مستەفا شێخە
دەستەواژەی "ڕێبەری گەل"م لە نووسینێکی دوکتور قاسملوو خواستووەتەوە. یەکەم جار دیوانی شێعریی "تاریکوڕوون"ی مامۆستا هێمن پەنجا ساڵ لەمەوبەر بڵاو دەبێتەوە و دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو بە نووسینی پێشەکییەکی ١٥ لاپەڕەیی لەژێر سەردێڕی "شاعیری گەل" مانای قووڵ و مرۆڤدۆستانەی ئەم دیوانە شێعرییەی تێر و تەسەلتر کردووە.
وەک مامۆستا هێمن لە کۆتایی گێڕانەوەی بەسەرهاتی ژیانی خۆی لەژێر ناوی "لە کوێوە بۆ کوێ"دا دەڵێت: ئەم دیوانە ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی واتە ٥٠ ساڵ لەمەوبەر ئامادە کراوە و دوور نییە پێشەکییەکەی دوکتور قاسملووش هەر لەو سەروبەندەدا نووسرابێت.
لە کاتێکدا خوێنەری بەڕێز چاوی بەم دێڕانە دەکەوێت، ٥٠ ساڵ بەسەر نووسینی پێشەکیی دوکتور قاسملوو بۆ دیوانی مامۆستا هێمندا تێپەڕیوە. ١٦ ساڵ دواتر وتووێژێکی کورت و بەپێزی دوکتور قاسملوو لەگەڵ بەشی فارسیی تەلەفزیۆنیی "بی.بی.سی" تۆمار کراوە و ئەم وتووێژەش ٢٥ سال دوای تۆمارکردنی بڵاو کراوەتەوە.
دیارە دوکتور قاسملوو پێشەکییەکەی دیوانی هێمنی دوای چاپ و بڵاوکردنەوە دیتووە، بەڵام وتووێژەکەی بی.بی.سی، ٢٥ ساڵ دوای تیرۆرکرانی بڵاو بووەتەوە. کاری ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندینش بە جۆرێکە هەموو وتووێژێکی لەمجۆرە دوای دەستکاریکردنی کەم یان زۆر و ڕێکخستنەوەی دووبارە، لە ئامێرەکانی ڕاگەیاندندا بڵاو دەکرێتەوە. هەر چۆنێک بێت، ئێستا ئەم دوو دەقەمان لەبەر دەستن و دەکرێت وەک بەڵگە پشتیان پێ ببەسترێت.
دوکتور قاسملوو لە پێشەکییەکەی بۆ "تاریکوڕوون"دا باس لە زۆر تایبەتمەندیی هێمن دەکات و بۆ سەلماندنی تێگەیشتن و بۆچوونی خۆی، دەقی جوان لە چەندین شێعری ئەم دیوانە دەخوازێتەوە و هەروەها لە وتووێژ دەگەڵ دەنگی فارسیی "بی.بی.سی"شدا زۆر بەجوانی باسی دۆخی سیاسیی ئەوکات و هەڵسوکەوتی خەباتگێڕانی کورد و دەستەڵاتدارانی تاران دەکات. بۆیە دەکرێت هم پێشەکییەکەی "تاریک و ڕوون" و هەم وتووێژەکەی ١٦ ساڵ دواتری دوکتور قاسملوو لە ڕوانگە و گۆشە نیگای جوداوە بکرێنە سەرچاوەی ڕوون و بەرچاوی بابەت و لێکدانەوەی زۆر. بەڵام ئەوەی لێرەدا ئامانجی ئەم نووسراوەیە، سەلماندنی گەلیبوونی ئەم دوو ڕێبەرە مەزنەیە. بۆیە بە هەردوویان دەڵێم ڕێبەری مەزن، چوونکە هێمنی شاعیر بەم هەموو دەقە ئەدەبییەی خوڵقاندوونی سەدان و هەزاران کچ و کوڕی بەرەو خەبات لە گۆڕەپانی زمان و ئەدەب و خۆشەویستی و یەکسانیدا هان داوە و لە ڕاستیدا ڕێبەرایەتییانی کردووە. ڕێبەرایەتیی دوکتور قاسملووش لە ئاستی سیاسیدا بۆ هەموو لایەک حاشاهەڵنەگرە.
