کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووچەخۆرانی ئێرانی دەبێ زیاتر لە ٩٠ ساڵ چاوەڕوان بن تا بتوانن خانوویەک بکڕن

10:36 - 29 پووشپەڕ 2723

ئەندامێکی سەرۆکایەتیی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە مووچەخۆرانی ئێرانی دەبێ زیاتر لە ٩٠ ساڵ پاشەکەوتی یەک لەسەر سێی مووچەکەیان بکەن تا بتوانن خانوویەکی ئاسایی لە ئێراندا بکڕن.

موجتەبا یووسفی لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیلنا" وتی: مووچەخۆران ئەگەر هیچ خەرج و تێچوویەکیان نەبێت و هەموو داهاتی خۆیان پاشکەوت بکەن، دەتوانن دوای چل ساڵ خانوویەکی ئاسایی بکڕن، بەڵام لەبەر دۆخی ئابووریی ئێران تەنیا دەتوانن یەک لەسەر سێی داهاتەکەیان پاشکەوت بکەن، هەر بۆیە دەبێ زیاتر لە ٩٠ ساڵ چاوەڕوان بن تا بتوانن خانوویەک بکڕن.

یووسفی هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆخی ئێران لە وڵاتانی دیکە زۆر خراپترە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتێکی هەمان ڕۆژنامە لە ١٦ی جۆزەردانی ڕابردوودا، زیاتر لە سەتا پەنجای کرێکارەکان لە ئێراندا کرێچین.

جێگای ئاماژەیە کە ئەگەر دۆخی خەڵکی بێکار و بێ داهات لە بەرچاو بگرین، کارەساتێکی مرۆیی بەسەر خەڵکی ئێراندا زاڵە و ئەمەش لە حاڵێکدایە کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە خومەینی بەڵێنیی خانوو و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی بە خۆڕایی بە خەڵکی ئێران دا و هەموو دەسەڵاتدارانی ڕێژیمیش بەردەوام بە چەشنێک بەڵێنیی باشترکردنی ژیانی خەڵکیان داوە، بەڵام هەموو بەڵێنەکان بە پێچەوانەوە دەرچوون و دۆخی ئابووریی خەڵکی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە خەڵکانێک ڕۆژانە خۆیان دەکوژن یان هەوڵی خۆکوژی دەدەن، هەروەها بنەماڵە و کەسوکاری بەرپرسانی ڕێژیمیش لە باشترین وڵاتەکانی دنیادا سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە خەرجی ژیانی خۆیان دەکەن.