کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووتانی ٤٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی مەریوان لە ماوەی دوو ڕۆژدا

10:50 - 1 گەلاوێژ 2723

سەرەڕای هەوڵی بێ‌وچانی ژینگەپارێزان و خەڵکی دڵسۆزی ناوچەکە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری چەند ڕۆژی ڕابردووی دارستانەکانی دەوروبەری مەریوان، ٤٠٠ هێکتار لەو دارستانگەلە و ئاژەڵێکی زۆر سووتان و ٨ کەسیش بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە ماوەی ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی پووشپەڕ، وێڕای هەوڵ و تێکۆشانی ژن و پیاو و منداڵی نیشتماندۆست و گیانفیدای مەریوان و گوندەکانی دەوروبەری کە وەکوو هەمیشە ئاگری جەستەی نیشتمانیان کە لەلایەن داگیرکەر و بەکرێگیراوانییەوە بەردرابووە گیانی دارستان و لەوەڕگە و ئاژەڵە کێوییەکانی کوردستان، کوژاندەوە و چەندین کەسیشیان بریندار بوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە گوندەکانی سەڵەسی، چاوگ، سێف سەروو، پێڵە، کانی‌میران و ساوا زیاتر لە ٤٠٠ هێکتار دارستان و بەشێکی بەرچاو لە ئاژەڵە کێوییەکانی ئەو ناوچانە بوونە قوربانیی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوانی بۆ پاکتاوکردن و لەنێوبردنی ژینگە و ژیانی کوردستان.

بە وتەی ژینگەپارێزان و شایەتحاڵان و ئەو گرتە ویدیۆگەلەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، ئاگرەکە لەلایەن ماشینێکی سپای تێرۆریستی پاسداران کە بە جلوبەرگی ئاساییەوە هاتوون و لە ڕێگای منەوەری تایبەتەوە لە کانی میران و بەردەڕەشە بەردراوە و نارنجۆکیان فڕێ داوەتە نێو ئاگرەکە کە بووەتە هۆی برینداربوونی ٧ کەس.

هەروەها لەو ناوچانەدا پاشماوەی تەقەمەنیی بەجێماوی ڕێژیم وەکوو بەشێکی دیکە لە پیلانە قێزەونەکانی بە دژی خەڵک و خاکی کوردستان بینراون.

جێگای ئاماژەیە، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٣١ی پووشپەڕ، لە ساڵحاوای سەقزیش ئاگرێک لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو ناوچەیە بەردرا کە لەلایەن کۆمیتەی قەیرانی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقزەوە کۆنترۆڵ و کوژێندرایەوە.

شایانی باسە کە کاولکردنی ژینگەی کوردستان بە گشتی و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی وڵاتەکەمان، بەشێکی سەرەکییە لە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.