کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی یەکیەتیی بەکردەوەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ تێپەربوون لە کۆماری ئیسلامی

11:25 - 31 پووشپەڕ 2723

عەلی مێهرپەروەر

لەوەتەی مرۆڤ پێی ناوەتە گۆڕەپانی ژیان پەی بە هێز و توانایی یەکگرتوویی بردووە، بۆیە مرۆڤە سەرەتاییەکان بەکۆمەڵ دەژیان و ڕاویان دەکرد. شک و گومان لەوەدا نییە کە، هێز لە یەکگرتوویی‌دایە و هیچ‌کات لە مێژووی مرۆڤایەتیدا پێچەوانەکەی نەسەلمێندراوە. مرۆڤەکان کە لە ئیستادا بەسەر قوڕنە و وڵات و نەتەوە جیاوازەکاندا دابەش بوونە، هەر وڵات و  نەتەوەیەکیش بۆ پاراستنی خۆی لە دەست دوژمن و نەیارانی پێویستی لە پلەی یەکەمدا بە یەکگرتوویی نێوخۆیی و دواتر هاوپەیمان و دۆست هەیە. دوژمنەکانیش بەدرێژایی مێژوو هەوڵیان داوە یەکگرتوویی نەیاری بەرانبەر خۆیان تێک بشکێنن و درز بخەنە نێویان هەرچی لەو پێوەندیەدا سەرکەوتوو بووبن، بەو ڕادەیەش سەرکەوتنی خۆیان مسۆگەرتر کردووە.

  لێرەدا مەبەستمانە پرسی یەکیەتیی بەکردەوەی ئوپۆزسیۆنی ئیرانی تاوتوێ بکەین. لە وڵاتی ئێرانیش ئەو یاسایە لەجێی خۆیەتی و هێز لە یەکیەتی‌دایە. بەڵام بەداخەوە دەبینین لەم کاتە هەستیارەدا جگە لە پەڕش‌وبڵاویی نێو ڕیزەکانی دژبەرانی ڕێژیم شتێکی دیکە بەدی ناکرێ. ڕاستە بە شێوەی زارەکی هەموو کەس و گرووپ و حیزبێک باس لە یەکیەتی و یەکڕیزی دەکا، بەڵام بۆ چی یەکگرتن وەک مرۆڤ و سێبەری خۆی لێ هاتووە و هەر دەڕۆن و پێی ناگەن؟ بۆ ئەوەی هەندێک وردتر لەو بابەتە بڕوانین و بەشوێن هۆکارەکاندا بگەرێین، پێویستە بزانین ئوپۆزسێۆنی ئیستای ڕێژیم کامانەن و هەرکام چ تایبەتمەندییەکیان هەیە، دەکری ئوپۆزیسێۆنی ئێرانی بەگشتی لە چەند گرووپدا پۆلین بکرێن:

حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان:

ئەو ڕێکخراوانە خاوەن مێژوو و  پێشینەی خەباتکارین و ڕیشەیان لەنێو خەڵکەکەیاندا داکوتاوە، هەروەها هەتا ڕادەیەکی گونجاو لەگەل بارودۆخی ئیستای وڵات و ئەمنیەتیی بوونی ناوچەکە پێگەی تەشکیلاتی و ڕێکخراوەیی و ئەندام و لایەنگریان بەشێوەی نهێنی لە نێوخۆی کوردستاندا هەیە. ئەوە جگە لە جەماوەرێکی زۆر و بەرچاو لە ئەندام و لایەنگری ئاشکرایە کە لە دەرەوەی وڵات (ئێران) دەژین و زۆربەشیان ئامادەی فیداکاری و خەبات و تێکۆشان لەپێناو ئامانجی نەتەوەیی لە کاناڵی حیزبەکانیانەوەن. لە پرۆسەی ڕاپەرینیی ژینا کاریگەریان لەژێر ڕێنوێنی و بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبە کوردستانیەکان دەرکەوت و گەلانی ئێران لەو پوتانسیلە بەهێزەی کوردەکان تێگەیشتن هەرچەند ناوەندی هاوکاری بەو شێوەیە کە چاوەڕوانی لێ دەکرا توکمە و بەرین نەبوو بەو حاڵەش چەترێک بوو کە چەند حیزبی ڕیشەداری کوردی لەخۆ دەگرت. دەکرێ و پێویستە بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی لە دەور "میثاق" و پەیمانێکی نەتەوەیی پێک بێ یان لانیکەم ئێستا ناوەندی هاوکاری بەهێزتر بکری.

