگەریی ئەو ڕێبەرانە، لە بزووتنەوەی کورددا جیاوازیی هەبووە. ئەوەی لە هەموویاندا هاوشێوە بووە یەکەم پێداگریی لە ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد بووە و دووهەم شێوەی شەهیدبوونیان کە هەموویان بە غەدر و دەهۆ، بە پیلانی دوژمنان و فێڵوتەڵەکە تێداچوون.
دوکتور قاسملوو لەو ڕێبەرانە بوو کە سەرەڕای ئەزموونی لەڕادەبەدەر لە خەبات، شەمی سیاسیی و ناسینی دوژمنانی، بەداخەوە لەداوی پیلانی جینایەتکاران و تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئاخوندی کەوت و لە ڤیەن، پێتەختی وڵاتێکی ئورووپایی کە دەبوا پارێزەری دێموکراسی و مافی مرۆڤ بێ شەهید کرا. باوە دەڵێن کورد ئەوەی لە مەیدانی شەڕ و نەبەردیدا وەدەستی دێنێ، لەسەر مێزی وتووێژ لەگەڵ نەیارانی دایدەنێتەوە. شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو لەسەر مێزی وتووێژ لەگەڵ بەناو دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێک سەلمێنەری ئەو ڕاستییە تاڵەیە، بەوجیاوازییە کە لەوکارەساتەدا قاسملووی ڕێبەر شەهید کرا و کورد لە دوولایەنەوە زەرەرمەند بوو.لەوەدا کە دوکتور قاسملوو باوەڕی باوەڕی بە ئاشتی و چارەسەریی کێشەی کورد لە ئێران بەشێوەی ئاشتیانە هەبوو، هیچ گومانێک نییە و تەنانەت دوژمنانی کوردیش باش دەزانن، قاسملوو بە گیانلەدەستدانی خۆی بە هەموو دونیای سەلماند ئاشتیخوازە، بەڵام ڕێبەری ئێمە وەک ڕێبەرانی پێشووی کورد، لە ڕوانگەی ئاشتیخوازانەی خۆیەوە ڕوانییە دوژمنانی کورد و بەداخەوە دیسان غەدرمان لێ کرا و بۆ جارێکی دیکە مێژووی خیانەت و جەنایەت درحەق بە کورد دووپات بۆوە.
قاسملووی کوردان بەوپەڕی نیازپاکییەوە، پێی وابوو ئێستا کە خومەینی و ڕێژیمەکەی جامەژەهرەکەیان خواردوتەوە و بەناچاری ملکەچی بڕیاری شەڕڕاگرتن لەگەڵ عێراق بوون، ئەگەری ئەوەش هەیە ڕێژیم واز لەشەڕ دژ بە هاوولاتیانی خۆی بێنێ و دەرگایەک بۆ ئاشتی و لێکتێگەیشتن بکرێتەوە، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەو تێگەیشتنە هەڵەبوو و باجی هەڵەکەش دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد دایەوە.
بێگومان لە ماوەی ٣٤ ساڵی ڕابردوودا کە بە سەر شەهیدبوونی قاسملووی کوردان تێدەپەڕێ بە سەدان و هەزاران وتار لەسەر کەسایەتی ئەو ڕێبەرەمان نووسراوە و لە داهاتووشدا زۆر لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر لایەنە هزریی و سیاسیی و مرۆڤدۆستانە و کەسایەتی کەموێنەی دوکتور قاسملوو دەکرێ.
دوکتور قاسملوو لە بنەماڵەیەکی کوردی دەسڕۆیشتوو لەدایک بوو. لە سەردەمی کۆماری کوردستان بوو بە ئەندامی ڕێکخراوی لاوانی حیزبی دێموکرات و پاشان وەک زۆربەی لاوانی تینووی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەمانی دیکتاتۆڕی و زۆرداریی ڕووی لەخەباتی سیاسی کرد و لە دەلاقەی بیریی چەپ و مارکسیستییەوە خەباتی خۆی درێژە پێدا. هەروەک دەزانین دوکتور قاسملوو بەهۆی چالاکی سیاسی و ڕاوەدوونانی دەزگای سەرکوتی بنەماڵەی پەهلەوی ناچار دەبێ وڵات بەجێبێڵێ و ڕوو لە هەندەران بکات. هەر لەوسەردەمەدا و لە گەرمەی کێشەی جیهانی دووجەمسەریدا قاسملووی کوردان گۆڕانی هزریی بەتایبەت لە دوو بواردا بەسەردادێ و کورد گوتەنی "قاڵ دەبێتەوە". یەکەم ڕوانینی لە چەپ و سوسیالیزم و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لەڕوانینی چەپە کلاسیکەکانی ئەودەم دەگۆڕێ و دەگاتە ئەو باوەڕە کە سوسیالیزم و دادپەروەری کۆمەلایەتی بەشێوەی ڕاستەقینە دەبێ ئاوێتەی دێموکراسیی سوسیالیستی و پلۆڕالیزمی سیاسیی حیزبی و تاکەکەسیی بێ؛ وەک چۆن لە نامیلکەی "کورتەباسێک لەسەر سوسیالیزم"دا وێڕای ئاماژە بە دەسکەوتنەکانی سوسیالیزمی مەوجوود، ڕەخنە لە سەرەڕۆیی حیزبی و ڕێبەری تاکەکەسی دەگرێ و دەڵێ هەرچەشنە دیکتاتۆڕییەک و هەر ئیدئۆلۆژییەکی دەسەڵاتدار، بەرەو دیکتاتۆڕی وتۆتالیتاریزم دەڕوا. دووهەم بەو ئاکامە دەگا هەتا نەتەوە بەهەموو چین و توێژەکانییەوە لە ستەمی نەتەوایەتی ڕزگارییان نەبێ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و خەباتی چینایەتی بەئاکام ناگات. هەربۆیەش وەک ڕووناکبیرێک و خەباتکارێکی کورد کە پاشخان و باگڕاوەندی چەپی هەیە، روو لە خباتی نەتەوەیی دەکات.
