کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٢هەمین خۆپیشاندانی هەینیی زاهیدان بە شێوەی بێدەنگ بەڕێوە چوو

11:57 - 31 پووشپەڕ 2723

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژانی هەینیی زاهیدان، لەسەر داواکاریی مەولەوی عەبدولحەمید، بۆ دووەمین حەوتوو لە دوای یەک، خۆپیشاندانی بێدەنگ بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکانی زاهیدان ٤٢هەمین هەینیی خۆی تێپەڕاند و ڕۆژی ٣٠ی پووشپەڕ، سەرەڕای کەشێکی ئەمنییەتیی توند و تێکدانی هێڵی ئینتەرنێت، بە شێوەی بێدەنگ خۆپیشاندان دژی ڕێژیم بەڕێوە چوو.

لە وتاری نوێژی هەینیی زاهیدان، مەولەوی عەبدولحەمید باسی لە ئابووریی ڕێژیمی ئێران کرد و وتی: ''هەتا کاتێک سیاسەتەکانی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران چاک نەکرێت، ئەگەر هەموو ئابووریزانەکانی جیهانیش کۆ ببنەوە، ناتوانن دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە بەرەو باشی ببەن.''

ناوبراو ڕیشەی کێشە سەرەکییەکانی ئێرانی بۆ ''سیاسەت'' گەڕاندەوە و وتی کە هەم ئابووری، هەم ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان، مامۆستایان و کرێکاران و هەمیش پرسی حیجابی ژنان، پێوەندیی بە سیاسەتەوە هەیە.

پێشنوێژی هەینیی زاهیدان باسی لە خۆڕاگریی ژنان لە دژی حیجابی ئیجباری و وەگەڕخرانەوەی دووبارەی گەشتی ئیرشاد کرد و وتیشی: ''ژنان دەیانەوێت لە ڕێگەی نافەرمانیی مەدەنییەوە تووڕەیی خۆیان دەربخەن.''