کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەدەی بیستەم دوایین سەدەی ڕێبەرانی تاقانە

13:49 - 1 گەلاوێژ 2723

کەماڵ حەسەن‌پوور

سەدەی بیستەم لە زۆر ڕوانگەوە سەدەی ڕچەشکاندن بوو و بەشێک لە ڕووداوەکانی ئەو سەدەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا وێنەیان نەبووە. لەو سەدەیەدا دوو جار جەنگی جیهانی ڕووی دا، چەند ئیمپراتوری دوای سەدان ساڵ دەسەڵاتداریی هەرەسیان هێنا و زانست پێشکەوتنێکی پێوانەیی تۆمار کرد. مرۆڤ لەو سەدەیەدا توانی ئەتۆم لەت بکات و لە وزەکەی هەم بە شێوەی ماڵوێرانکەر و هەروەها بۆ پێشکەوتن و خۆشبژیوی و ئاوەدانی کەلکی لێ وەرگیرا. لەو سەدەیەدا بوو کە تیۆرییەکانی دژە کۆلۆنیالیستی داڕێژران و گەلێک جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانە سەریان هەڵدا و بەشێکی بەرچاویان سەرکەوتن.

لەو سەدەیەدا چەندین ڕێبەری تاقانە سەریان هەڵدا و ناوی خۆیان لە لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار کرد. لە ئاستی نێونەتەوەییدا دەتوانین باسی، گاندی، لێنین، مائۆ، چرچیل، ڕوزڤێلت و ماندێلا بکەین و لە ئاستی کوردستاندا دەکرێ باسی شێخ مەحمودی بەرزەنجی، سمکۆی شکاک، قازی محەممەد، مەلا مستەفای بارزانی، جەلال تاڵەبانی، دوکتور قاسملوو، فوئاد مستەفاسوڵتانی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەین. تایبەتمەندی هەموو ئەو سەرکردانە ئەوە بوو کە هیچ‌کامیان بە قەولی پێشینیان "لە پڕێک نەبوونە کوڕێک،" بەڵکوو پێگەی ئەوان لە ئاکامی چالاکیی دوورودرێژ و کۆڵنەدەرانەی خۆیاندا بوو.

دوکتور قاسملوو کە هاندەری نووسینی ئەو وتارەیە، لە هەڕەتی لاوەتیدا هاتە نێو گۆڕەپانی جووڵانەوە و چالاکیی سیاسی و لە ماوەی چەند دەیەدا توانی بیسەلمێنێ کە بەشێکی زۆر لە تایبەتمەندییەکانی ڕێبەرێکی بلیمەتی هەیە.  

لەنێو تایبەتمەندییەکانی پێویست بۆ بوون بە ڕێبەرێکی باش، باسی ئەوانە دەکرێ: دیدی دوور، توانایی پێدانی ئیلهام بە دەوروبەر، بیری ستراتێژیک و ڕەخنەگرانە، توانایی پەیوەندی‌گرتن و دروستکردنی ڕایەڵە، ڕەسەنایەتی و خۆبواردن لە لاسایی‌کردنەوە، خۆگونجاندن، وەئەستۆگرتنی بەرپرسیاری، پشوودرێژی و خۆڕاگری و هەروەها دڵئاواڵایی بۆ چاکسازیی بەردەوام.

گومان لەوەدا نییە هەرکام لە ئێمە کە تا ڕادەیەک دوکتور قاسملوو دەناسین، دەتوانین چەند نموونە لە هەرکام لەو تایبەتمەندییانە باس بکەین کە یان بە چاوی خۆمان لە ناوبراودا دیتوومانن یان لە نووسراوە و لێدوانەکانی ئەو کەسانەی لە نزیکەوە ناسیویانە، بە دۆست و نەیارەوە، خوێندووماننەوە یان بیستوومانن. لێرەدا من تەنیا دەچمە سەر بەشێک لەو تایبەتمەندییانە کە شەهید دوکتور قاسملوو هەیبوون و دۆست و نەیار دانیان پێدا ناون.  

