کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرگریی بێ‌وێنەی خەڵکی کرماشانی دڵی کوردستان لە ناسنامەی کوردیی ئەو شارە

11:24 - 1 گەلاوێژ 2723

کچ و کوڕی کرماشانی لە دژکردەوە بە ڕێگریکردن لە چوونەژوورەوەی ژن و پیاوێک بە جلی کوردییەوە بۆ سەیرانگای مێژوویی تاقۆسان لەو شارە، بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی لەو شوێنە وڵامێکی گونجاو و شیاویان بە داگیرکەران دایەوە.

پاش ڕێگریکردنی چەند ڕۆژ پێشی بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە چوونەژوورەوەی ژن و پیاوێک بە جلی کوردییەوە بۆ سەیرانگای مێژوویی تاقۆسان، خەڵکی ئەو شارە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی گشتی و بێ‌وێنە، دەستەدەستە بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی و چوونەژوورەوە بۆ تاقۆسان، نافەرمانییەکی مەدەنییان بەڕێوە برد و زۆر بە ڕاشکاوی بەرگرییان لە ناسنامەی کوردیی کرماشانی دڵی کوردستان کرد.

جێگای ئاماژەیە کە داگیرکەرانی کوردستان بەردەوام هەوڵی سڕینەوەی فەرهەنگ و مێژووی کوردیان داوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک تا ئێستا نەک هەر نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن، بەڵکوو هەست و سۆز و بیر و هزری شوناسخوازیی کورد ڕۆژبەڕۆژ چرۆی تازەی کردووە و گەیشتووەتە ئاستێک کە کوردایەتی و نیشتمانپەروەریی ئەم ڕۆژانە لە کرماشان و ئیلامەوە چەکەرە دەکات و پەرە دەستێنێت و دەبێتە هاندەری هەستانەوەی ناوچەکانی دیکەش.