کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی کارناسان سەبارەت بە چالاکیی ١٩ گرووپی میلیشیایی سەر بە تاران لە دەوروبەری ئیسرائیل

10:32 - 28 پووشپەڕ 2723

کارناسانی کاروباری ئێران و گرووپە میلیشیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی چالاکی و گۆڕینی ستراتیژیی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیگەرانیی خۆیان دەربڕی و هۆشدارییان دا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن دامەزراوەی بەرگریکردن لە دێموکراسی (ئێ‌دی‌دی)، کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چوو و جۆ تێرۆزمەن، توێژەری ئەو دامەزراوەیە وتی: ١٩ گرووپی میلیشیایی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پاڵپشتی دەکرێن لە دەوروبەری سنوورەکانی ئیسرائیل چالاکی و کردەوەی تێکدەرانە ئەنجام دەدەن و ئەوەش نیگەرانیی دروست کردووە و پێویستە پێشی پێ بگیردرێت.

ناوبراو لە درێژەدا وتیشی: ئەو گرووپانە لە حەماس و حیزبوڵڵا پێک هاتوون کە لە هەواڵەکاندا پشتڕاست کراونەتەوە و ناویان هاتووە. هەروەها ئەو ١٩ گرووپە ژمارەیەکیان لەلایەن ئەمریکاوە لە لیستی گەمارۆکاندان.

جۆ تێرۆزمەن زیادیشی کرد: هەموو ئەو گرووپە میلیشیاییانە ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی ماڵی دەکرێن و تا ڕادەیەکیش خۆدموختارییان هەیە و دەبێ بە جیددییەتەوە بڕوانینە مەترسییەکانیا،ن لەبەر ئەوەی دەبنە مەترسیی جیددی بۆ سەر ناوچەکە و بە لای تارانەوە گرینگ نییە کە ئەو گرووپانە چ مەزهەب و ئایینێک  هەبێت، لای ئەوان ئەوە گرینگە کە بە دژی ئیسرائیل شەڕ بکەن.