لەبارەی دیدی دوور دەتوانین بە پشتبەستن بە کتێبی "کوردستان و کورد"، دروشمی ستراتێژیکیی حیزب لەو کاتدا، جێخستنی نەریتی گرتنی کۆنگرە و دژایەتیکردنی تاک‌پەرستی، بیسەلمێنین کە دوکتور قاسملوو خاوەنی دیدی دوور بوو. لەمەڕ بوونی توانایی ئیلهامدان بە دەوروبەرییەکانی، دەتوانین بۆ سەلماندنی بوونی ئەو تایبەتمەندییە لە ناوبراودا، بە گێڕانەوەکانی هەڤاڵان و دۆستانی چ لە نێو حیزب و چ لە دەروەی کاری حیزبیدا پشتڕاست بکەینەوە. هێشتا ٣٤ چوار ساڵ پاش شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو، وتەکان و بۆچونەکانی ئیلهامدەری ئەویندارانی ڕێگای ئازادین. بۆ نموونەی بیری ستراتێژیک و ڕەخنەگرانە تەنیا ئاماژە بە دوو شت دەکەم کە سەلمێنەری ئەو تایبەتمەندییە لەلای دوکتور قاسملو بوون، یەکیان هێنانەدەری حیزبی دێموکڕات لەژێر هێژمۆنیی حیزبی توودە و ئەوی دیکەش نامیلکەی کورتەباس. توانایی پەیوەندی‌گرتن و دروستکردنی ڕایەڵە یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە بەرزەکانی دوکتور قاسملو بوو، بە شیوەیەک کە دەکرێ بڵێین ناوبراو بە کەلک‌وەرگرتن لەو تواناییە، توانیبووی کورد و پرسەکەی بە تایبەتی لە ئورووپادا بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر بناسێنێ و هێندێک دۆستی بۆ کورد پەیدا کردن کە وەفایان بۆ کورد و پرسە ڕەواکەی تا دواهەناسەی ژیانیان بەردەوام بوو و بەردەوام دەبێ. حاشا لەوە ناکرێ کە دوکتور قاسملو سیاسەتوانێکی کەتوارگەرا بوو و لەبەر ئەو هۆیەش خۆی لەگەڵ هەلومەرجی خەبات دەگونجاند. لە پەیوەندی لەگەڵ وەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریی نە تەنیا بۆخۆی نموونەی ڕاستەقینەی ئەو تایبەتمەندییە بوو بەڵکوو هەوڵی دەدا هەموو گەلی کورد لەو ڕاستییە تێ‌بگەیەنێ بۆیە وتەی، "گەلێک ئازادیی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا،" ئاماژە بەو ڕاستییەیە.

کاتێک چاو بە ڕووداوەکانی دەسپێکی سەدەی بیست و یەک تا ئێستا دەخشێنین، بۆمان دەر دەکەوێ کە لەگەڵ گەشەکردنی تەکنەلۆژیای پەیوەندی‌گرتن و ئینتەرنێت، دیاردەی ڕێبەری تاقانەش هەر دێت و دەگمەنتر دەبێ و بوار بۆ جۆرێکی دیکە لە ڕێبەری بلیمەت دەڕەخسێ.

سەتەلایت، ئینتەرنێت و سۆسیال‌مێدیا بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئیزن بە تاکەکان دەدەن تا وەک تاک بیروڕای خۆیان بە ڕێژەیەکی بەربڵاو بەردەنگ بگەیەنن و هەروەها بۆخۆشیان بتوانن لە دید و بۆچوونی تاکەکانی دیکە ئاگادار بن. ئەو دیاردەیە دەتوانێ هەم ئەرێنی بێ و هەم نەرێنی.

لایەنە ئەرێنییەکەی ساکاربوونی گەیاندنی پەیام بە جەماوەرە کە دەتوانێ لە سازکردنی شەپۆلی بەربەرینی جەماوەریی دژی ڕێژیمی دیکتاتۆڕدا کاریگەر بێ، وەک چۆن لە شۆڕشەکانی بیست ساڵی ڕابردوودا لە چەند وڵاتی جیاواز دیتوومانن. ئێستا بۆ کەس شاراوە نییە کە کاناڵە سەتەلایتییەکان و بە تایبەت سۆسیال‌مێدیا بۆ دروستکردنی ڕایەڵە لەنێوان سەدان هەزار و بگرە میلیۆنان مرۆڤ لە دەروەی سنوورە جوغرافییەکان چەندە کاریگەرن.

