کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانی گۆڕینی دێمۆگرافیی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

11:27 - 28 پووشپەڕ 2723

کۆچکردن و کۆچاندنی خەڵکی شارەکانی ئێران بۆ کوردستان و بە پێچەوانەوە بۆ گۆڕینی دێمۆگرافیی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە، بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامەبۆداڕێژراو خێراتر کراوە.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیاریگەلەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ماوەیەکە بە بیانووی کەم‌ئاویی پارێزگا و شارەکانی ئێران وەکوو ئیسفەهان، شیراز، یەزد و کرمان، لێشاوی کۆچکردن و کۆچاندنی سیستماتیکی خەڵکی ئەو شارانە بۆ کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە خێراتر کراوە و ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر گۆڕینی حەشیمەتی شارەکانی کوردستان و داهاتوویەکی پڕ لە کێشەی بۆ کوردستان دەبێت.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، خەڵکی شارەکانی ئێران بە پارەیەکی زیاتر  خانووبەرە و موڵک و زەویی کشتوکاڵی کوردستان دەکڕن و کەسگەلی هەلپەرست و نەزانیش یارمەتیدەری ئەم پیلانەی ڕێژیمن.

شایانی باسە کە پارێزگاکانی ئێران بە تایبەت پارێزگا ناوەندییەکانی، تووشی کەم‌ئاویی و بێ‌ئاویی بوون و ئەمەش بیانوویەکە بۆ بەتاڵانبردنی ئاوی کوردستان و جێبەجێکردنی پیلانی گۆڕینی دێموگرافیی کوردستان.

وشیاری و چاوکراوەیی کۆمەڵگەی کوردستان بە تایبەت کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسی دەتوانێت ئەم پیلانەی ڕێژیم پووچەڵ بکاتەوە و پێش لەو کارەساتە بگرێت کە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێت بەسەر کوردستانیدا بێنێت.