حیزب و ڕێکخراوەکانی گەلانی دیکەی ئێران:

وەک تورکەکان، عەرەبەکان و بلووچەکان خاوەن ڕێکخراوی سیاسین و تا ڕادەیەکیش هەم هەستی نەتەوەییان تێدا بەهێزە هەمیش چالاکن. دیارە تورکەکان بە هۆکارێک و بلووچەکان بە هۆکارێکی دیکە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، تورکەکان لەلایەک شیعە مەزهەبن و ئەو هەڵاواردنە کە دەرهەق بە سونییەکان دەکرێ بۆ ئەوان لە ئارادا نییە و هەست بە ستەمی ئایینی ناکەن، لەلایەکی دیکەوە تورکەکان لە سیستەمی ئابووری ئێراندا بە ڕادەیەکی بەرچاو دەستیان هەیە و لێی سوودمەند دەبن و لە چاکی و خراپی و بەرزی و نزمی ئابووری وڵاتدا بەشدارن، بۆیە وەک شۆڕشی ژینا دەری خست تورکەکان بەو توانایە کە بوویان نەهاتنە مەیدان. بلووچەکان لەبەر ئەوەی هەستی مەزهەبی لە نێویاندا بەهێزە، ئیستا مەولەوییەکان بەتایبەت کەسایەتیی مەولەوی "عەبدولحەمید" جێگەی حیزبەکانی گرتووەتەوە و  بەهۆی وتارە ئایینیەکانیی ناوبراو لە نوێژە هەینیەکاندا ئێستاشی لەگەڵ بێت خۆپێشاندانەکانی زاهیدان و جارجار شارەکانی دیکەی بلووچستان گڕوتینی شۆڕشی ژینایان پێوە دیارە و نە ئاگری شۆڕش لە زاهیدان کوژاوەتەوە ونە ڕێژیمیش توانیویە دەنگی مەولەوی "عەبدولحەمید" کپ کاتەوە. بە بوونی ئەو جیاوازییانەش کە ئاماژەیان پێ کرا هەم پوتانسیلی هاوکاری و هاوپەیمانی لە نێوان ئەوگەلانەدا بەهێزە و هەم خاڵی هاوبەشیان زۆرە و چەشنێکیش لە هاوپەیمانی لەنێوان چەند ڕێکخراوێکی سەر بەو نەتەوانە بە ناوی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدرال هەیە هەرچەند خۆی لەخۆیدا باشە بەڵام دەبێ کاراتر و بەهێزتر بکرێ.

حیزبە چەپەکان:

جگە لە حیزبە چەپە کوردییەکان کە بە ڕێژەیەکی کەم و زۆر  لەنێو خەڵکی کورددا پێگە و کاریگەریی ڕێژەییان هەیە، باقیەکانیان دەتوانین بڵێن، زیاتر خۆیان لە کەسایەتیەکاندا دەبیننەوە. دیارە کەسایەتییەکان خاوەن پێشینەی خەباتکاریان هەیە بەڵام بە دوورکەوتنەوە لە وڵات و پچڕانی پێوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ نێوخۆی وڵات کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە و تەنانەت مانگرتنە کرێکارییەکانیش ناکرێ بەحیسابی ئەوان بنووسرێ چونکە دەرکەوتووە کە ڕێبەری ئەو مانگرتنانە بە هۆی سەندیکاکان و ڕێبەرانی نێوخۆی کرێکارەکانەوەیە. ئوپۆزیسیۆنی چەپی ئێرانی کە نیشتەجێی ئورووپا و شوێنەکانی دیکەن، لەنێو تۆڕی ئایدولۆژیدا گیریان خواردووە تەنانەت لەگەڵ یەکتریش هاوکارییەکی ئەوتۆیان نییە و ئەوە جێی داخە. بۆیە داخوازی و بیرکردنەوەیان گەورەتر لە قەبارەی هێز و توانایانە کە ئەوە بۆخۆی کۆسپێکە لە ڕێگای پێکهاتن و ئیئتیلاف لەگەل تەیفەکانی دیکەی ئوپۆزسیۆن.