لایەنە نەرێنییەکەی ئەو تەکنەلۆژیایە، تەوژمی بەلاڕێدابردن بە هۆی بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و سەرهەڵدانی دیاردەی ڕێبەرانێکن کە "لە پڕێک بوونە کوڕێک،" و هەروەها دیاردەی ئینفلوئەنسەر. مەترسیی ڕێبەری پۆپۆلیست و ئینفلوئەنسەری نائاگا بۆ کۆمەڵگە حاشایان لێ ناکرێ.

هەڕەشەیەکی دیکە کە دەتوانێ لەو سەدەیەدا دەوری زۆر خراپ بگێڕێ، دەوری کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای زانیارییە کە بە تێکەڵ‌کردنی تواناییەکانی کۆکردنەوەی زانیاریی بەربڵاوی تاکەکان، دەتوانن کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی بیروڕا بە شێوەیەک بێ کە لە بەرژەوەندیی ئەو کەسانە دابێ کە خزمەتگوزارییەکانیان دەکڕن. نموونەی ئەو دیاردەیە لە ئابڕووچوونەکەی کەمبریج ئانالیتیکادا بینرا، کە ئاشکرا بوو فەیسبووک لەو بوارەدا و بۆ کاریگەریی لەسەر بۆچوونی بەردەنگەکان لە کاتی هەڵبژاردندا، زانیاریی بەکارهێنەرەکانی فرۆشتووە.

لە ئاستی وڵاتانی دیموکراتیکیشدا دەبینین لە سەدەی بیست و یەکدا زۆر بەدەگمەن لە هەڵبژاردنەکاندا حیزبێک دەتوانێ زۆرینەی دەنگی دەنگدەران بۆخۆی مسۆگەر بکات تا لەو ڕێگایەوە بتوانێ دەوڵەتی زۆرینە پێک‌بێنێ. ئێستا دەمێکە یان دەوڵەتی هاوپەیمانیی بوونە باو، یان دەوڵەتی کەمینەی لاواز کە حیزبی دەسەڵاتدار لە سەپاندنی سیاسەتەکانی خۆیدا ناسەرکەوتوویە، چونکە ناتوانێ ڕێژەی دەنگی پێویست لە پارلەمانی وڵاتەکەیدا بۆ سیاسەتەکانی خۆی مسۆگەر بکات.

چەند نموونە تا ئێستا ڕوویان داوە کە کەسێکی دەوڵەمەند کە چەند کاناڵی ڕاگەیاندنی لە بەردەستدا بوون توانیویەتی دەنگی دەنگدەران بۆخۆی مسۆگەر بکات و بەو شێوەیە ببێتە سەرۆک‌وەزیران یان سەرۆک‌کۆمار. یەکێک لەو کەسانە سیلڤیۆ بەرلوسکۆنی، لە ئیتالیا بوو کە ماوەیەک لەوە پێش کۆچی دوایی کرد.

ڕەنگبێ بەشێک لە خوێنەران بڵێن، ئەو دیاردەیانە لە وڵاتانی پێشکەوتوو ڕوو دەدەن و پەیوەندییان بە کۆمەڵگەی کوردستانەوە نییە. بەڵام لەبەر ئەوە کە کۆمەڵگەی کوردستان (بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) هێشتا لەژێر دەسەڵاتی سیستەمی دیکتاتۆڕی‌دایە، مەترسی بەلاڕێدابردنی بیروڕای جەماوەر هەمیشە مەترسییەکی ڕاستەقینەیە.   