لەو مەیدانەدا قاسملووی کوردان یەکەم کتێبی زانستی و دێکۆمێنتاری کوردی لەسەر نەتەوەی کورد، پێکهاتەی جوغرافیایی و مێژوویی و کولتووری بە ناوی "کوردستان و کورد" کە تێزی بڕوانامەی دوکتوڕاکەی بوو دەنووسێ و دەبێتە یەکەم سەرچاوەی باوەرپێکراوی زانستی لە پێوەندی لەگەڵ کورددا. ئەو کتێبە بەنرخە هەرزۆر زوو دەبێتە بەڵگە و سەرچاوەی باوەڕپێکراو بۆ لێکۆڵەران و نووسەرانی نێوخۆیی و دەرەوە. جگەلەوەش دوکتور قاسملوو لەمەیدانی خەباتی بەکردەوەدا چالاک دەبێتەوە و وێڕای دوورکەوتنەوە لە بۆچوونەکانی پێشووی خۆی کە ئاوێتەی ڕوانگەی حیزبی توودەی ئێران و قوتسییەت بەخشین بە یەکێەتی سۆڤیەت و "سوسیالیزمی مەوجوود"ی ئەوکات بوون، گیانێکی تازە وەبەر حیزبی دێموکرات خەباتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنێتەوە. ئەو حیزب بەتایبەت پاش ڕاپەڕینی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ کە تووشی پەرشوبڵاویی و نسکۆ ببو لەسەر بنەمای حیزبێکی ئەمڕۆیی، پێشکەوتوو و مۆدێڕن دەبووژێنێتەوە و بە ڕێکخستن و سازماندان لەسەر ئەساسی "سانترالیزمی دێموکراتیک" گیانێکی تازە وەبەر حیزب و خەباتگێڕانی دەنێتەوە کە لەوپەڕیی پرشووبڵاوەیی و لاوازیدا بوون. ئەو حیزبەی کە قاسملووی کوردان وەسەریەکی خستەوە و توانی متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان مسەوگەر بکات و بۆ ماف و ئازادیی نەتەوەیەتی بەگژ ڕێژیمی تا سەر ئێسقان ستەمکاری کۆماری ئیسلامیدا بێتەوە.
ناکری باسی کەسایەتی دوکتور قاسملوو تەنیا لەڕوانگەی سیاسییەو بکەین و بوارەکانی دیکە کە تێدا کەموێنە و بگرە بێوێنە بوون باس نەکەین. قاسملوو کەسێکی لێهاتوو، زمانزان، کۆمەڵایەتی، زانا لە زۆربەی بوارەکان و ئینسکلۆپێدیایەکی زیندووبوو و وەک بۆخۆی لە وەسفی پێشەوا قازی محەممەد دا دەڵێ" گوڵێک بوو لە بیابانێک" بەڕاستی بۆخۆشی ئەستێرەیەک بوو لەئاسمانی شەوەزەنگی کوردەواریدا. هیچ حیزب و لایەنێکی کوردستانی نییە ڕۆڵی دوکتور قاسملوو لە ناساندنی کێشەی نەتەوەی کورد بە جیهان و گەورە سیاسییەکان و ڕێبەرانی وڵاتان نەزانێ یان حاشای لێبکات. هەموو کەس دەزانن ئەوە پێوەندییەکانی دوکتور قاسملوو لەگەل ڕێبەرانی وڵاتانی ئورووپایی، بەتایبەت فرانسوا میتران و دانیل میتران بوو کە هێلی سووریان بۆ ڕێژێمی سەددام حوسێن دانا و باشووری کوردستانیان لە هێرشیی فڕۆکەکانی عێراق پاراست.
دوکتور قاسملوو تەنیا سکرتێری حیزبێکی سیاسی، یەکێک لە ڕێبەرانی لێوەشاوەی نەتەوەکەمان و کەسایەتییەکی سیاسی کاریگەر لە خەباتی گەلی کورددا نەبوو، ئەو کەسێکی "فرا ملی" و مەزنتر لە جوغرافیای کوردستان و ئێران بوو، کەسێک کە ڕوانگە و بۆچوونەکانی هەردەم زیندوون، قاسملوو کەسایەتییەکی دیاری جیهانی سیاسەت و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بوو. تەنیا سەرمایەی نەتەوەیەکی چەوساوە و بێبەش لە ماف و ئازادییەکانی نەبوو، بەرهەمی قڵبۆوە لەخەبات بۆ دێموکراسیی و سەرمایەی ئێران بە هەموو نەتەوەکانییەوە بوو. هەربۆیەش خەسارەتی شەهیدبوونی بۆ حیزب و نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و ئێران قەرەبوو ناکرێتەوە.