کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆیی بۆ مەحکوومکردنی سزای لەسێدارەدانی ٦ زیندانیی سیاسیی عەرەب

10:00 - 29 پووشپەڕ 2723

چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆیی لە کوردستان و ئێران سەبارەت بە ئەگەری لەسێدارەدانی ٦ کەس لە زیندانییانی سیاسیی عەرەب، بەیانننامەیەکیان دەرکرد و داوایان کردووە کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە خێرایی بۆ پێشگرتن لە جینایەتێکی دیکەی ڕێژیمی ئێران هەوڵێکی جیددی بدات.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە لە دوای شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی''، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی سەپاندنی کەشێکی تۆقێنەر و کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان، شەپۆلێکی نوێ لە ئێعدامەکانی وەگەڕ خستووە.

واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە وتوویانە، ئامارەکان دەریدەخەن کە لە ماوەی ٤ دەیە لە دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامی، زۆرترین لەسێدارەدانی سیاسییەکان لەنێو نەتەوە غەیرە فارسەکانی جوغرافیای ئێران بەڕێوە چووە.

ئەو ڕێکخراوانە باسیان لەوە کردووە: لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییانی سیاسیی بەندکراو کە حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە و ئەگەری هەیە بەم زووانە حوکمەکەیان جێبەجێ بکرێت، لەوانە ٦ زیندانیی سیاسیی عەرەب لە ئەحواز ئەو مەترسییەیان لەسەرە و لە دۆسییەی ئەو کەساندا مافی دادگاییکردنی عادڵانە پێشێل کراوە و لە ڕێگەی ئەشکەنجە و توندوتیژییەوە دانپێدانانی زۆرملێیان لێ وەرگیراوە و تۆمەتی موحارەبەیان بەسەردا سەپاوە.

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە سزای لەسێدارەدانی ٦ بەندکراوی سیاسیی عەرەب لە ڕاستای سەرکوتی نەتەوەی عەرەب لە ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامی دەرکراوە.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییانە لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، داوایان لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆیی و کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی کردووە کە هەوڵێکی کاریگەر و خێرا بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ٦ کەس لە زیندانییانی سیاسیی عەرەب و هەروەها هەموو زیندانییانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران ئەنجام بدەن.

بەشێک لە واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە بریتین لە: ''ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، تۆڕی مافی مرۆیی کوردستان، حال وەش، کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئازەربایجان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز و ...''.