کۆماریخوازەکان:

ئەوانیش بە زۆری کەسایەتییەکانی پەڕیوەی دەرەوەی وڵات نوێنەرایەتییان دەکەن هەرچەند جاروبار چەشنێک لێک‌نزیکبوونەوەیان لەژێر ناوگەلێکی جۆراوجۆر لێ ‌دەبینری بەڵام چونکە پێگەیان لە نێوخۆی وڵات پتەو و قورس نییە کاریگەرییەکیان لە ڕاپەرینەکاندا لێ نەبینراوە. دیارە کەسایەتییەکان مرۆڤ‌گەلێکی نیشتمانپەروەر و خاوەن پێشینەی خەباتی سیاسین بەڵام ئەوە بۆ بارودۆخی ئیستای وڵات بەس نییە. لەگەل ئەوەی هەموو گەلانی ئیران و خەڵکانێکی یەکجار زۆر لە نیوخۆی وڵات لە ڕاستیدا کۆماریخوازن، بەڵام حیزب و ڕێکخراوێکی ئەوتۆ کە بتوانی لەو پوتانسیلە بەهێزە کەڵک وەربگری و بزووتنەوەیەکی کاریگەر لە نێوخۆی وڵات وەڕێ بخات، بەداخەوە بوونی نییە هەر بۆیەش پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان ئەوان و پارتەکانی دیکە گەلێک دژوارە.

موجاهیدینی خەڵق:

ڕێکخراوێکی توکمە و بە نەزم و دیسیپلین و خاوەن پێشینەی خەباتکاری و میراتگری دەیان هەزار شەهیدن و لە ڕووی داراییەوە ئێستاشی لەگەڵ بێ دەوڵەمەندترین ڕێکخراوی نێو ئوپۆزسیۆنن. بەڵام لە هەمان‌کاتدا ڕێکخراوێکی داخراو و تەنراو بە ئایدولۆژی کە جگە لە خۆیان و لق و پۆپەکانیان هاوپەیمانێکی ئەوتۆیان لەنێو دژبەرانی ڕێژیمدا نییە. موجاهیدین خۆیان بە بەدیلی ڕێژیمی داهاتووی ئێران دەزانن و لەو ڕوانگەشەوە ئامادە نین بچنە نێو هاوپەیمانییەک لە ڕێکخراوەکانی دیکە مەگەر ئەوکاتەی حیزب یان ڕێکخراوێک باڵادەستیی ئەوانی قەبووڵ بێ، تەنانەت ئەوان ساڵەهایە سەرکۆماری هەڵبژێردراوی خۆیشیان ناساندووە. موجاهیدین زیاتر هەوڵ دەدەن بە تێچوو و هەزینەیەکی زۆر لابیگەری لەنێو پارلمانتاران و کاربەدەستانی وڵاتانی ئورووپا و ئامریکا بکەن، دیارە ئەوە بۆ خۆی خراپ نییە، بەڵام دەردی ئوپۆزیسیۆن چارە ناکا و پشتبەستن بە وڵاتانی دەرەوە وەک ئەزموون سەلماندوویەتی سوودێکی ئەوتۆی نییە چونکە ئەو وڵاتانە بە شوێن دۆستدا ناگەڕێن، بەشوێن هاوبەرژەوەندیدا دەگەڕێن. ئیستا دەبینین ئەو وڵاتانە کە زۆر بەباشی ڕەفتارەکانی ڕێژیم و تیرۆریستی بوونی و ڕەفتاری دژی مافەکانی مرۆڤی دەناسن، بەوحاڵەش پەیوەندی دیپلۆماتی و بازرگانی و سیاسیی خۆیان لەگەلی بەردەوامە. تەنها بابەتێک بۆ ئەوان جێی نیگەرانیە سازکردنی چەکی ناوکیە کە بە مەترسی بۆسەر خۆیان و هاوپەیمانەکانیان دەزانن، ئەویش ڕێژیم توانیویەتی بە فێل و تەڵەکە و کڵاوسەرنانیان ئیمتیازیان لێ وەربگرێ و خۆ لە گورزی گورچووبڕیان بپارێزی. سەبارەت بە موجاهیدن بەهۆی بوونی تەلەفزیۆنێکی هەتا ڕادەیەک بەهێز و ئیمکاناتی زۆرتر لە ڕێکخراوەکانی دیکە لە پرۆسەی شۆڕشی ژینادا؛ ئاسەوارێکیان لێ دەبینرا بەڵام بە ڕادەیەک نەبوو کە تەنانەت بتوانن مانگرتن لە شارێکیشدا ڕێک بخەن.

