کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وانەکانی پووشپەڕ

15:35 - 1 گەلاوێژ 2723

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

سات و ڕۆژ نییە لە ساڵدا بۆ کورد وەبیرهێنەرەوەی حەماسەیەک یا کۆستێکی گران نەبێت، بەڵام لە ٣٤ ساڵ لەوە پێش پووشپەڕ بە مانگی کۆستی گەلی کورد دادەنرێت، چونکە لەو مانگەدا بوو دەسەڵاتی تاران بەوپەڕی ناجوامێرانە وەک نەریتی هەمیشەیی نەمران دوکتور قاسملوو و عەبدوڵڵا قادری‌ئازەریان لە ڤییەنی پێتەختی ئوتریش تێرۆر کرد.

لە پووشپەری ئەمساڵ بۆ جارێکی دیکە ماشێنی تێرۆری کۆماری ئیسلامی جیدیتر لە هەمیشە ئازادیخوازانی کورد و بەتایبەتی تێکۆشەرانی دێموکراتیان کردە ئامانج و لە پووشپەڕی زامدا جارێکی دیکە زامێکی دیکەی خستە نێو دڵی نیشتمانپەروەران.

مانگی پووشپەڕ وێڕای هەموو زامەکانی هەڵگری کۆمەڵە وانەیەکە بۆ بەردەوامیی خەبات و تێکۆشان و لە هەمووشی گرینگتر بۆ سەرکەوتن دەبێ لە بەرچاو بگرین:

یەکەم وانە، وانەی دڵڕەقی داگیرکەری کوردستان دەسەڵاتی ناوەندیی تارانە کە بە درێژای مێژوو بۆ پەکخستنی بزاڤی ڕەوای ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ناجوامێرانەترین شێواز کەڵکی وەرگرتووە و لە داهاتووش وەردەگرێ بۆ ئەوەی کورد بە مافەکانی نەگات. کەواتە پووشپەڕ وانەیە بۆوەی بزانین تاران بە دانوستاندن نا، بە هێز چۆک دادەدات و کوردستان و کورد بە ئامانج دەگەن.

دووەم وانە کە لە پووشپەڕدا بۆ جارێکی دیکە سەلماوە، خۆڕاگری و بەردەوامیی ئازادیخوازی کوردە، واتە لە بەرانبەر هەموو جینایەتەکانی ڕێژیمی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ نەهێشتنی کورد گرتویەتە بەر، کوردیش خۆڕاگر وەک هەمیشە، ئەگەر بە ئامانجی کۆتایی خۆی واتە ئازادییش نەگەیشتبێت؛ بەڵام بۆ ئازادی ژیاوە و نەیهێشتووە خەیاڵی داگیرکەر لە پیلانگیڕییەکانی لە کوردستان ئاسودە بێت.

سێیەم وانە، دووپاتبوونەوەی ئەو ڕاستییەیە کە "نامرن ئەوانە وا لە دڵی میلەتا دەژین" و ئەوانەش لە دڵی میللەتا جێ دەگرن کە خەبات دەکەن بۆ ئازادی. ئەمڕۆ یاد و ناوی شەهیدان نەک لەبیر نەکراون، بەڵکوو ناوی ئەوانە بۆتە دروشمی جیلی نوێ و گوێی داگیرکەری پێ کەڕ دەکات و ئەو ڕاستییە دەڵێ کە ئەوان بە تیرۆرکردن و نەهێشتنی ڕێبەرانی ئێمە بە ئاکام ناگەن و نەگەیشتوون. چونکە ئەگەر ڕێبەرانی ئێمە بە جەستەش نەمابێ بە هزر و بە ڕامان زیندوون و ڕێ‌نیشاندەرن.

ئەمڕۆ ڕێبوارانی ڕێگای شەهیدان و نەمر دکتور قاسملوو شۆڕشێکی پان و بەرین و پێشکەووتویان وەڕێ خستوە کە بۆتە چقڵی چاوی دوژمن و توانیویەتی ئەو ڕاستییە دەربخات کە کورد بۆ ئازادیخوازی پێشەنگە. لە پێشەنگی گرینگتریش ئەو شۆڕشە هەڵگری هەموو ئەو چەمکانە بوو کە دوکتور قاسملووی نەمر خەباتی بۆ کردبوو، تیئوریزەی کردبوو، و لە پڕاکتیکدا هەوڵی جێخستنی دابوو.

شۆڕش بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ناسرا کە دەکرێ لە وانەکانی دوکتور قاسملوودا لەبارەی ژن، یەکسانی و خەبات بۆ مافی ژیان، واتە گرینگیدان بە جوانییەکانی ژیان کە هەبوونی ئازادی بەرهەم دێنێ، بیانخوێنینەوە. داوا و داخوازیی ئەو شۆڕشە ئەو داخوازییەی دوکتور قاسملوومان وەبیر دێنێتەوە کە دژی هەموو هەڵاواردنێک بوو، لە هەمووشی گرینگتر دیسان پەیامی ئاشتی لە کوردستانەکەی دکتور قاسملوو سەری هەڵدا و داوای هاوخەباتی گەلە بندەستەکانی کرد.

لە کۆتاییدا و لە هەموو وانەکانی دیکە گرینگتر ئەوەیە تێرۆر ناتوانێ پێش بە خەباتی گەلێک بگرێ کە بۆ ئازادی خەبات دەکات، بەڵکوو شێلگیرتری دەکات بۆ ئەوەی بەردەوامی بە خەبات بدات. داگیرکەران نایانهەوێ ئەو وانەیە وەربگرن، بۆیە بەردەوامن لە تێرۆر، هەربۆیە بە هەموو شێوەیەک پێویستە درێژە بدرێ بەو خەباتە ڕەوایە و بە بەهێزی پێش بە تێرۆری ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بگرین و ماف و ئازادییەکانی خۆمان بەدی بێنین.