دیاردەیەکی دیکە کە لە زۆر وڵات باوە، بوونی ناوەندکانی لێکۆلێنەوە و دانانی ستراتیژیی جۆراجۆرە کە بە ئینگلیزی پێی دەڵێن تینک تانک (Think tank). ئەو ناوەندانە کاریان لێکۆڵینەوە و داڕشتنی ستراتیژی لە بوارەکانی جۆراوجۆرەکانە و دەورێکی مەزن لە بەڕێوەبەریی سیاسەتەکانی وڵاتێکدا دەگێڕن. واتە لە جیاتی ئەوە کە ڕێبەری حیزبێک یان وڵاتێک بۆخۆی سیاسەتەکانی حیزبی خۆی بۆخۆی یان بە یارمەتیی دەوروبەرییەکانی داڕێژێ. ناوەندی تایبەتی بە کەلک‌وەرگرتن لە کەسانی پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاکان، داڕێژەی سیاستی و ستراتێژیی بەرێوەبەریی وڵاتن.

ئاخۆ ئەوە بەو مانایەیە کە ئیتر نابێ چاوەڕوانی ڕێبەری مەزن بین؟ بێگومان ڕێبەری مەزن ئیستاش بوونیان هەیە و لە داهاتووشدا دەبن بەڵام مەبەستی من ئەوەیە کە ڕێبەری تاقانە بە شێوەیەک کە هێژمۆنیی فکریی بەسەر بەشێکی بەرچاو لە خەڵکدا هەبێ، لە سەدەی تەکنەلۆژیای زانیارییدا هەر دێت و دەگمەنتر دەبێ. چونکە تایبەتمەندیی ئەو سەدەیە پەرتەوازەبوونی بیروبۆچوونی خەڵک و هەڕەشەی شکڵدانی بیروبۆچوون و تەنانەت حەز و خولیا، لەلایەن کەسان و لایەنێکانەوەیە کە دەسەڵاتیان بەسەر تەکنەلۆژیای زانیاریدا هەیە.

گومان لەوەدا نییە کە تایبەتمەندییەکانی ڕێبەرێکی باش هەر ئەوانەن کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، بەڵام سەرکەوتوو ترین ڕێبەر (لەسەر ئاستی کوردستان)، بە بۆچوونی من کەسێک دەبێ کە لە پەیوەندی‌گرین لەگەڵ تاکەکان، دروستکردنی ڕایەڵە و وهەروەها دروستکردنی هاوپەیمانیی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا سەرکەوتوو بێ. سەدەی بیست و یەکەم سەدەی ئاڵوگۆڕی بەردەوامە، کە وابوو ڕێبەری سەرکەوتوو کەسێکە کە خۆی و جەماوەر بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەو سەردەمە نوێیە و پڕ لە ئاڵوگۆڕە ئامادە بکات.

ڕێبەرانی سەرکەوتووی دنیای پێشکەوتووی ئەمڕۆ، ژمارەیەکی زۆر ڕاوێژکاری بە توانا لە بوارە جۆراجۆرەکانیان هەن. ئەوان لە ڕاستیدا وەک ڕێبەری ئۆرکێستران، کار و ئەرکەکان بەسەر کەسانی لێزاندا دابەش دەکەن و بۆخۆیان ئەرکی خوڵقاندنی هاوئاهەنگی و ڕێکخستنی هەوڵەکان بەرەو ئاراستەی سەرکەوتن وە ئەستۆ دەگرن.

ئەگەر سەردەمێک ڕێبەران بڕیاردەری چارەنووسی گەلان و وڵاتان بوون، لە دەیەکانی داهاتوودا ئەوە ژیریی دەستکرد و لێک‌گرێدانی زانستەکانی زانیاریی و بایۆلۆژیایە کە کۆمەڵگەکانی داهاتوو شکڵ دەدەن.

مانەوە لە کەش‌وهەوای سەدەی بیستەمدا، لە لایەن هەر ڕێبەرێک و ڕێکخراوێکەوە بێ، دەتوانێ ئاسەواری کارەساتباری بەدواوە بێ، بۆیە دەبێ ئەزموونەکانی سەدەی ڕابردوومان، بە سەرکەوتن و نسکۆکانیەوە، بکرێنە وانە و چرای ڕێ‌نیشاندەر بۆ خەباتی داهاتوو. دەبێ هەر کام لە ئێمە بەگوێرەی توانا ئەرک وەخۆ بگرین و بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی گەلەکەمان بۆ ڕزگاریی هەوڵ بدەین.