سەڵتەنەت خوازەکان: نە یەک ڕێکخراو و نە یەک هاوپەیمان بەڵکوو گرووپ و تەیفی جیاوازن، بەڵام لەیەک بابەتدا هاوبەشن، ئەویش ئەوەیە کە شۆڕشی ساڵی ٥٧ بە هەڵە دەزانن و بەشدارەکانیشی بە هەڵەکار. خۆیان بە میراتگریی ڕێژیمی پادشایی دادەنێن و دەیانهەوێ زیندووی بکەنەوە و لەو پێوەندیەدا هەموویان خۆ بە پشتیوانیی ڕەزا پەهلەوی کە وەک میراتگری ڕاستەقینەی سیستەمی پادشایی لە ئیران‌دایە پێناسە دەکەن، دەزانن. بەڵام دەرکەوت ناوبراو نە سیاسەتمەدارێکی شیاوە، نە پێشینەی خەباتێکی بەرچاوی سیاسی هەیە و تەنها شتێک کە ناوبراو دەتوانێ پشتی پێ ببەستێ جێنشین و کوڕەگەورەی شای پێشوو بووە. شۆڕشی ژینا کرۆک و نێوەڕۆکی کەسایەتییە سیاسیەکانی ئەو تەیفەی دەرخست، یەک لەوان قەبارەی لێهاتووی سیاسی ڕەزا پەهلەوی بوو کە تەنانەت بەشێک لە سەڵتەنەت‌خوازەکانیش بەو لاوازییە سیاسیەی ناوبراویان زانیوە. بەڵام کەسی دیکەیان نییە، بۆیە ناچارن وە دوای بکەون. سەڵتەنەت‌خوازەکان کۆمارییەکان و حیزبە نەتەوەیەکانی گەلانی ئێران بە نەیاری خۆیان دەزانن. هەرچەند بە ڕواڵەت باس لە دێموکراسی دەکەن، بەڵام شۆڕشی ژینا پەردەی لە سەر ڕوخساریان هەڵگرت و ماهییەت و نێوەڕۆکیان بۆ هەموان ڕوون بووە کە جگە لە خۆیان کەسیان قەبووڵ نییە. تەنانەت کە باس لە مەشرووتەش دەکەن بەکردەوەی تا ئێستایان دەریان خستووە کە لەم بوارەشدا ڕاست ناکەن و لە ڕاستیدا حکوومەتی چەشنی ڕەزاشاییان ئەوێ. دژی هەرچەشنە مافێک بۆگەلانی پێکهێنەری ئێرانن و پیان وایە ئێران یەک نەتەوە و یەک ئاڵا و یەک ئایینە. هەموو نەتەوەکان بەتایبەت کوردەکان بە جیاییخواز دادەنێن و بەدوژمنی یەکپارچەیی وڵاتیان لێک‌دەدەنەوە. هەر بۆیە هێشتا هیچ نەبووە دژی ئەو نەتەوانە شمشێریان لە ڕوو بەستووە. لەبیریان چوەتەوە کە تاکوو ئیستا ئەو پارچانە کە لەئێران دابڕاون، یان دایان بڕیوە، سەبەبکاری سەرەکی ڕێژیمەکانی ئیستا و پێشووتری ئیرانن نەک گەلانیی ئێران. لەگەل کۆماریخوازەکان بەگشتیی و موجاهیدین و چەپەکان دژایەتی تاسەر ئێسقانیان هەیە. هەر بۆیە نەک ئامادە نین لەگەڵیان هاوپەیمان بن بەڵکوو بە"غاصب"ی سەڵتەنەتیان دەزانن. هێز و توانا و لایەنگریان لەنێو کۆنەساواکییەکان و بنەماڵەی ئەو شاپەرستانەن کە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران بارگەوبنەیان بۆ دەرەوەی وڵات پێچایەوە. ئەگەر بڵێین لە نێوخۆی وڵات هیچ لایەنگرێکیان نییە ڕاستمان نەوتووە، ئەویش بەهۆی بارودۆخی باشی ئابووری و چەندین تەلەفزیون و کاناڵی ڕاگەیاندن، کەم تا زۆر لایەنگریان پەیدا کردووە ئەویش زیاتر ئەو کەسانە دەگریتەوە کە تەمەنێکیان بەسەر بردووە و پاشماوەی لایەنگرانی پاشایەتی پێش شۆڕشن و لەچاو ناڕازیانی نێوخۆی وڵات لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ژمارەیەکی یەکجار کەمن. ئەگەر سەڵتەنەت‌خوازەکان بەڕاستی دێموکرات بوان و بڕوایان بە دێموکراسی بوایە مافی خۆیان بوو وەک حیزب یان بزووتنەوەیەک چالاکیی خۆیان  هەبوایە و بێگومان لە وەها حاڵەتێکدا مەقبوولیەتیشیان زیاتر دەبوو.                                          

