حاجی عایشە دەورانی، هاوسەری شەهید مەلا ڕەسووڵ گەردی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی سوید ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، حاجی عایشە دەورانی، خەڵکی گوندی "گوڵفەت"ی سەر بە ناوچەی "بەری مێرگان"ی پیرانشار و هاوسەری شەهید مامۆستا مەلا ڕەسووڵ گەردی، لە وڵاتی سوید، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شەهید مەلا ڕەسووڵ گەردی، بەهۆی کاری سیاسی و ئەندامیەتی لە حیزبی دێموکرات، لە دوای جووڵانەوەی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧، کەوتە بەر پەلاماری ساواک و نزیکەی ٥ ساڵ لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی شادا بوو و پاش ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانیش كە بەردەوام لە بەجێگەیاندنی ئەركە حیزبییەكانی لە ناوچەکانی پیرانشار دانەبڕابوو، لە ٧ی ڕەزبەری ١٣٧٠ی هەتاویدا، لە پەلامارێكی تێرۆریستیی كۆماری ئیسلامی، لەگەڵ دوو پێشمەرگەی دیكە شەهید بوو.
حاجی عایشە شانی وەبەر باری قورسی بەرپرسیارێتیی پێگەیاندن و سەرپەرشتیی منداڵەكانی دا و بە سەربەرزی و ڕووسوورییەوە لەسەر ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدان پەروەردەی کردن و ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی لە ڕێگەی ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە مافی پەنابەریی لە وڵاتی سوید وەرگرت و هەر لەوێ بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی حاجی عایشە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.