هێمن شاعیری گەلە
بەرلەوەی بچینە سەر گەلیبوونی مامۆستا هێمن، دەگەڕێینەوە سەر ڕا و بۆچوونی دوو فەرهەنگنووسی ناوداری کورد. "شێخمحەمەدی خاڵ" لە فەرهەنگی خاڵدا بۆ شیکردنەوەی وشەی "گەل" دەڵێت: "گەل، کۆمەڵێکی گەورەیە لە ئادەمی کە پێکهاتبێ لە چەند تیرە و عێل و هۆز و خێڵێک و هەموو بە یەک زبان قسە بکەن." عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی، ناسراو بە "هەژار موکریانی"ش لە فەرهەنگی "هەنبانەبۆرینە"دا دەڵێت: "وشەی گەل بریتییە لە "کۆمەڵە بنیادەمی هاونەژاد و خاوەنی زمان و خدە و خووی تایبەت بە خۆیان."
بۆ بیرهێنانەوەی زیاتری گەلیبوونی مامۆستا هێمن پشت بە بەشێک لەو پێشەکەییە دەبەستم کە دوکتور قاسملوو بۆ دیوانی "تاریکوڕوون" نووسیویەتی:
"هەرکەس لە ئەدەبی کوردی شارەزا بێ، ناوی هێمنی بیستووە. شێعرەکانی خوێندووەتەوە و بێگومان دەزانێ کە هێمن یەکێک لە شاعیرە هەرە بەرزەکانی کوردی سەردەمی ئێمەیە. بەڵام شێعری هێمن هەر لە سەرتاوە لە چوارچێوەی ئەدیب و نووسەران دەرچووە، لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بڵاو بۆتەوە و هەر لە سەرەتاشەوە لە دڵی هەموو کوردێکی دڵسۆز کاریگەر بووە و ئەوانی بەرەو خەبات لە پێناوی ڕزگاری هان داوە. هێمن لە سەرەتاوە شاعیری گەله و هەر بە شاعیری گەلیش ماوەتەوە." (پێشەکیی دیوانی تاریکوڕوونی مامۆستا هێمن)
بەگوێرەی ئەو پێناسەیەی لە فەرهەنگی خاڵ و هەنبانەبۆرینەدا هاتووە، ئەو گەلەی هێمن شاعیریەتی، گەلی کوردە. هێمن شاعیری هەموو ئەو هۆز و تیرە و خاوەن زاراوە جۆرانەیە گەلی کوردیان پێکهێناوە. ئەم گەلە سەرەڕای هەبوونی پێناسەی گەلبوونی، لەگەڵ گەلانی دیکە جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە. ئەم جیاوازییەش لە چاوی دوکتور قاسملوو ون نەبووە و لە بەشێکی دیکەی پێشەکی بۆ دیوانی هێمن بەم جۆرە ئاماژەی پێ دەکات:
"هێمن نەتەوەکەی خۆش دەوێ، لەوەش زیاتر نەتەوەکەی خۆی دەپەرەستێ. بەڵام ڕقیشی لە هیچ نەتەویەکیتر نییە. لە هەموو دیوانی هێمندا شێعرێک کە بە خراپە باسی نەتەوەیەکیتر بکا، یا کورد لە نەتەوەیەکیتر بە بەرزتر دابنێ، بەدی ناکرێ، دیاردەیەک کە بەداخەوە لە دیوانی زۆر شاعیری کورددا بەرچاو دەکەوێ. نەک ئەوە بەڵکوو بەشەردۆستی یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شێعری هێمنە".)سەرچاوەی پێشوو)
د. قاسملوو بۆ ئەوەی پێشان بدات هێمن شاعیری گەلێکی جیاوازە، ڕوانگەی ئەم شاعیرە هەڵکەوتەیە بۆ "پێشەوا قازی محەممەد" سەرۆککۆماری کوردستانمان بیر دەخاتەوە:
"هێمن زۆر جار باسی پێشەوا قازی دەکا، لە شێعرەکانیڕا دیارە چەندە ئەو ڕۆڵە بەنرخ و هەڵکەوتووەی گەلی کوردی خۆش ویستووە. پێشەوای خۆش دەوێ چونکە:
زانا بوو، کوردپەروەر بوو
پێشەوا بوو، ڕابەر بوو
بەڵام بۆیە پێشەوا بە مەزن دەزانێ چونکە:
هەر کورد نەبوو بەشەر بوو
خەمی خەڵکی لەبەر بوو" (پێشەکیی دوکتور قاسملوو بۆ تاریکوڕوون)
بەشەر واتە مرۆڤ و خەمخواردن بە خەڵکی دیکە و هەموو مرۆڤان تایبەتمەندیی هاوبەشی پێشەوا قازی، مامۆستا هێمن و د. قاسملووە.
