کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە کوردستان و ئێران

19:26 - 27 پووشپەڕ 2723

خانەنشینکراوان و مامۆستایان و کەمئەندامان لە چەندین شاری کوردستان و ئێران سەبارەت بە لەبەرچاونەگرتنی داواکارییەکانیان و خراپیی باری گوزەرانیان، گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی پووشپەڕ، لە چەندین شاری کوردستان و ئێران لەوانە: "کرماشان، سنە، تاران، ڕەشت و شیراز"، خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و پەروەردە و بارهێنان، مامۆستایان و کەمئەندامان، لە بەردەم ئۆرگانە پێوەندیدارەکان، گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی کرماشان لە ناڕەزایەتی بە خراپیی بارودۆخی ژیان و ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، لە بەردەم بینای سندووقی خانەنشینکراوانی کرماشان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا خانەنشینکراوانی کرماشان بە دروشمی "دەبێ مامۆستای زیندانیکراو ئازاد بکرێت" داوای ئازادکردنی دەستبەجێی مامۆستایانی زیندانیکراویان کرد.

هەروەها ڕۆژی سێشەممه خانەنشینکراوانی ئیدارەی پەروەردەی سنه دوای بانگەوازی ناوەندی ئەنجومەنی خانەنشینکراوان، بە دروشمی "هەم پارلمان و هەم حکوومەت درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن''، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لە دەرێژەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، دانیشتووانی ناوچەی "قائیم" لە دەروازەی پارێزگای ئیلامیش بە ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی خراپی ڕێگاوبان و ئاوەڕۆ و  ڕێگای ئاسفاڵت لەم ناوچەیەدا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هەروەها کۆمەڵێک لە کەمئەندامانی تاران، کۆمەڵێک لە خانەنیشنکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شاری ڕەشت و  ژماریەکیش لە مامۆستایان لە شیراز، بە دروشمدان دژی گەندەڵی و وڵامنەدانەوەی بەرپرسانی ڕێژیم بە داواکارییەکانیان، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەڕێوەچوونی بەردەوامی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە کاتێکدایە کە هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم جگە لە سەرکوت، دۆسییەسازیی ئەمنییەتی و تۆمەتی جۆراجۆر، هیچ وڵامێکیان نەبووە.