لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سەقز، هەڕەشە لە بنەماڵەی حەمید مەحموودی، پێشمەرگەی تازەلاوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە ڕۆژی هەینی ٢٣ی پووشپەڕ گیانی لەدەست دا، کرابوو کە دەبێ ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی ناوبراو بە بێدەنگی و بە دوور لە هەر چەشنە دروشمدان بەڕێوە ببەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی حەمید مەحموودی کە نابێ وێنەی ناوبراو لەسەر ئاگادارکردنەوەی سەرەخۆشییەکەی بدرێت و دەبێ ڕێوڕەسمی پرسە و سەرخۆشییەکەی بە بێدەنگی و بە دوور لە هەر چەشنە دروشمدان بەڕێوە ببەن.
هەروەها لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا برایەکی حەمید مەحموودی بە ناوی فەرید لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سەقز دەسبەسەر کرابوو و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.
حەمید مەحموودی، خەڵکی گوندی هەوی لە ناوچەی تیلەکۆی سەقز، سێ حەوتوو لەوەپێش بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی قەتعی نوخاع ببوو و سەرەڕای هەوڵی بێوچانی پزیشکەکان و بەدواداچوونی تیمی نەخۆشخانە، بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٣ی پووشپەڕ گیانی لەدەست دا.
حەمید مەحموودی، تەمەن ٢٥ ساڵ، دیپلۆمی "ماشێنئالاتی کشاوەرزی"ی هەبوو، ناوبراو ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی وەک لاوێكی بەهەست پێوەست بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ببوو.