جەوهەری گەلیبوون لە سیاسەتدا ڕەنگ دەداتەوە
وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، پێشەکیی قاسملوو بۆ "تاریکوڕوون"ی هێمن باس لە زۆر تایبەتمەندیی هێمن و شێعرەکانی لە بواری نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و چینایەتییەوە دەکات. بەڵام هەموو ئەم باسانە دەرفەتی زۆر و ڕەشکردنی لاپەڕەی فرەیان پێویستە. بۆیە بەکورتی دەچینە سەر ئەو وتووەێژەی ڕێبەری کوردان، ١٦ ساڵ دوای نووسینی پێشەکیی تاریک و ڕوون و بە مەودایەکی کورتی بەر لە تیرۆرکرانی لەگەڵ بەشی فارسیی تەلەفزیۆنی "بی.بی.سی"دا کردوویەتی.
دوکتور قاسملوو لەم وتووێژەدا بەڕوونی باس لە بارودۆخی سیاسیی کوردان و هەڵوێستی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمێکی دیاریکراوی مێژوودا دەکات. بەڵام جەوهەری بەشی بەرچاوی لێدوانی لە بەرانبەر پرسیارەکانی پێشکەشکاردا هەمان جەوهەری نێوەڕۆکی ئەو پێشەکییە بۆ تاریکوڕوونی نووسیوە:
"ئەو پێناسەی ئێمە بۆ دێموکراسی هەمانە، زۆر بێخەوشە. دێموکراسی یانی ئازادیی بیروبۆچوون، ئازادیی ڕادەبڕین، ئازادیی زمانی نەتەوان، ئازادیی فەرهەنگ و هەروەها ئازادیی حیزبان. دەستەڵاتی بەڕێوەبردن بدرێتە دەست خەڵک، دەستەڵاتداریەتیی خەڵک لەدەست خەڵکدا بێت. ئێمە پێمانوایە هیچ جۆرە دیکتاتۆرییەک لە داهاتووی ئێراندا ناتوانێت ئامانجی خەڵکی ئێران دابین بکات. جا چ ئەم دیکتاتۆرییە شاهەنشاهی بێت، چ دیکتاتۆرییەکی ئیسلامی بێت، چ دیکتاتۆریی پرۆلتاریا بێت." ( بەشێک له لێدوانی دوکتور قاسملوو لە وتووێژ دەگەڵ تەلەفزیۆنی بی.بی.سی)
قاسملوو لەم چەند دێڕەی خوارەوەدا دەچێتەوە سەر ئەو دێڕە شێعرەی، کە هێمن بۆ پێشەوا نوسیویەتی و بە سەرۆککۆماری کوردان دەڵێت: "هەر کورد نەبوو، بەشەر بوو/ خەمی خەڵکی لەبەر بوو"... .