بە چاوخشاندن بە پێکهاتەی ئوپۆزیسیون بەتایبەت ئوپۆزیسیونی تاراوگە کە هەرچەند بەداخەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ڕووداوەکانی نێوخۆی وڵات نییە، بەڵام خۆپێشاندانەکان لە دەرەوەی وڵات لە پڕۆسەی شۆڕشی ژینادا بەرچاو بوو و دەکرێ وەک فاکتەرێکی ئیجابی بۆ ڕاکێشانی بیروڕای جیهانیی دەرەوە و دەوڵەتان بۆلای ستەمکارییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چاو لێ بکەین و بایەخی بزانین. لەلایەکی دیکەشەوە بەداخەوە بەشێک لە ئوپۆزیسیون لە دەرەوەی وڵات بەتایبەت سەڵتەنەت‌خوازەکان بوونە هۆی دووبەرەکی و ئەو یەکڕیزییەی کە لە سەرەتای دەسپێکی شۆڕشی ژینادا بەدی دەکرا، تێک دا و پاوانخوازی و خۆ بە بەدیل‌زان و شەڕی پێش وادەی ڕووخانی ڕێژیم بووە هۆی کاڵبوونەوە و دامرکانی ئاگری شۆڕش لە نێوخۆی وڵات. ئەوەی کە دەکرێ چاوەڕوانی ئیئتیلافێکی لێ بکرێ ئوپۆزیسیونی نێوخۆیی و حیزبەکانی گەلانی بندەستی ئێرانن. سەندیکاکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و خوێندکاران و بزووتنەوەی ژنان، مامۆستایان، هونەرمەندان و سەدان مرۆڤی بەتوانا و خاوەن‌بیر کە ئێستا لە زیندانەکانی ڕێژیمدا بە تاوانی نەکردوو حوکم دراون توانای یەکگرتنێکی بەهێزیان هەیە. نموونەی ئیئتیلافێکی لەو چەشەنە مەنشووری "مطالبات حداقلی تشکلهای مستقل صنفی و مدنی ایران"ە کە زۆر دێموکراتیک و گشتگیرە و پێویستە پشتیوانی و بەهێزتریش بکرێ. خاوەنی سەرەکیی شۆڕشی ژینا خەڵکی وەزاڵەهاتووی نێوخۆی وڵاتن هەر بۆیە ئەوان بوون کە نیشانیان دا بێ‌ جیاوازی لە هەموو شار و ناوچەکان شانبەشانی یەکتر تەخت و بەختی ستەمکارەکانیان وەلەرزە خست.

وەک وتەی کۆتایی مەرجی سەرەکیی هەر یەکگرتنێک ئەوەیە لە پلاتفۆرمی ئەو یەکگرتنەدا بەڕوونی سیستەمی حکوومەتی دوای ڕووخان دیار بێ و دەستنیشان کرابێ نەک ئەوەی دوورەدیمەنی شۆڕش بەس ڕووخان بێ و نیزامی داهاتوو دوای ڕووخان دیاری بکرێ وەک ئەوەی بەشێک لە ئوپۆزسیۆن تەبلیغی بۆ دەکەن و دەڵێن ئەولەوییەت دەبێ ڕووخانی ڕێژیم بێ بەپێچەوانە نابێ ئەو هەڵەیە کە لە شۆڕشیی٥٧ دا کرا دووپاتە ببێتەوە.