" ئێمە پێمانوایە ئێرانی ئێمە پێویستیی بە ڕێژێمێکی دێموکراتیک هەیە کە بە لەبەرچاوگرتنی فەرهەنگی ئێمە، مێژووی ئێمە، بەڵام بە پاراستنی بنەماکانی دێموکراسی، بە پاراستنی ئەو خاڵانەی لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتوون و لە بەیاننامەی مافی مرۆڤدا هاتوون دەتوانێت وڵاتی ئێمە بە ڕاستی بەرەو پێش ببات. بەمجۆرە ئێمە تەنانەت لە کوردستان کە بە بەرپرسیاریەتیەوە دەتوانم بە ئێوە بڵێم زۆرینەی نزیک لە هەموو خەڵکی کوردستان لایەنگری حیزبی ئێمەن، ئێمە خۆمان بەتەنیا خاوەنی کوردستان نازانین و ئەوە خەڵکی کوردستانە تەما دەگرێت ئاخو حیزبی دێموکرات دەبێت خودموختاری بەڕێوە ببات یان ڕێکخراوێکی دیکە." (هەمان سەرچاوەی سەروو)
رێبەری گەلی کورد لە درێژەی ئەم وتووێژەدا باس لە دێموکراسیی قووڵ دەکات و باشترە قووڵایەتیی دێموکراسییەکە لە زمان خۆیەوە ببیسین:
"ئێمە پێمانوایە ئەگەر هەلومەرجی شەڕ لەنێو بچێت، هەموو ڕێکخراو و هەموو گرووپەکان دەبێت بەرنامەی خۆیان بۆ خەڵکی ئێران ڕوون بکەنەوە و خەڵکی ئێران بە ئازادییەوە لەنێو ئەم ڕێکخراو و گرووپانە هەڵبژێرن. ئەگەر وابێت، بەمجۆرە ئێمە لە ئێران بڕوامان بە دێموکراسییەکی قووڵ هەیە، ئەو دێوکراسییەی ڕێز لە مافی هەمووان بگرێت، ڕێز لە مافی دژبەرانیش بگرێت، چونکە بە بڕوای ئێمە هیچ دێموکراسییەک بەبێ ڕێزگرتن لە مافی دژبەران ناتوانێت هەبوونی خۆی بسەلمێنیت". (درێژەی وتووێژی دوکتور قاسملوو لەگەڵ بی.بی.سی)
دوای بڵاوبوونەوەی تاریکوڕوون و هەتا دوایین وتووێژی دوکتور قاسملوو زۆر جیاوازی و تەنانەت ڕووبەڕووبوونەوەش لە نێوان دوکتور قاسملوو و مامۆستا هێمندا ڕوویان داوە، بەڵام هەردووکیان لەسەر ئارەزوو و ئاواتێکی هابەش پێداگرییان کردووە. قاسملوو دەڵێت:
"ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە ئەمەیە زۆربەی نزیک لە هەمووی خەڵکی ئێران چیان دەوێت؟ زۆربەی خەڵکی ئێران ئاشتییان دەوێت، ئازادی و دێموکراسییان دەوێت و ئەمنییەت و ئاسایشیان دەوێت و کەسانێک بتوانن بەرنامەیەکی لەمجۆرە پێشانی خەڵک بدەن و وابکەن خەڵکی ئێران بە ڕاستبوونیان بڕوا بهێنن دەتوانن بەرنامەیەکی ئەوا جێبەجێ بکەن، من پێموایە ئەم توێژە لە داهاتووی ئێران براوە دەبێت." (هەمان سەرچاوە)
هێمنیش دوای بڵاوبوونەوەی دیوانی تاریکوڕوون شێعری "فرمێسکی ڕوونوو" لە کتێبی بارگەی یاراندا بڵاو دەکاتەوە و دەڵێت:
"نایەڵن ئاسوودە دانیشم لە داوێنی چیام
قاسپەی كەو بێتە گوێم، كوا گرمەیی مینم دەوێ؟
بۆ دەبێ بمدەنە بەر گوللـە یا ڕاوم بنێن
گەر گوتم كوردم لە كوردستانی خۆم ژینم دەوێ!"